کەمبوونەوەی زەوی بۆ بەخاکسپاردنی مردوو لە هەولێر نرخی گۆڕی بەرزکردووەتەوە

10:50 - 2025-07-10
ڕاپۆرت
43 جار خوێندراوەتەوە
گۆڕستانی گەورەی هەولێر لە نزیک سەنتەری شار

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و زیادبوونی رێژەی مردن پەیوەندییەکی راستەوانەیان هەیە، لە چەند ساڵی رابردوودا لە هەولێر هەردوو رێژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەوەش وایکردووە زۆربەی گۆڕستانەكان جێگەیان بۆ بەخاکسپاردنی تەرم تێدا نەمێنێت، ماوەی چەند ساڵێكە شارەوانی شارەكە شوێن و زەوی تازەی بۆ گۆڕستان دەستنیشان نەكردووە، بەهۆیەوە زەوی گۆڕستانەكان بە نرخێكی گران دەفرۆشرێن.
هێمن عەبدوڵڵا هاووڵاتییەكی شاری هەولێرە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئێستا لە شاری هەولێر شوێنی بەخاکسپاردنی تەرم لە گۆڕستانەکاندا بە خۆڕایی نەماوە، بۆیە خاوەن مردوو جگە لەوەی شوێنی بەخاکسپاردنی بە ئاسانی دەستناكەوێت، لە هەمانكاتدا ناچارە زەوی لە گۆڕستانەكاندا بە نرخێکی گران بکڕێت.

کڕینی زەوی لە گۆڕستان پێش مردن
لە شاری هەولێر شارەوانی دوای ئەوەی زەوی دابین دەکات بۆ گۆڕستان، چەند کەسێک دەیکڕنەوە و دواتر بە بڕە پارەیەکی زیاتر دەیفرۆشنەوە بەو کەسانەی خواستیانە مردووەکانیان لەو گۆڕستانەدا بەخاک بسپێرن، واتە هەر کەسێک پێویستە پێش مردن بیری ئەوەی هەبێت پارچەزەوییەکی کڕی بێت و کاتێك ئەندامێکی خێزانەکەی گیانی لەدەستدا لەوێدا بەخاکی بسپێرێت.
ماوەی چەند ساڵێكە نرخی زەوی لە گۆڕستانەكانی شاری هەولێر بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە بە شێوەیەكە زۆر خانەوادە لە كاتی بەخاکسپاردنی مردووەكانیان ناتوانن ئەو بڕە پارەیە بۆ کڕینی گۆڕ دابین بكەن و قەرز دەکەن.
هێمن دەڵێت: لە ماوەی رابردوودا زەوییەك بە رووبەری 15 مەتر دووجا لە گۆڕستانی پیرداود لەسەر رێگەی هەولێر - مەخمور بەبڕی چوار ملیۆن دینار كڕی كە شوێنی 10 تەرمی تێدا دەبێتەوە، بەڵام ئەو بڕە پارەیە بۆ كڕینی گۆڕ زۆرە بەتایبەت لەم بارودۆخەی هەرێمی كوردستاندا كە بە چەندین گرفتی دارایی و ئابووریدا تێپەڕدەبێت.
وتیشی: پێویستە لە داهاتوویەكی نزیكدا شارەوانی هەولێر زەوی تایبەت بۆ گۆڕستان دابین بكات و بە شێوەیەكی سەردەمییانە رێكی بخات، لەبەرئەوەی ناڕێكی رێگەوبانەكانی بەشێک لە گۆڕستانەکان وایكردووە خاوەن مردووەكان لە كاتی سەردانكردندا تووشی ئاستەنگیی هاتوچۆ ببن.
بەرزیی نرخی زەوی گۆڕستانەكان بەهۆی دیارینەكردن و دابیننەكردنی گۆڕستانی نوێیە لەلایەن حكومەتی خۆجێی شاری هەولێرەوە، هەروەها ئەگەر کەسێك پێشتر زەوی نەکڕی بێت و هەمان رۆژی گیانلەدەستدانی کەسێکی بیەوێت زەوی بکڕێت نرخەکەی زۆر گرانترە لەوەی پێشتر دابینی کردبێت.

بەپێی ماستەرپلان شوێنی دیکە بۆ گۆڕستانی نوێ لە شاری هەولێر دیاریكراوە، كەوتووەتە ناو پشتێنەی سەوزی شارەكە و شارەوانی كاری لەسەر دەكات

گۆڕستانەکانی هەولێر
شاری هەولێر چەندین گۆڕستانی تێدایە كە هەندێكیان تەمەنیان بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە وەك (گۆڕستانی گەورەی بازاڕ و گۆڕستانی چراغ)، هەروەها گۆڕستانی دیكەی كۆنیشی لێیە وەك گۆڕستانەكانی (شێخ محەمەد، شێخی چۆلی، شێخەڵڵا) كە تەمەنیان بۆ نزیكەی سەدەیەك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، جگە لەوانەش گۆڕستانەكانی (كارگەی قیر، پیرداود، بێركۆت) كە تەمەنی ئەوانیش بۆ نزیكەی نیو سەدە دەگەڕێتەوە، لە دوای راپەڕینیش چەند گۆڕستانێك دروستكران وەك گۆڕستانەكانی (كەسنەزان، شێخ ئەحمەدی هیندی و رێگەی گوێر)، لەلایەكی دیکەوە بەهۆی گرنگیی شوێنیان كە كەوتبوونە ناوەڕاستی شار و ببوونە شوێنی بازرگانی، هەندێك گۆڕستانی كۆن یان بە تەواوی یاخود بەشێكیان تێكدران كە ئەوانیش (گۆڕستانی ئایینی جووەكان و بازاڕی گەورە) بوون.
خالید مەجید یەكێكە لە كرێكارە گۆڕهەڵكەنەكانی شاری هەولێر بۆ کوردستانی نوێ وتی: بەهۆی نەمانی زەوی بە خۆڕایی بۆ بەخاکسپاردنی مردوو، هەندێك كەس كە لە رابردوودا زەوییان لە گۆڕستانەكان وەرگرتووە یان كڕیویانە، ئێستا بۆ قازانج دەیفرۆشنەوە، بۆ نموونە ئێستا زەوییەك لە گۆڕستانی (شێخ ئەحمەدی هیندی) هەیە كە رووبەرەکەی 60 مەتر دووجایە و جێگەی 20 تا 25 گۆڕی تێدا دەبێتەوە، نرخەكەی 17 هەزار دۆلارە.
زەوی گۆڕستانی شێخ ئەحمەدی هیندی ساڵی 2002 لەلایەن شارەوانییەوە دابینکراوە، ئەوكات هەر خانەوادەیەك مردوویان لەو گۆڕستانە بەخاک بسپاردایە شارەوانی پارچە زەوییەکی لەو گۆڕستانە پێ دەدان و لە بەرامبەردا 185 هەزار دیناری لێ وەردەگرتن، بەڵام ئێستا ئەو گۆڕستانە هیچ پارچە زەوییەكی تێدا نەماوە بۆ بەخاکسپاردن و پڕ بووە.
ئەو گۆڕهەڵكەنە باسی لە تازەترین گۆڕستانی هەولێر لەسەر رێگەی (هەولێر – گوێڕ) كرد كە خەریكە ئەویش پڕدەبێتەوە و وتی: ئێستا لە نزیك كارگەی شیش كە دەكەوێتە دەرەوەی شار گۆڕستانێك دروستكراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەم چەند ساڵەدا مردوویەكی زۆر لەوێش بەخاک سپێردراوە، بۆیە وابڕوات جێگەی بەخاکسپاردنی مردوو لەوێش نامێنێت.

وەڵامی لایەنی بەرپرس
کاتێک سەردانی هەریەک لە گۆڕستانەکانی شاری هەولێر دەکەیت دەبینیت هەر پارچە زەوییەک پەرژینی بە دەوردا کراوە و لەلایەن خانەوادەیەکەوە کڕدراوە و ناوی خۆیانی لەسەر نووسراوە، ئەو پارچە زەوییە کەسێكی دیکە بۆی نییە مردووی تێدا بەخاک بسپێرێت.
ئاسۆ جاسم هاووڵاتییەكی شاری هەولێرە پارچە زەوییەكی لە گۆڕستانی (كەسنەزان) هەیە و ئێستا دایناوە بۆ فرۆشتن، بۆ کوردستانی نوێ وتی: رووبەری زەوییەكەم 76 مەتر دووجایە و جێگەی 15 گۆڕی تێدا دەبێتەوە، پێشتر بەهۆی بە خاکسپاردنی مردوویەكمان لە ساڵی 2017 شارەوانی هەولێر ئەو زەوییەی پێداین، بەڵام دانیشتووی گوندم و لەوێ گۆڕستانی خۆمان هەیە، بۆیە پێویستم بەو زەوییە نییە و ئێستا دەمەوێت بیفرۆشم، هۆكاری گرانیی نرخی زەوییەكەشم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كەوتۆتە سەر گردێكی گۆڕستانەكە و شەقامی بەردەمی قیرتاو كراوە.
وتیشی: چەندجارێك كڕیار هەبووە 4500 تا 5000 دۆلاریان پێداوم، بەڵام بەو نرخە نایفرۆشم و داوای شەش هەزار دۆلار دەکەم.
كارزان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێستا بەپێی ماستەرپلانی شارەكە شوێنی دیکەمان بۆ گۆڕستانی نوێ لە شاری هەولێر دیاریكردووە، كەوتووەتە ناو پشتێنەی سەوزی شارەكە و كاری لەسەر دەكەین، بەڵام ئێستا گۆڕستانێكمان هەیە لەسەر رێگەی (هەولێر – گوێڕ) ئەگەر هەر هاووڵاتییەكی شارەكە كۆچی دوایی كرد لەوێ زەوی بۆ بەخاکسپاردن پێ دەدەین.
وتیشی: لە گۆڕستانی (كەسنەزان)یش شوێنی بە خاکسپاردنی مردوو ماوە، بەڵام وەك پێشوو بەشێوەی پانتایی زەوی بە كەس نادەین، بەڵكو بڕیارمانداوە تەنها شوێنی بە خاکسپاردنی یەک کەس بدەین بە خاوەنی مردووەکە.
سەبارەت بە شێوازی دروستكردنی گۆڕستانی نوێ ئاماژەی بەوەشکرد: بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا ئەگەر گۆڕستانی تازەمان دروستكرد رەچاوی هەموو تایبەتمەندیی و پێداویستییەکان بۆ گۆڕستانی سەردەمییانە دەكەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان