هەرجارە و ناساندنی پێگەیەک

( ئامادەیی هەژین لە قەڵادزێ) ناوەندێک بۆ پەروەردە و زانست و رۆشنبیریی

12:07 - 2025-06-02
دووتوێ
73 جار خوێندراوەتەوە

خدر ئیبراهیم

بەرجەستەکردنی کردەی پەروەردە و فێرکردن لە چوارچێوەی پرۆسەی خوێندندا کە وەک میکانیزم و پرەنسیپێکی جێگیر لەلایەن کارەکتەرە سەرەکییەکانی پەروەردە و فێرکردنەوە بە جددیەوە کاری لەسەر دەکرێت و بەهەند وەردەگیرێت، هەروەها بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە ناوەندەکانی خوێندن وەک ماڵی دووەمی خوێندکاران پێوانەیان بۆ دەکرێت و تیایدا لەپەنای بەدەستهێنانی توانستی نووسین و خوێندنەوەدا، درێژە بە وەرگرتن و فێربوونی ئەو وانە مۆراڵی و کەلتوری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییانەش دەدەن کە لە خێزاندا وەک ماڵی یەکەم بە بنەما سەرەتاییەکانیان ئاشنابوون و بەبێ هەبوونی ئەوان، ناتوانن لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ ئەوانی دیدا هەڵبکەن یاخود بە دروستی مومارەسەی ژیانیان بکەن.
هەڵبەت لە ئەمڕۆدا کە دنیای نوێ هەژموونێکی گەورەی بەسەر تەواوی مرۆڤەکانی کۆمەڵگەدا کردووە و بەدەگمەن کەسێک هەیە، گەورە بێت یان بچووک، بە داهێنراو و پێدراوەکان بارگاوی نەبووبێت، سەرباری ئەو دوو پێدراوە کە لە پەروەردە و فێرکردندا بەرجەستە بووە، ئەرکێکی دیکەش دەکەوێتە سەرشانی کارەکتەرەکانی پەروەردە و فێرکردن لە قوتابخانە و خوێندنگەکاندا، ئەویش ئەوەیە کە گرنگە بە بەرنامە کار لەسەر ئەو بوارانە بکەن مرۆڤی سەردەم نیازی هەیە، چ جای خوێندکاران کە بەهۆی ئەوەی لە تەمەنێکی بەراییدان و ئەزموونێکی کەمیان هەیە، زۆرتر لەئەوانی دی نیازیان پێی هەیە. 
بەشێک لەو بوارە گرنگ و زیندووانەش لایەنی رۆشنبیریی و تەکنۆلۆژیی و هونەریی دەگرێتەوە، پیادەکردنی کردەیەکی لەو جۆرە، جگە لەوەی وا دەکات خوێندکاران بەو بوارانە ئاشنابکرێن و بەشێوەیەکی ئەکادیمی لێی بەهرەمەندببن، هاوکاتیش دەبێتەهۆی ئەوەی فەزایەکیان لەبەردەمدا ئاوەڵا بکرێت، تیایدا بتوانن لەپەنای وەرگرتن و فێربوونی داتاکانی پەروەردە و فێرکردندا، تەعبیر لە بەهرە و توانا شاراوەکانی خۆیان بکەن و لەسەر ئەرزی واقیع نیشانی بدەن، ئەمەش جگە لەوەی کۆمەکیان پێدەکات پەرە بە خولیا و ئارەزووە رۆشنبیری و زانستی و هونەرییەکانیان بدەن، لەهەمانکاتدا جۆرێک لە خود سەلماندنیشیان بۆ دەستەبەر دەکات کە لێیەوە توانستی باوەڕبەخۆبوونیان بەرزتر ببێتەوە و هەستیش بەوە بکەن لە ژینگەی خوێندنگە و ژیانی کۆمەڵایەتیدا بوونێکی فیزیکی گرنگیان هەیە و بەهرە و تواناکانیان لەلایەن کارەکتەرەکانی ناو پرۆسەی پەروەردە و فێرکردەوە بەهەنددەگیرێت و پشتگیری دەکرێت.
جێگەی خۆشحالییە لەگەڵ ئەوەی چەند ساڵێکی کەمە «خوێندنگەی ئامادەیی هەژین» لە شاری قەڵادزێ کراوەتەوە، بەڵام بە هەوڵ و خەمخۆری دەستەی کارگێری خوێندنگە و ستافی مامۆستایان توانیویانە هاوسەنگییەکی ئەرێنی لەنێوان پێدراوە پەروەردەیی و زانستی و رۆشنبیری و هونەری و وەرزشییەکاندا بهێننەکایەوە، لەو رێگەیەشەوە رایەڵەی خوێندکار بە ناوەندی خوێندنەوە بەشێوازێکی خوازراو ئاڕاستە بکەن.
خەمخۆری و لەخۆبووردەیی کارەکتەرە سەرەکییەکانی ناو ئەو ناوەندە پەروەردەیی و فێرکارییە، بەتایبەت لەڕووی هونەری وانەوتنەوە و گەیاندنی داتای زانیارییەکان بە خوێندکار لە پۆلدا وایکردووە زۆر لە خوێندکارەکانی لە دواساڵی خوێندنی قۆناغی ئامادەییدا بە ئاستێکی بەرز تاقیکردنەوەکانی بە کالۆریا ببڕن و لە کۆلێژە گرنگ و ئاست بەرزەکان وەربگیرێن. هاوکات لەڕووی پەروەردەییشەوە، هەوڵ و کۆششی بێوچانیان بۆ پێشکەشکردنی پەروەردەییەکی جوان و چاودێریکردنیان و دڵنەواییکردن و هاندانیان بەدیوێکی ئەرینی و بنیاتنەرانەدا، بۆتەهۆی ئەوەی کە کەمترین بەریەککەوتن و یاخیبوونی خوێندکار لەئاست یەکتری، یاخود  لەئاست دەستەی کارگێری و مامۆستاکانیاندا دروستببێت. لەهەمانکاتیشدا بۆتەهۆی رەزامەندی زۆرینەی کەسوکاری خوێندکاران بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن و لە کاتی پێویستدا لە پشتگیری ئەوان بەهرەمەندببن.
تەرخانکردنی جێگە و شوێنی تایبەت بۆ پراکتیزەکردنی وانە کردارییەکان و سازکردنی کۆڕ و سیمینار لەماوەی وەرزەکانی خوێندندا و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی خوێندنگە بە سەدان کتێبی بەسوود و سازکردنی گەشتی زانستی و فەرهەنگی بۆ خوێندکاران و بەڕێوەبردنی خوولی وەرزشی و بەشداریکردن لە چالاکییە هونەرییەکانی تایبەت بە ناوەندەکانی خوێندن و بڵاوکردنەوەی گۆڤارێکی ساڵانە لەژێر ناوی «پێنووسەکانی هەژین» دا کە بابەت و نووسراوی مامۆستایان و خوێندکارانی خوێندنگەکەی تیادا بڵاودەکرێتەوە، لە نموونەی ئەو کار و چالاکییانەن لەو خوێندنگەیدا بە وردی کاریان لەسەر کراوە و هێشتا بەردەوامیان پێدەدرێت.
سەرباری ئەو کار و چالاکییە بەردەوامانە کە لە کۆشش و خۆبووردوویان تیادا دەبینرێت، بەڵام هێشتا خوێندنگەکە نیازی بەوەیە  زیاتر ئاوڕی لێبدرێتەوە، بەتایبەت لەڕووی زیاتر سەوزکردنی ژینگەکەیی و دابینکردنی میلاک و نۆژەنکردنەوەی بیناکەیەوە. هەروەها هەقی خۆشییەتی دام و دەزگا پەروەردەییەکانی شار و دەڤەرەکە هەوڵ و کۆششی بەردەوامی دەستەی کارگێری و مامۆستا خەمخۆر و دڵسۆزەکانی ئەو خوێندنگەیە لەبەرچاو بگرن و لە رێزلێنان بێبەشیان نەکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان