لە رووداوێكی دڵتەزێندا و بەكارەساتی ئۆتۆمبێل، دییگۆ جۆتای پورتوگالی و یاریزانی یانەی لیڤەرپوڵ و ئەندرییە سیلڤای برای كۆچی دواییانكرد.
كارەساتەكە ناوەندی وەرزشیی جیهانی هەژاند، هەمووانی توشی شۆك كرد، رۆژنامەی ریكۆردی پورتوگالی نووسیویەتی: هەرگیز بەتەنیا نەرۆیشتویت، یانەی لیڤەرپوڵ بڕیاریداوە بۆندەكەت كە هێشتا دووساڵی لەگەڵ ئەو یانەیە ماوە، وەك خۆی بڕوات و بەبێ هیچ كێشەیەك پشتگیریی خێزانەكەت دەكات.
سلۆت-ی راهێنەری لیڤەرپوڵیش دەڵێت: جۆتا هەرتەنها یاریزان نەبوو، خۆشەویستی هەمووان بوو، كارەكانی باش رادەپەڕاند، گەوهەری یانەی لیڤەرپوڵ بوو.
سایتی (PT) یش نووسیویەتی: جۆتا تەنیا یاریزانێك نەبوو هەر گۆڵ بكات، بەڵكو پیاوی خێزانەكەشی بوو، تازە و تەنیا دوو هەفتە پێش كارەساتەكە، لەگەڵ رۆتی خۆشەویستی سەردەمی منداڵی خۆیدا ژیانی هاوسەرییان پێكەوەنابوو، ئەو پاش ئەو نەشتەرگەرییە، كە لە ئیسپانیا و لە سیدا بۆی كرابوو، لەرێگەی گەڕانەوەیدا بۆ مێرسیساید بەڕێگای وشكانیدا دەگەڕایەوە بۆ پورتوگال، ئەمەش لەبەر ئەوەی پزیشكەكانی پێیان ووتبوو دەبێت بە ئۆتۆمبێل بگەڕێیتەوە پورتوگال.
بۆ كارەساتەكە و گیان لەدەستدانی جۆتا، یانەی لیڤەرپوڵ ئاڵای یانەكەی داگرت، هەرچی یارییەكانی مۆندیالی یانەكان و یۆرۆی خانمان و زۆربەی یارییەكانی تۆپی پێیە لە جیهاندا، دەقیقەیەك وەك وەفاداریی بۆ گیانی پاكی دەوەستن، زۆربەی یاریزانە جهیانییەكان خەمبارن بۆی، بۆ نموونە جواو كانسیلۆی پورتوگالی و یاریزان یانەی هیلال، بە ئاشكرا بۆی دەگریا، لەبەردەم بارەگای یانەكەیدا و لەبەر دەم ئەو وێنەیەی جۆتا كە دانراوە، رۆژانە چەپكە گوڵی وەفای بۆ دادەنرێت.
دییگۆ جۆتا
*4/12/1996 لە شاری پۆرتۆی پورتوگال لە دایكبووە.
*هێرشبەری هەڵبژاردەی پورتوگال و یانەی لیڤەرپوڵ بوو.
*باڵای 176 سانتیمەتر بووە.
*خێزاندار بووە و 3 منداڵی هەبوو.
*لە ساڵی 2019 –ەوە یاریزانی هەڵبژاردەی پورتوگال بووە.
*سەرەتا لەیانەی باسۆش دی ڤیێراوە هاتۆتە جیهانی ئیحتیرافییەوە.
*دواتر بۆ یانەكانی پۆرتۆ-1 ساڵ، ئەتلەتیكۆ مەدرید- 2 ساڵ، وڵڤەر هامپتۆن 2 ساڵ، یاریی كردووە و لە ساڵی 2020 –ەوە چۆتە یانەی لیڤەرپوڵ.
*رۆژی 3/7/2025 بەكارەساتی ئۆتۆمبێل لە ئیسپانیا كۆچی دواییكرد.