دەرباز کۆسرەت رەسوڵ عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایدەگەیەنێت: "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆئەوەی گرفتی مووچە بەشێوەیەکی ریشەیی چارەسەربکرێت، چونکە گوزەرانی هاووڵاتیان لەوپەڕی خراپیدایە و خەڵک ماندووە لەم دۆخە چەقبەستووە".
ئەم وتەیەی دەرباز کۆسرەت رەسوڵ عەلی لە میانی دیدارێکیدا بوو لەگەڵ لە پاتریك دورێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عیراق و یان برێم كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی لە هەولێر بەڕێوەچوو.
لەو دیدارەدا، بیروڕا لەبارەی دوا پێشهاتەكانی ناوچەكەو باردۆخی سیاسی و ئاڵنگارییەکان ئاڵوگۆڕکرا. هەروەک گرفتی مووچە و کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق گفتوگۆی لەبارەوەکراوە و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ رایگەیاندووە: "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆئەوەی گرفتی مووچە بەشێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکرێت، چونکە گوزەرانی هاووڵاتیان لەوپەڕی خراپیدایە و خەڵک ماندووە لەم دۆخە چەقبەستووە".
گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی پێکهێنانی کابینەی 10ی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنەكانی مانگی نۆڤەمبەری داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، تەوەرێکی تری دیدارەکەبووە.