جووتیارانی شارەزوور هاوكاریی ناكرێن بەرهەمی جۆ زیادبكەن

11:44 - 2025-07-06
کوردستان
46 جار خوێندراوەتەوە

جووتیارانی سنووری قەزای شارەزوور گلەیی دەكەن كە هاوكاریی ناكرێن بۆ ئەوەی بەرهەمی جۆ زیادبكەن، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سنوورەكەش تەئكیددەكاتەوە كە بەشێكی زۆر كەمی جووتیاران جۆ دادەچێنن.
خەسرەو محەمەد جووتیاری نموونەیی، پێیوتین: جووتیاران لە سنووری شارەزوور لە ساڵانی رابردوودا بەشێكی زەوییەكانیان بە بەرهەمی جۆ دادەچاند، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی هیچ هاوكارییەك ناكرێن، زیاتر زەوییەكانیان بە گەنم دەچێنن، وتیشی: یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی بەرهەمی جۆ ئەوەیە ئاژەڵداریی وەك جاران نەماوە و ئێستا خەڵكی گوندەكان یان سەرقاڵی باخدارین، یان دامەزراون و وازیان لە بەخێوكردنی مەڕوماڵات هێناوە، ئەگەر هەشیان بێت ژمارەیەكی زۆر كەم مەڕ و بزن و ئاژەڵی گەورەیان هەیە و پێویستیان بە بڕێكی زۆر كەم جۆ و كا هەیە بۆ زستانی ئاژەڵەكانیان.
سەرچڵ جەباری خاوەن ئاژەڵیش، دەڵێت: جۆ و كای جۆ كەمبووەتەوە و لە بازاڕدا زۆر گران بووە، ئەوەش بارگرانیی زۆر لەسەر شانی ئاژەڵداران دروستدەكات و وادەكات واز لە ئاژەڵداری بهێنرێت، بۆیە دەبێت حكومەت چارەسەری بۆ ئەوە هەبێت.
وەرزێر نەجمەدین خاوەن نووسینگەی كشتوكاڵی، پێیڕاگەیاندین: بەهۆی زۆریی هاوردەكردنی جۆوە، بەرهەمی ناوخۆ سەرف نابێت و پارە ناكات، ئەوەش هۆكارێكی سەرەكییە كە جووتیارەكان زەوییەكانیان بە بەرهەمی دانەوێڵەی جۆ ناچێنن و نزیكە لەوەی بەتەواوی بەرهەم نەهێنرێت.
فەرەیدون قادر بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شارەزووریش بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: جووتیاران هیچ هاوكارییەك ناكرێن كاتێك بیانەوێت دانەوێڵەی جۆ بچێنن، وتیشی: كەمترین رووبەری زەوی بە جۆ دەچێنرێت لە سنووری قەزاكەدا، هێندە كەمە هیچ ئامارێكی لەسەر وەرناگیرێت.

شارەزوور، محەمەد عەبدولڕەحمان

بابەتە پەیوەندیدارەکان