ماریا پۆپۆڤا
لە فارسییەوە: مەحمود شێرزاد
کرمێکی ئاوریشم لەسەر قارچکێکی زەبەلاحی (سێر ئالیس)ەوە هاوار دەکا، (تۆ کێی؟)، سێر ئالیس کە هەرگیز بیری لەو پرسیارە نەکردۆتەوە، وەڵامێکی منداڵانە لە جۆری شیعرەکانی (ئێمیلی دیکینسۆن) دەداتەوە: (من کەس نیم، تۆ کێی؟).
لوئیس کارۆل پێش ئەوەی ببێتە نووسەری کتێبی(بەسەرهاتی ئالیس لە نیشتمانی شتە سەیروسەمەرەکاندا)، (چارلز داجسێن)ی لۆژیکناس بوو. لە راستیدا کتێبی نیشتمانی شتە سەیروسەمەرەکانیش، کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی فکریی چروپڕ بوون لەبارەی گۆڕان و سنوورەکانی لۆژیکەوە. کاتێک کرمی ئاوریشم بە ئالیس دەڵێ: لایەکی قارچکەکەی ئەو گەورەتر و لاکەیتر ئەو بچووکتر پیشان دەدا، ئالیس دەچێتە فکرەوە، چۆن دەکرێ شتێکی خڕ (لای) هەبێت، سەری سووڕ دەمێنێ، پێی سەیرە، چۆن دەکرێ شتێکی یەکدەستی دیاریکراو، کاریگەرییەکی ئەوەندە لێکدوور و دژبەیەکی لەسەر شتەکان هەبێت؟!
بەهەرحاڵ لە هەناوی ئەو شانۆگەرییە خەیاڵییەدا، راستییەکی ژینگەیی لەبارەی کەڕووەکانەوە هەیە: ئەو تەنانەی بە لۆژیکی جیاواز هەڵسوکەوت دەکەن، سەر بە یەک هێز و رەوتی یەکدەستن، بەڵام خاوەنی کۆمەڵێک توانای دژبەیەکن، کەڕووی (یاڵ شیر) مێشک وریاتر دەکات، کەڕووی (هەنگوینی) دەتوانێ درەختێکی گەورە لەناوبەرێت، کەڕووی (سەرچوماقی) دەتوانێ میرۆلەیەک وا لێبکات خۆی بکوژێت، کەڕووی (سیلۆسایبین) دەتوانێ مرۆڤ شێت بکات، لەولاشەوە کەڕووی (پنی سیلیۆم) گیانی ملیۆنان کەسی تا ئێستا لە مردن رزگار کردووە، لەحاڵێکدا کەڕووی (ژەنگی رەش) کۆمەڵێک وڵاتی تووشی قات و قڕی کرد و دیمۆگرافی جیهانی دەستکاری کرد.
من لەگەڵ ئالیس و کەڕووەکان و هاوکات لەگەڵ دۆزینەوەی نیشتمانی شتە سەیروسەمەرەکاندا گەورە بووم، دایکم (کە خۆی مرۆڤێکی ئاڵۆز بوو، هەمیشە لە نێوان دوو جەمسەری دژبەیەکی فکرییدا یاریی دەکرد)، بۆی دەرکەوتبوو گەڕان و دۆزینەوە و هەڵکەندنی قارچکەکان زۆر خۆشە. لەبەرئەوە لە کۆتایی هەموو حەوتوویەکدا، پێکەوە دەچووینە ناو لێڕەوارەکانی بولگاریا و چەندین سەعات بۆ قارچک دەگەڕاین، لەهەمان کاتیشدا هەوڵماندەدا لەنێوان دوو دنیای لێکدووری خۆشماندا زمانێکی هاوبەش بدۆزینەوە. لەپڕ بە بریسکەی قارچکێکی زەرد (شانتڕاڵ) کە لەسەر پشتی قەوزەکان پاڵکەوتووە شاگەشکە دەبووین، لەو لاوە بە دۆزینەوەی قارچکێکی خرپن و شەرمنی ناو سنەوبەرەکان و دواتر بە دۆزینەوەی قارچکێکی سەرڕەش کە لە رووخساری حەپەساوی من گەورەتر بوو، سەرسام دەبووین.
ئارامی و ئاسایشی جیهان
ئارامی و ئاسایشی ئەم جیهانە کێوییە لە جیهانە مرۆییەکی من باشتر بوو، پڕ بوو لە سەرسوڕمان. بیرم لەوە دەکردەوە، دەکرێ خۆراکە جۆراوجۆرەکان هاوشێوەی ژەهراوییان هەبێ، لەوێ بۆم دەرکەوت مێشکی ئێمە دەتوانێ لەرێگەی ئەو شتانەوە کە دەیانبینێت، پەی بەو شتانە بەرێت کە لە پشت پەردەن و ئەو ژیانەیان دەرخستووە، بەڵام ئێمە نایانبینین. کەڕووەکان یارمەتیان دەدام، باشتر لە زۆربەی ئەو شتانە تێبگەم کە ژیان خەریک بوو فێری دەکردم، بۆ نموونە، دەکرێ شتێکت خۆش بوێ، بەڵام کوشندە بێ، یان تا شتێکت زیاتر بوێ، لەو شتە زیاتر دەدۆزیتەوە.
دیارە تەنێک نە شانۆگەرییە و نە هێما و ئاماژەیە. هەموو تەنێک وەکو کڵێسایەکی ئاڵۆزە، واتە هەم سەربۆخۆیە و هەم گیرۆدەیە. لەگەڵ ئەوەدا هەزاران ساڵە قارچک و کەڕووەکان لە ئەفسانە و پزیشکی نەریتی ئێمەدا باس دەکرێن و بەکار دەهێنرێن، بەڵام نزیکەی سەدەیەکە بەشێوەیەکی جددی و زانستی کاریان لەسەر دەکەین. یانی لەو کاتەوە (کارل لینە)ی رووەکناسی سویدی، سیستمی پۆلێنکردنی بەناوبانگی خۆی باس کرد و سروشتی بەسەر سێ بەشی رووەکەکان و ئاژەڵەکان و کانزاکاندا دابەش کرد، ئێمە گرنگی زانستی زیاترمان بە قارچک و کەڕووەکان دا.
قارچک و کەڕووەکان
زاناکانی سەردەمی (کارول لینە) زۆر گرنگیان بە قارچک و کەڕووەکان نەدەدا، وەک بەشێک لە جیهانی گیاوگوڵەکان هەژماریان دەکردن. تەنانەت (داروین)یش هیچ ئاماژەیەکی پێنەداون و هەرگیز باسی نەکردوون، کەچی ئەمڕۆ ئێمە دەزانین گوازرانەوەی کەڕووەکان لە دەریاوە بۆ وشکانی، هۆکاری سەرەکیی پەرەسەندنی ژیانی وشکانیین، کەڕووەکان زەوییان سەرسەوز و شێدار کرد و یارمەتی رووەکە ئاوییەکانیاندا، تا بەرە بەرە لەگەڵ ژیانی وشکانی خۆیان بگونجێنن، ئەگەر کەڕووەکان نەبوونایە ئەو رووەکە ئاوییانە نەیاندەتوانی لەڕێگەی ئەو دەمارە سەرەتایی و ناسکانەی کە ئەو کات هەیانبوو، چنگ لە زەوی گیر بکەن و خۆراکی خۆیان لە زەوی وەربگرن.
لەوانەیە بە هەڵکەوت نەبووبێ کە زیندەوەرناسێکی دەریایی بە ناوی (ئێرنێست هاکل)، چەپکەوشەی (ئێکۆلۆژی) رێک لەو ساڵەدا داهێنا کە کتێبی (بەسەرهاتەکانی ئالیس لە نیشتمانی شتە سەیر و سەمەرەکاندا) بڵاوکرایەوە. ئەو زانایە، بەشێکیتری بە ناوی (پڕۆتیستا – سەرەتاییەکان) بە سێ بەشەکەی (کارول لینە)وە زیاد کرد، ئەو بەشە، بەشە سەرەتاییەکەی ژیانە، کە نە گیاوگوڵ و نە ئاژەڵ و نە کانزا بوو، کە دوای ماوەیەکی زۆر لە لێکۆڵینەوە و گومان، کەڕووەکانیشی لەم بەشەدا گونجاند و وتی: کەڕووەکان بەشێکن لەم بەشە سەرەتاییەی ژیان. لە راستیدا نزیکەی سەدەیەکی تری پێچوو (رێک سەدەیەک دوای لەدایکبوونی دایکم) ئێکۆلۆژیستێکی ئەمریکی بە ناوی (رابێرت ڤیتاکر) کەڕووەکانی وەک بەشێکی سەرەکیی پێکهێنەری ژیان هەژمار کرد.
سەدان جۆری کەڕوو
لەناو سەدان جۆری کەڕوو و قارچکدا کە ئەمڕۆ دەیانناسین (بەئەگەری زۆریشەوە ملیۆنان جۆری دیکە هەن، کە تا ئێستا نەماندۆزیونەتەوە و نایانناسین) هەندێ جۆر هەن ئەوەندە ناسکن هەر پەنجەیان بۆ بەری هەڵدەوەرێن، لەحاڵێکدا هەندێ جۆری دیکە هەن، ئەوەندە سەخت و پتەون تەنانەت لە دەرەوەی بەرگەهەوای گۆی زەویش، تابشت دێنن و هیچیان لێنایە. لە لێوارەکانی خۆرئاوای باشووری ئەمریکا، کۆمەڵێکی کەڕوو و قارچک گەشە دەکەن لە ماتماتیک و مەسیح و زۆر شتی تریش بەتەمەنترن. لە کێوەکانی خۆرهەڵاتی ئاسیا قارچکێکی شینی روون گەشە دەکات، بەڵام ئاوێکی نیلی لێدەچۆڕێت. لە لێڕەوارەکانی بەرازیل و ژاپۆنیش قارچکێکی شەوتاو دەڕوێ و شەوان وەک ئەستێرە دەدرەوشێتەوە. لە بەشی گەرمێنی تایوان قارچکێک دەڕوێ، کە کڵاوەکەی لە یەک میلمەتر بچووکترە. لە لێڕەوارە کۆن و چڕەکانی (ئۆرگان)دا قارچکێک دەڕوێ بە تەنیا شوێنێکی بە ئەندازەی هەزار و هەشت سەد گۆڕەپانی یاریی دوو گۆڵی داگیر دەکا، کە ئەو قارچکە گەورەترین بوونەوەری زیندووی سەر زەوییە.
کەڕووەکان و گوڵەکان
بە بێ کەڕووەکان گوڵە جوانەکانی سەر زەوی نەدەبوون، دەنکەکانی گوڵی (ئۆرکیدە) هیچ پاشکەوتێکی وزەیان نییە، تەنیا دەتوانن لە رێگەی پێکەوە ژیان لەگەڵ هەندێ کەڕوودا کاربۆن رابکێشن. لە هەمووان سەیرتر رووەکی تارمایی (مۆنۆتروپا یونیفلور) کە دەڵێی ئێسقانێکی سپییە، (کلرۆفیل)ی نییە، واتە ناتوانێ وەک رووەکەکانی دیکە لە تیشکی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی شەکر کەڵک وەربگرێت. شاعیری ئەمریکی (ئیملی دیکنسۆن) رووەکی تارمایی بە رووەکێکی دەگمەن دەزانی و بە وێنەی ئەو رووەکە بەرگی دوا دیوانی شیعرەکانی رازاندەوە. ناوبراو ئەو گوڵەی بە بوونەوەرێکی سەروو سروشتی دەزانی، چونکە پێیوابوو ئەو رووەکە یاسا سروشتییەکانی خستۆتە ژێر پێیەوە. رووەکی تارمایی بە جێگەی ئەوەی وەک رووەکە سەوزەکان بەرەو رووناکی گەشە بکا، بەرەو قووڵایی و ژێر زەوی و تاریکی دەڕوا تا دەمارە زبرەکانی لە رێگەی کەڕووەکانی ژێرزەوییەوە کە رووەکە سەوزەکان لە رێگەی دەمارەکانیانەوە لە ژێر زەوی بڵاویان دەکەنەوە، خۆراک بەدەست بێنن.
ئەو پەیوەندیی و هاوکاری و پێکەوەژیانە لە هەموو ئێکۆسیستمەکاندا هەیە و کەڕووەکانی کردووە بە کارگەی رستن و چنین کە لەژێرزەویدا خەریکی چینینی تان و پۆی ژیانن. لەوانەیە هەر لەبەرئەوە بووبێ ئەو هەمووە کاتەی پێچوو تا ئێمە بیاندۆزینەوە و لێیان تێبگەین و وەک بەشێکی سەرەکی و سەربەخۆی ژیان پۆلێنیان بکەین. لەوانەشە لە بنەڕەتەوە نەدەبوو ئەوە بکەین و ئەوە هەڵە بێ وەک بەشێکی سەربەخۆ دایانببڕین یان سروشت دابەش بکەین بەسەر جۆرەکاندا. ئەوە کەمێک وەک ئەو شتە بێ مانایانە دەچێت، کە مرۆڤ لە رێگەی رەگەزپەرستی جەنگخوازانە و بیروباوەڕە بێهودەکانییەوە دەیکات، واتە گۆی زەوییەکی یەکدەست و پڕ لە کێو و رووبار و ...هتد بە بێ هیچ لۆژیکێک دابەش دەکات و ژینگە تێکدەدات. لە ژێر پێی هەر جەنگێک لە مێژووی مرۆییدا، جیهانی سەرسوڕهێنەری (میسلیۆمی) بە زیندوویی ماوەتەوە و مردنی کردۆتەوە بە ژیان، تا گوڵی (ئۆرکیدە) و (رووەکی تارمایی) رێک لەو شوێنەدا کە لاشەکان کەوتوون سەر لە خاک بێنەدەرەوە. لە راستیدا کەڕووەکان گۆی زەوییان کردووە بەو گۆی زەوییەی کە ئێستا هەیە و هەر هی ئەوانیش دەبێت. ئەوان پەیڕەوی ژیان نین، بەڵکو ژیان پەیڕەوی ئەوانە.
یەک ساڵ پێش ئەوەی (چارلز داجسۆن) بۆ سەرقاڵکردنی (ئالیس لیدل)ی دە ساڵە و دوو خوشکەکەی ئالیس، لە کاتی بەلەمەوانی لە (ئەکسفۆرد)ەوە تا (گادستۆ) نیشتمانی شتە سەیروسەمەرەکان لە زەینیدا دابڕێژێت، نامەی کەسێک بە نازناوی (سلاریوس) لە رۆژنامەیەکی (نیوزلاند)یدا لەژێر سەردێڕی (داروین لەناو مەکینەکاندا) بڵاوبوویەوە. کە دواتر دەرکەوت نووسەرەکەی (ساموئێل باتلەر)ی بیست و حەوت ساڵەی بەریتانی بوو.
زیرەکیی دەستکرد
(باتلەر) زۆر پێش دروستکردنی کۆمپیوتەرە پێشکەوتووەکان و سەردەمی ئاڵتوونیی (ئەلگوریتم)ەکان، پێشبینی (زیرەکیی دەستکرد)ی کردبوو، نووسیبووی: ( بە زوویی شتێکی میکانیکی تازە دێ کە دەستکردی خۆمانە و لە پەنا ژیانی سروشتیدا، ژیانی سەربەخۆی خۆی دەبێت. لەم رۆژگارەی ئێستاماندا مەکینەیەکی بەتەواوی تازە سەرهەڵدەدا کە رۆژگارێک وەک نموونەکانی کۆن و پێش میژوو لە جۆری خۆیان باس دەکرێن). (باتلەر) وتی: (ئێمە خەریکین بەدەستی خۆمان جێگرەوەی خۆمان دروست دەکەین، هەموو رۆژێک رواڵەتێکی جوانتر و هەستیارتر و ناسکتریان پێدەبەخشین، هەموو رۆژێک بەهێزتریان دەکەین، هێزێکی خۆکار).
باتلەر دوای تێرامان لەسەر رەوتی پەرەسەندنی زیرەکی ئەو پرسیارەی ورووژاند: (بۆ نابێ مێشکێکی تازە بێتە ئاراوە کە لە هەموو روویەکەوە لەگەڵ ئەو مێشکەی ئێستادا جیاوازی هەبێت، رێک وەک جیاوازیی نێوان مێشکی رووەکەکان و بوونەوەرەکان؟). رێک سەدەونیوێک پێش لەوەی ئێمە نیگەرانی کاریگەرییە خراپەکانی زیرەکیی دەستکرد بین، ئەو پێشبینی کردبوو، نیگەرانیی خۆی دەربڕیبوو، وتبووی ئەو جۆرە تازەیە و دەستکردەی زیرەکی، دەبێتە موشەخۆری ئێمە. ئەو دەیوت لە حاڵێکدا مێشکی مرۆڤ دوای ملیۆنان ساڵ پەرەی سەندووە، لەوانەیە ئەو جۆرە تازەیە بە شەو و رۆژێک پەرە بستێنێت، کەواتە ئاگادار بن هیچ جۆرێکی بوونەوەر تا ئێستا بەو خێراییە پەرەی نەسەندووە، پێدەچێ کۆیلەبوونی ئێمە بە نادیاری و بێدەنگی بە زوویی رووبدات.
پێدەچێ ئێمە ئێستا لەسەردەمی وەدیهاتنی پێشبینییەکەی (باتلەر)دا بین. ئێمە تەکنۆلۆژیاکانمان لەسەربنەمایەکی هەڵە دروستکردووە و زیرەکیی ئەوانمان لەڕووی زیرەکی خۆمان داڕشتووە، ئێستا دەزانین ئەوانیش بە ئەندازەی ئێمە موشەخۆر و دڕندەن و لە خودی خۆمان دەخۆن. کەچی لەسەرەتاوە شێوە دروستەکەی (زیرەکیی) و کارکردی دروستی (زیرەکیی) لە ژێر پێمان دابوو، هەموو ئەو ماوەیە ئێمە لەسەری ژیاوین، هەرچییەکمان ویستووە لەسەری دروستمان کردووە، جەنگ و کاولکاریمان وەڕێ خستووە و...هتد، ئەویش زیرەکیی سروشتیی گۆی زەوییە. چی دەبوو ئەگەر زیرەکیی دەستکردی ئێمە، سروشتیی بووایە و لەسەر بنەمای (ئەلگۆریتم)ە سروشتییەکان داڕێژرابایە و لە رەوتی پێکەوەژیان لەگەڵ ئێمە و جۆرەکانی تردا، پەرەی بە زیرەکی و ژیانی سروشتیدابایە؟!
سەرچاوە: هوش طبیعی؛ قارچها جهان ما را اینگونه ساختند | مجله نبشت