ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە ڕێوڕەسمێکدا لە پارکی هەواری شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و دکتۆر سەڵاح، نوێنەری رێکخراوی فاو لە عیراق و دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، بەردی بناغەی پڕۆژەی جین بانکی دانا.
جین بانک پرۆژەیەکی گرنگیی ستراتیژی گەشتوکاڵییە و بودجەکەی لەلایەن رێکخراوی فاوەوە دابین کراوە. پرۆژەکە لەسەر رووبەری ١٠٠ دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت بە ئامانجی کۆکردنەوە و پاراستنی بنەتۆ و رەگەز و وەچەی ئەو رووەک و ئاژەڵ و زیندەوەرانەی کە مۆرکی رەسەنی کوردستانی و عیراقیان پێوەیە.
لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا ناوەندێکی زانستیش دادەمەزرێت بۆ توێژینەوە لەسەر رووەک و ئاژەڵ و زیندەوەرەکان و چۆنییەتی پاراستنیان و ژمارەیەکی بەرچاویش هەلی کار بۆ پسپۆڕانی بوارەکە دەڕەخسێنێت.