خالید سەرکار
لە هونەری میوزیک و گۆرانیی خۆرهەڵاتیدا (مەقام) جێگای تایبەتی خۆی هەیە، هەر لەکۆنەوە میللەتانی جیهان گرنگییان پێداوە و پاراستویانە و بەئەرشیفیان کردوون. دیارە مەقام ناسنامەی رەسەنایەتی میوزیکی میللییانە، میللەتی کوردیش لە دێرەزەمانەوە خاوەنی مەقامی خۆی بووە لە هونەر و میوزیک و گۆرانیدا.
بەهۆی گەورەیی و فراوانیی کوردستان و بوونی چەندەها دیالۆک لە زمانی کوردیدا و جیاوازیی ناوچەگەری، چەندین مەقام لەناو جەرگەی میللەت و خەڵکەکەیدا دروست بوون و زۆر لە مەقامبێژان دەرکەوتن و دەماودەم وەریانگرتووە.
دیارە هەر ناوچەیەک و تایبەتمەندیی خۆی هەیە و مەقامی خۆی هەیە، وابەستە بە ئاستی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و جوگرافیا، هەریەک لەمەقامەکان چیرۆکی خۆی بەدواوەیە و ئەداکردنی مەقامبێژێک بۆ یەکێکی تر زۆرجار گۆڕانکاریی تێدا بووە.
سامانێکی دەوڵەمەند
دیارە ستایلی ئەداکردن لە یەکێکەوە بۆ ئەوەی تر جیاوازیی هەیە و لە تەئلیف و ئەدا و ئیحساسدا بە روونی بە ناوچەکانەوە دیارە.
مەقامەکانی گەرمیان جیاوازی خۆی هەیە لە لاوک و حەیران و سیاچەمانە، ناوچەی سلێمانی و خۆرهەڵاتی کوردستان و باکوور و رۆژئاوا، ئەمە هەمووی دەوڵەمەندیی داوە بە سامانی هونەری نەتەوایەتیمان.
دەربڕینی هەستی مەقامبێژان هەستێکی راستەقینەی دەربڕینی ناخی ئەو دەنگە خۆشەیە تێکەڵ بە هۆنراوەی تایبەت بە خۆی، بەشێوەی (ارتجال) و بێ رەچاوکردنی ریتم، دیارە مێژووی ئەرشیفکردنی میوزیک و گۆرانی کوردی کۆن نییە، بۆ ئەوەش نەبوونی دەوڵەتی کوردی هۆکاری سەرەکی بووە و زۆر لە مەقام و میلۆدی رەسەنی کوردی وڵاتانی تر بردوویانە و ئەرشیفیان کردووە و کردوویانە بە سەرچاوەی هونەریی خۆیان.
بۆچی دەنگخۆشەکانی ئێستا، خولیای مەقامبێژییان نییە؟
جاران لە ساڵانی چل و پەنجاکانی سەدەی رابردوودا، گرنگیدان بە مەقام زۆر باشتر بووە لە ئێستا، ئەوکات ئەدای مەقام لە مەجلیس و دانیشتنە تایبەتەکاندا گوڵی مەجلیس بووە، ئەو ئیحساس و ئەدای مەقامە، ئەیدا بە گوێگرانی، زۆر لەئێحساسی ئەدای بەستە کاریگەرتر بووە.
نازانم بۆچی دەنگخۆشەکانی ئێستا، خولیای ئەدای مەقامیان نییە؟ یان هەوڵی فێربوونیان نەداوە، بۆچی مەقام فەرامۆشکراوە؟
لێرەدا رۆڵی ناوەندی مەقام لە کەرکوک و ساڵانە سازدانی فێستیڤاڵی تایبەت بە مەقام، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستن و ژیانەوەی مەقامی کوردی، گەلێک دەستخۆشییان لێدەکەم و بە هیوای بەردەوامبوونیان، دیارە نووسین لەسەر مەقام زۆر زیاتری دەوێت.