خەسرەو گورون؛ یەکێتیی تۆپی پێی عیراق خاوەنی بڕیارەکانی خۆی نەبوو

02:04 - 2025-06-24
وەرزش
17 جار خوێندراوەتەوە
# خەسرەو گورون

تیپی یانەی سلێمانی، لە یاریی قۆناغی 8 تیپیی خولی پلە سێی یانەكانی عیراقەوە نەیتوانی بگاتە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین و لە نێو یاریگا و هاندەرانی خۆیدا 0-1 بە یانەی ئەكادی ناسرییە دۆڕا، بەوەش لە سەركەوتن بۆ خولی پلە دووی یانەكانی عیراق بێ بەش بوو.
بۆ ئەم ئەنجامە و ئەم سەرنەكەوتنەی تیپی یانەی سلێمانی بۆ خولی پلە دووی یانەكانی عیراق، خەسرەو گورون راوێژكاری تۆپی پێی یانەی سلێمانی، لە وەڵامی چەند پرسیارێكی ستادیۆمدا سەرەتا وتی: لە یارییەكەماندا بەرامبەر بە یانەی ئەكاد، ئێمە بەدرێژایی یارییەكە كۆنترۆڵی یارییمان كردبوو، سێ تۆپمان بەر ستون و شیشەكانی گۆڵ كەوتووە، پەنالتییەكی روونمان هەبوو ناوبژیوان حسابی نەكرد، چەندین هەلی گۆڵكردنمان لەدەستدا، بەڵام تیپی بەرامبەر بە تەنیا یەك هەل توانی تاكە گۆڵەكەی خۆی بكات و بەوشێوەیە یارییەكەیان لێبردینەوە.
سەبارەت بەتیمی راهێنانی تیمەكەشیان، وتی: بۆ ئەم وەرزە تیمێكی راهێنانی نوێمان هەبوو كە هەریم بورهان راهێنەری تیپەكە بوو، 17 یاریزانی نوێمان لە یانەكانی كوردستانەوە بۆ تیپەكەی ئەمساڵمان هێنابوو، پارەیەكی زۆرمان بۆ تیپەكە تەرخان كردبوو، نزیكەی 30 ملیۆن دینارمان موچە بەیاریزان داوە، جگەلە موچەی راهێنەر و ستافی راهێنان، ماوەی چەند ساڵێكە بەمشێوەیە خەرجیمان بۆ تیپەكە تەرخان نەكردبوو.
سەبارەت بە یەكێتی تۆپی پێی عیراق و لیژنەی ناوبژیوانانی عیراقیش ئەوەی پێووتین كە سەرەتا هەر لە تەعلیمات و رێنمایی بەڕێوەبردنی خولەكەوە سەرپێچی لە تەعلیمات و رێنماییەكان كرا، بۆنمونە دەبوو سەرەتا 15 تیپ یارییەكانی قۆناغی كۆتاییان بكردایە، بەڵام لەوە پەشمیان بوونەوە و لەبەر گوشاری یانەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق لەو رێنماییە پەشیمان بوونەوە و تیپەكانیان زیاد كرد بۆ 20 تیپ، بڕیاریش وابوو یەكەمی چوار گروپەكە راستەوخۆ بۆ خولی پلە دوو سەربكەون كە ئێمە یەكەمی گروپی چوارەم بووین، بەڵام بەبێ ئاگادار كردنەوەی یانە كوردییەكان (سلێمانی و سیروانی نوێی و ئارارات) بەرنامەكەیان گۆڕی و یەكەمەكانیش لەگەڵ دووەمەكان خرانە قۆناغی 8 تیپی و ئەمەش زیانی زۆری لێداین.
هەر سەبارەت بە سەرپێچییەكانی یەكێتیی تۆپی پێی عیراق كە زیانی زۆری بە تیپی یانەی سلێمانی گەیاند، لە سەرپێچییەكی تردا كە ئێمە زیانی زۆرمان لێكرد، ئەوەبوو بۆ یارییەكەمان بەرامبەر یانەی ئەكاد، بڕیار درابوو ناوبژیوانانی یارییەكە لەكەركوك بن، هەرواش بوو بەڵام سەعات 10 ی شەو بە دەست تێوەردانی یانەی ئەكاد ناوبژیوانانیان گۆڕی و ناوبژیوانان لە موسڵەوە هاتن و ئەوان رۆڵی خراپیان لە ئەنجامی یارییەكەدا بینی بە تایبەتی لە حساب نەكردنی پەنالتییەكی روونی ئێمەدا.
لەكۆتاییدا خەسرەو گورون ئەوەی پێ وتین؛ بەم نزیكانە دەستەی كارگێڕی یانەكەمان كۆبوونەوەی خۆی دەكات و بڕیار لە بەردەوامی تیپەكەمان دەدەین و رەنگە لە خولی پلە یەكی كوردستان بەشداریی بكەین، چونكە پار بەڕەسمی و بە رەزامەندی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان لەو خولە یارییكردنمان راگرتبوو، بۆ خولی عیراقیش رەنگە وەرزی ئایندە لە قۆناغی 8 تیپییەوە بەشداریی بکەین بە پێی بڕیاری یەكێتیی تۆپی پێی عیراق ئەگەر لە رێنماییەكەیان پەشیمان نەبنەوە.
دواجار ئەمساڵ یانەی سلێمانی نەیتوانی لە خولی پلە سێ دەرباز ببێت و بگاتە خولی پلە دووی یانەكانی عیراق، وەرزی داهاتووش دەبێت هەمان تاقیكردنەوە بكاتەوە و نازانین ئەم تیپە كەی دەگاتە خولێكی دڵخۆشكەر كە هاندەران و یانەی سلێمانی ئاشت بكاتەوە.

      تیپی تۆپی پێی سلێمانی  

هەرێم  بورهان راهێنەری یانەی سلێمانی 

بابەتە پەیوەندیدارەکان