ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
حەشدی شەعبی لە عیراق، كە ژمارەی چەكدارەكانی زیاتر لە 200 هەزار كەس دەبێت، لە ساڵی 2016وە بە رەسمی و لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە یاسای بۆ داڕێژراوە، ئەم هێزە مانگانە مووچەكەیان لە كۆمپانیای (كی كارد)ەوە، كە ئەویش لەگەڵ كۆمپانیای (ماستەر كارد)ی جیهانی گرێبەستی هەیە، بۆ دەخرایە سەر هەژماری بانكییەكەیان، بەڵام مووچەی مانگی حوزەیرانیان دواكەوت و هۆكارەكەشی كێشەی دارایی، یان كەموكووڕیی ئیداری نییە، بەڵكو سیاسییە.
موعین ئەلكازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هۆكاری دواكەوتنی مووچەی حەشدی شەعبیی خستە ئەستۆی ئەمریكا و لەوبارەیەوە رایگەیاند: ئەمریكا گوشاری سیاسی و ئابووریی دەخاتە سەر حكومەتی عیراق و بانكی ناوەندیی عیراق و تەنانەت كۆمپانیاكانی كارتی ئەلەكترۆنیش، ئامانجی لەم كارەش هەڵوەشاندنەوەی حەشد و تێكەڵكردنی چەكدارەكانییەتی بە هێزە رەسمییەكانی عیراق.
گوشاری ئەمریكا
هەر لەو بارەیەوە مەعەن ئەلجبوری راوێژكاری پێشووی وەزارەتی بەرگریی عیراق وتی: گوشاری ئەمریكی و ناوخۆییش لەسەر حكومەتی عیراق لە ئارادایە، سەبارەت بە حەشدی شەعبی و مووچەكانیان، چونكە ئەمریكا پێیوایە بوونی مووچە بۆ ئەو گروپە چەكدارانە، هۆكاری سەرەكیی زیادبوون و پەرەسەندنیانە، ئەمریكاش نایەوێت لە عیراقدا جگە لە هێزی رەسمی حكومەتی عیراق، هیچ گروپێكی دیكەی چەكدار هەبێت.
ئەو راوێژكارە ئاماژەی بەوەشكرد، لە ناو حەشدی شەعبیدا هەندێك گروپ هەن، ئەمریكا راستەوخۆ بە ئامانجیان دەگرێت و پێیوایە نزیكایەتییان لەگەڵ ئێراندا هەیە، جگە لەوەش گروپەكانی ناو حەشدی شەعبی ژمارەیان زۆرە و لیستی دەیان هەزار ناویشیان هەیە، كە وەهمین و فەرماندەكانیان مووچەكەیان وەردەگرن.
مەعد ئەلجبوری دەڵێت: بە تێڕوانینی ئەمریكا ئەندامانی حەشدی شەعبی ناسراو نین و ژمارەشیان دیار نییە چەندە، هەر لەبەر ئەوەشە واشنتۆن جەخت دەكاتەوە، كە بەشێك لەو مووچەیەی بۆ حەشد تەرخان دەكرێت، دەچێت بۆ هەندێك گروپ و لایەنی دیكە، كە ئەمریكا خستوونیەتە لیستی تیرۆرەوە.
بە بۆچوونی ئەو راوێژكارەی پێشووی وەزارەتی بەرگریی عیراق، كێشەی دواكەوتنی مووچەی حەشدی شەعبی پەیوەندیی بە بانكی رافیدەین، یان كۆمپانیای (كی كارد)ەوە نییە، بەڵكو بابەتەكە خودی حەشدی شەعبییە كە گروپێكی گەورەی چەكدارن لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدان، هەر بۆیە ئەمریكا خوازیارە حەشد هەڵبوەشێتەوە و ئەندامەكانیان، ئەوانەی خاوەن بڕوانامەن و تەمەنیان زۆر نییە لە دەزگا رەسمییەكانی حكومەتدا جێیان بكرێتەوە ئەوەش كە تەمەنی هەیە خانەنشین بكرێت.
سەرچاوە: noonpost.com