تۆڕی "CNN"ـی ئەمریکا لەبارەی شێوازی کارکردنی تەکنەلۆجیای زیرەکیی دەستکردەوە بڵاویکردووەتەوە، کاتێک پرسیارێکی سادە ئاڕاستەی رۆبۆتێکی زیرەکیی دەستکردی وەک "چات جی پی تی" دەکرێت، لەپشتی پەردەوە پڕۆسەیەکی ئاڵۆز لە ناوەندێکی گەورەی داتاکاندا بەڕێوەدەچێت، کە زۆربەی کات قەبارەکەی هێندەی یاریگایەکی تۆپی پێیە؛ بەپێی بەدواداچوونی پەیمانگەی توێژینەوەی وزە و کارەبای ئەمریکا، ئەو سوپەرکۆمپیوتەرانەی وەڵامی پرسیارەکان دەدەنەوە 10 هێندەی گەڕانی پێگەی "گووگڵ" وزەیان پێویستە.
تیمێک لە توێژەرانی ناوەندێکی زانستیی ئەڵمانیا، لە ئەنجامی تاقیکردنەوەی 14 سیستمی زیرەکیی دەستکرد بۆیان دەرکەوتووە، هەتا وەڵامی پرسیارەکان ئاڵۆزتر و چڕوپرتر بن، لەگەڵیدا دەردانی رێژەی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆنیش زیاتر دەبێت.
بەپێی توێژینەوەکان، مەزەندە دەکرێت ناوەندی داتاکانی زیرەکیی دەستکرد، لە رۆژێکدا 100 بۆ 500 هەزار کیلۆگرام دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەربدەن، جگە لەوەش، ناوەندی داتاکان پێویستیان بە ساردکردنەوەی بەردەوامە و دەرکەوتووە بۆ وەڵامدانەوەی هەر داواکارییەک، "چات جی پی تی" بڕی نیو بۆ یەک لیتر ئاو بەفیڕۆ بدات،
توێژینەوەیەکیش ئاماژە بەوە دەکات، بڕی ئاوی بەکارهێناوی "چات جی پی تی" لە سەرانسەری جیهاندا، لە رۆژێکدا 700 هەزار لیتر ئاو تێدەپەڕێنێت، مەزەندەش دەکرێت تەواوی پلاتفۆرمەکانی زیرەکیی دەستکرد لە رۆژێکدا ملیۆنان لیتر ئاو بەکاربهێنن.