بەمەبەستی راییكردنی خێرای خزمەگوزاریی كارەبا، بۆ پەیوەندی هاوڵاتیان لە دەڤەری راپەڕین، هێڵێكی گەرم دانرا كە «24» سەعات كراوە دەبێت.
لەم بارەیەوە ئەندازیار «عەلی محەمەد» بەڕێوەبەری گشتی كارەبای راپەڕین، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند؛ دوای دانانی پێوەری زیرەك لە دەڤەری راپەڕین، هێڵێكی گەرم دانرا كە هاوڵاتیان دەتوانن بۆ وەڵامی خێرا و لێدانەوەی كارەبای ماڵەكانییان سودی لێ وەربگرن.
بەڕێوەبەری گشتی كارەبای راپەڕین ئاماژەی بە ئاماری بەشی ئایتی بەڕێوەبەرایەتییەكەشی كرد كە رۆژانە پەیوەندی هاوڵاتیان بۆ هێڵی گەرم، كەمتر بۆتەوە بە بەراورد بە سەرەتای دانانی پێوەری زیرەك.
رایگەیاند: كە بۆ مانگی ئایاری ساڵی 2025، تەنها «1333» هەزار و سێسەد و سی و سێ پەیوەندی وەڵام دراوەتەوە،كە كەمترین پەیوەندی لە رۆژێكدا (23) پەیوەندی بووە و زۆرترین پەیوەندییش «66» پەیوەندیی بووە.
بەڕێوەبەری گشتی كارەبای راپەڕین وتیشی؛ جگە لەو هێڵەش ئەگەر هاوڵاتیان گرفتی چاكسازیی»صیانە» یاخود كێشەیان لە گۆڕە»محەویلە» و بۆردەكان هەبوو، دەتوانن پەیوەندی بە تیمە جیاوازەكانی چاكسازییەوە بكەن و لە كەمترین ماوەدا بە دەنگ داواكارییەكانەوە دەچین.