لامین یامال له‌نێوان تۆمه‌ت و گێچه‌ڵدا

12:50 - 2025-06-24
وەرزش
18 جار خوێندراوەتەوە

هه‌وراز كاوه

لامین یامال وەرزێکی سەرسوڕهێنەری لەگەڵ بارسیلۆنا بەسەر برد، توانی لالیگا و جامی شا و جامی سوپەری ئیسپانیا لەگەڵ یانەکەی بەرزبکاتەوە،  ئەمە جگە لەوەی لە چامپیۆنس لیگیشدا تا یاریی پێشکۆتایی رۆیشتن، لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکانیشدا  18 گۆڵی کردووە و 25 گۆڵیشی دروستکردووە.
بەڵام لە دەرەوەی یاریگا سەوزەکاندا، کلۆدیا پاڤێڵی خانمە مۆدێل، بانگەشەی ئەوە دەکات، کە یامال هەوڵیداوە چاوی پێی بکەوێت و لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە نزیکەی هەزار نامەی بۆ ناردووە. لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی مارکا، کلۆدیا بە توندی رەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەکی بە لامین یامالەوە هەبێت، بەڵام وتی؛ بۆ یەکەمجار لە رێگەی واتسئەپەوە پەیوەندیی پێوەکردووە، کلۆدیا جەختی لەوە کردەوە کە یامال پێشنیاری کردووە بەشداری لەو ئاهەنگانەدا بکات، کە ڕێکیدەخات، ئەمە جگە لەوەی پەیامی نووسراو و دەنگیی بۆ ناردووە و داوای لێدەکات پەیوەندیی له‌گه‌ڵدا دروست بكات.
کلۆدیا لەو بارەیەوە دەڵێت؛ هەرگیز به‌وه‌ قایل نەبووم، چونکە نامەوێت لەگەڵ هەرزەکارێکدا هاوڕێیەتی بکەم، وتیشی ژمارەیەکی زۆر تۆماری دەنگیم هەیە، کە دەتوانم بڵاویان بکەمەوە، تێیاندا داوام لێدەکات بچمە ئەو شوێنەی کە لێی دەژی، بەڵام من بە هۆکاری ئەخلاقی و یاسایی ئەو پێشنیارەم ڕەتکردەوە. جگە لەوەش یامال تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لەم دواییانەدا هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لێ کردووە، ئەگەر هەر شتێکی پەیوەندیدار بە پەیوەندییەکەی نێوانیان، یان ئەو پەیامانەی کە بۆی ناردووە بڵاوبکاتەوە.
لەلای خۆیەوە لامین ئەم تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت؛ هەرگیز پاڤێلی نەبینیوە، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە دایکی ڕێگە بە ژنان نادات بچنە ناو ماڵەکەیان و دەشڵێت لە ژیانمدا ئه‌وم نەبینیوە، بەڵام ئه‌و كچه‌ مۆدێلە وەڵامی ئەو بەشەی دایەوە و دەڵیت؛ ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات، کە لەگەڵ دایکیدا دەژی، بەڵام لە راستیدا، بە تەنیا دەژی، هەرچەندە یا‌مال پێداگری لەسەر ئەوە ده‌کرد کە چاوی پێم بکەوێت، به‌ڵام هەرگیز ئەوەم نەکرد لە بۆنه‌كاندا نه‌بێت.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەڕێزەوە داوا دەکەم پەیامە سووکایەتی و ناوزڕاندنەکان بوەستن، من هەرگیز پەیوەندیم لەگەڵ هەرزەکاردا نەبووە، هەرگیز کۆبوونەوەیەکیشم لەگەڵیدا ڕێک نەخستووە و تەنانەت هیچ پلانێکیشم بۆ ئەو شتانە نییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان