تۆپی رەش، لە کینیا رۆژانە نزیکەی 20 هەزاری لێ دەچێنرێت

09:28 - 2025-07-10
هەمەرەنگ
25 جار خوێندراوەتەوە

دەیان ساڵە حکومەتی کینیا هەوڵدەدات بۆ چاندنەوەی دارستانەکان لە رێگەی ئەو سیستمەی بە تۆپی رەش ناسراوە، چونکە دارستانەکان تەنها 7 %ی رووبەری زەوی کینیا پێکدەهێنن، کە وەک کۆگای ئاو و پارێزەرێکی سروشتی لە دژی بە بیابانبوون کاردەکەن. وەزارەتی ژینگەی کینیا ساڵی 2018 رایگەیاند، کە کینیا ساڵانە پێنج هەزار هێکتار (نزیکەی 12 هەزار دۆنم) دارستان لەدەست دەدات.
لەبەرئەوە لەوێ دەستپێشخەرییەکی ژینگەیی داهێنەرانەیان دەستپێکرد بە ئامانجی دووبارە سەوزکردنەوەی وڵات و فراوانکردنی رووپۆشی دارستانەکان، بە بەکارهێنانی تەکنیکێک کە بە «تۆپی تۆو» ناسراوە، ئەم تەکنیکە پشت بە تۆوی دارەکان دەبەستێت کە لە چینێکی دەوڵەمەند بە کاربۆنی ماددە ئۆرگانیکەکان روپۆش کراون.
ئەم روپۆشە گیراوەیەکی کاریگەرە بۆ پاراستنی تۆوەکان لە مێروو و ئاژەڵان، هەروەها ئاسانکاریی دەکات بۆ چاندنەوەی کاتێک باران دەبارێت.
ئامانج لە بەکارهێنانی «تۆپی رەش» دووبارە سەوزکردنەوەی ئەو ناوچانەیە کە لە ساڵانی رابردوودا ژینگەکەیان شێواوە و دارستانەکانیان کەمبووەتەوە.
کینیا رۆژانە نزیکەی 20 هەزار تۆو دەچێنێت، لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەکەشەوە زیاتر لە 13 ملیۆنیان چاندووە، ئەمەش رەنگدانەوەی پابەندبوونێکی بەرچاوە لەلایەن حکومەت و کۆمەڵگەی کینیاوە بۆ بوژانەوەی دارستانە سروشتییەکان، ئەوەی ئەم دەستپێشخەرییە جیا دەکاتەوە، بەشداریکردنی بەرفراوانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کینیایە، لەوانەش منداڵان، ژنان و جووتیاران جگە لە رێکخراوە جیاواز و گروپە خۆبەخشەکان کە بەرەو یەک ئامانج کاردەکەن ئەویش سەوزکردنی کینیا و پێشخستنی بەردەوامیی ژینگەکەیەتی.
تۆپی رەش
 تۆپــی رەش: شێوازێکـــە بــۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون، کاتێک رێگە بە تۆوەکان دەدات بە خەوتوویی بمێننەوە تا بارودۆخێکی گونجاو بۆ گەشەکردن دەدۆزنەوە.
ئەمــەش دەرفەتێک دەدات بە سروشت بۆ چاکبوونەوە و دووبارە دروستبوونەوەی، جگە لەوەش ئەم سیستمە بە مۆدێلێکی جیهانی دادەنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون و پێشخستنی بەردەوامی ژینگەیی.
سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ وڵاتانی دیکە بۆ وەرگرتنی ئەو شێوازە و توانای کۆمەڵگە ناوخۆییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە ژینگەییەکان و دروستکردنی گۆڕانکاری لە ژینگەی وڵاتەکانیاندا.
ئا: مەعروف مەجید
سەرچاوە. بزنس تراک

بابەتە پەیوەندیدارەکان