چیرۆک

خــــانــــــوو

12:37 - 2025-07-10
ئەدەب و هونەر
18 جار خوێندراوەتەوە

م. ا. بەآذین

(مەحمود ئیعتیمادزادە)

و: دلاوەر قەرەداغی


‎لەبەر هەتاوی گەلاوێژدا، بە پاڵ کەڵەکێک بەردی دانەتاشراوی پان و تیژەوە، لەبەردەم دیوارێکدا کە هەستپێنەکراو بەرز دەبووەوە، فاتیمە راوەستا و خڕکەبەردێکی بە دوو دەستی شۆڕ گرتبوو. نیگای رەشی چاوە وردەکانی بە وەڕزییەکی شاراوەوە لە دەستی زبر و رووخساری سوتاوی مێردەکەی بڕی و روانینی لەوەش ئەولاوەتر دەڕۆشت و لە دووراییدا بزر دەبوو.
دیمەنی لاونیوی گردۆڵکەی زەرد و پیرۆزەی لە ریزی یەک؛ تا چیا قاقڕەکانی ئاسۆ دەگەشت، لەم لاو لاوە چەند خانوو بە کۆمەڵە درەخت و کێڵگەی درەوەکراوەوە دەبینران. لای دەستە راستەوە؛ لە دەربەندی مەیگون و ئاوشان*، هێڵێکی سەوزی تۆخ دەهاتە دەرەوە. لەهەورازەکەی جادەی شەمشەک، شنەبا جاروبار وڕەی کپی بارهەڵگر و ئۆتۆبۆسی لەگەڵ خۆیدا دەهێنا. شار؛ لەو دوور، زۆر دوورەوە، لەنێو هەورێک لە دووکەڵ و خۆڵەمێشدا دیار نەما بوو. چما هەناسەی سووتێنەری بیابان لە خۆیدا رۆی بردبوو... فاتمە دووبارە گوێی لێ بوو:
‎ـ بێنە، نیوە!
‎نیوە لەگۆڕێ نەبوو، هەر هەمووی خڕکە بەردی پان و لێوار تیژ بوو، بەڵام خودابەخش هێندە لە خانووەکانی شاردا گوێی لە «بێنە، نیوە!» بووبوو، کە ئیدی دەمی پێی راهاتبوو. رەنگیشە ویستبێتی لاسایی وەستاکانی خانووبەرە بکاتەوە. خودابەخش لە ناخی دڵەوە حەزی دەکرد بە «وەستا» بانگ بکرێ! بەڵام راستییەکەی خۆی کرێکارێکی هاکەزایی بوو، وێڕای ئەوەش کەمێ گێلۆکە بوو، لەو چەند ساڵەدا نەیتوانیبوو چوار خشت لە رێکی یەک دابنێ و ماڵە و چەمچە بە دروستیی بەکار بهێنێ. لەبری ئەوە، بن ردێنێکی هێشتبووەوە و دەیتوانی بابەتی ئایینی بۆ کرێکارەکان باس بکات، دیارە بە پارە نا، بەڵکو لە رای خوا!
ـ بێنە، نیوە!
فاتمە یەک یەک بەردەکانی دەدایە دەست مێردەکەی، «خودابەخش» کە کەسێکی دەستڕەنگین نەبوو، بەردەکەی بە دیقەتێکی ناشییانەوە دادەنا و پاشان بە کەڵەموست درزەکەی ساف دەکرد و چێژی لەو کارە دەبرد.... ئەمە ژوور و هەیوانێک بوو کە بە بەرد و گڵ بەرزی دەکردەوە و پاشان بە دار و چیلکەوچەوێڵ ساپیتەی بۆ دەکرد، ئەمە ئیدی دەبووە کاری وی، دەبووە کاری «وەستا خودابەخش» و بە چێژەوە تامی شیرینی ئەو نازناوەی دەمڵچاند. دەیویست خانووەکە بە تەرزێک رۆبنێ کە ساڵەهای ساڵ بمێنێ و کوڕەکەی دواتر بتوانێ بە ژن و منداڵەکانی خۆی بڵێت: «بەڵێ، ئەو ساڵە بەفرێک باری پێشتر نەباری بوو، خانووەکەمان تەپی و هاوین کە لە شارەوە هاتین، باوکم سەرلەنوێ رۆی نایەوە، دایکیشم وەک شاگرد بەردەستیی باوکمی دەکرد. من ئەو کات رێک دوو سێ ساڵان بووم و لە نێوان پێوپلیاندا گاگۆڵکێم دەکرد.»
‎عەلی، حەجمینی نەبوو؛ بە دەمی کراوەوە کە ددانە وردە سپییەکانی لە مەڵاشووە سوورە ئاودارەکەیدا دەبریسکایەوە، بە چاوانێکی رەش و خەندان لە دایکی ورد دەبۆوە و بەسەر خڕکەبەردەکاندا هەڵدەزنا. یەک دوو جار خلیسکا و دەستی نەختێک رووشا. ئەمجارەیان ئازاری زیاتر بوو، گریا. فاتمە رای کرد، هەڵی گرت و بە چمکی عەزییەکەی فرمێسکەکانی سڕی و بردی دوورتر لە ژێر دارتووەکەدا داینیشاند. پاشان لە توورەکەیەکی قەتماغەکردوو؛ کە بە درەختەکەدا هەڵواسرابوو، مستێ گەنم و دەنکە شادانەی بۆنگرتووی بەسەر بەردێکی سافدا رشت و لەبەردەم منداڵەکەدا داینا.
‎ـ لێرە نەجووڵێی، باشە؟ بۆ هیچ کوێ نەچیت، ها!
‎کاتێکیش بۆ سەر کارەکەی گەڕایەوە، رووی کردە مێردەکەی:
‎ـ خۆزگە بە خۆزگایی خوا ئەم رۆژانە نەتهێشتایە ئەحمەد بۆ خەرمانکوتان بچێ، لێرە دەیتوانی بەدیار منداڵەکەمەوە بێت.
‎خودابەخش سەیرێکی ژنەکەی کرد، لە نیگایدا سەرزەنشتێکی نەگوتراو خۆی مات دابوو.
‎- بەڵێ دەیتوانی! بەڵام ئیتر دەبێ بڕوات و کار بکات، کرێکەی یەک رەی** گەنمە. 
‎فاتمە بێ ورتە دانەوییەوە، بەردێکی هەڵگرت و دایە دەست هاوسەرەکەی.
‎هەتاو هەڵدەچوو، دنیا گەرم بوو، بەڵام بەروارد بە شار و هۆدەی سەر توونی حەمامەکە، کە لە وەرزی گەرمادا بنیادەم تیایدا وەک سەگ هانکەهانکی پێ دەکەوت، هەوایەکی سووکەڵە و خۆشی هەبوو. فەزا لە هەموو لایەکەوە کراوە و نیگای بنیادەمی بە نیگەرانییەکی تەنک لە رووناکییەکی ناکۆتادا نقوم دەکرد. خانووە نزمەکانی ئەملاولا، وەک بڵێی نەیانەوێ بڕمێن، زەندەقچوو چنگیان لە نێو قەدی گردۆڵکەکە گیر کردبوو. فاتیمە دڵەڕاوکێیەکی بێ پاساو دایگرتبوو، ئاوڕی دایەوە، (عەلی) هێور لەژێر دارتووەکەدا  دانیشتبوو، سەرگەرمی گەمە بە گەنم و شادانەکەی بوو.
‎ـ عەلی! عەلی!
‎منداڵەکە سەری هەڵبڕی و تەماشای دایکی کرد.
‎ـ بۆ هیچ کوێ نەچی، ئێ! گوێت لێ بوو گوتم چی؟
‎عەلی، گوێی لێ بوو، پێکەنینێکی شیرین خەنی و بە سەربادانێک بەڵێی وت.
‎فاتمە لەبەرخۆیەوە نەوازشی منداڵەکەی کرد و دیسان کەوتەوە ئیش، بەڵام هەموو دڵی لای عەلی بوو. فاتمە تا ئێستا هیچ کام لە منداڵەکانی هێندەی عەلی خۆش نەویستبوو، نە ئەحمەد و نە ئەوانەش کە مردبوون... لەبەرئەوەی زیاتر لەوانی تر ئەزییەتی پێوە کێشابوو، کاتی دووگیانیی و پاشان شیرەخۆریی ئەوی لە سەختترین بارودۆخدا گوزەراندبوو. تازە مانگی سێیەمی دووگیانبوونی بە عەلی یەوە بوو، کە خودابەخش رۆژێکیان لە کاتێکدا گڵی سەردەخست، لەسەر پەیژە کەوتە خوارەوە و سێبەنگەی زەبری پێگەیی و ماوەیەک لە ماڵەوە کەوت. لەوەودواش هەرگیز نەیتوانی ببێتەوە بە بنیادەمەکەی پێشوو. زوو زوو ئازار، سێ بەنگە و سەر رانی دەتەنی کە ئیدی نەیدەتوانی لە جێی خۆی جووڵە بکات. یەکێ دەیگوت رۆماتیزمە، یەکێکی تر پێی وا بوو ئێسکی حەوزی درزی بردووە، بەڵام بەهەرحاڵ دەبوو لە ماڵەوە بمێنێتەوە و پارەی دکتۆر و دەوا بدات، ئەدی پارەی لە کوێ بوو؟ خودا دەیزانی! فاتمە ناچاربوو هەموو رۆژ بەیانیی و پاشنیوەڕۆ لە کاتێکدا بە چارشێوی نوێژ؛ عەلی لە کۆڵی دەبەست، دەڕۆی جلکی ماڵانی دەشۆرد، ئای چ عەزابێک بوو! دەمەو ئێوارە ئیتر هێز لە قۆڵ و باسکیدا چۆڕبڕ دەبوو، مورەغەی پشتی وشک بووبوو. خۆی بۆ راست نەدەکرایەوە، بە درێژایی رۆژ عەلی، هاودەم و مایەی عەزابی بوو. عەلی بە زۆریی نەخۆش بوو، لەپەسا دەگریا و داوای شیری دەکرد. کاتێ کە پێیشی گرت، هیچ شتێ لە عەزییەتی دایک کەمی نەکرد، بەردەوام دەبوو چاوی لێی بووایە، تا بێدار بوو یەک تۆزقاڵ داسەکنانی نەبوو، سەری بە هەموو جێیەکدا دەکرد، هەندێجار دەکەوت، مەحاڵ بوو خۆی بە تەنیا هەستێتە سەر پێ، لەسەر ئەرزەکە پان دەبووەوە و دەیزووڕاند. دەبوو فاتیمە بێت و بەرزی بکاتەوە و مەمکی بداتێ، یان تیکەیەک نان بهێنێ و بینێتە دەستی. جاری تریش عەلی رەحمی دەجووڵا و دەهات دەستە بچووکەکانی دەکردە ملی دایکی، یەک لەسەر یەک ماچی دەکرد و لێنەدەگەڕا ئیشەکەی بکات. فاتمە بە نیگای شەکەت بەڵام قایلمەند دەیووت:
‎ـ بەسە ئیدی! ئێ باشە! زۆرت خۆش دەوێم؟
‎عەلی چاوی دەنووقاند و سەری رادەوەشاند و بە پێکەنینەوە دەڕۆی.
 ‎ئیتر نیوەڕۆ بوو، بۆ فراوین(نانی نیوەڕۆ)، دەستیان لە ئیش هەڵگرت، فاتیمە ئاوی لەو گۆزەیەدا کە لەوێ بوو بە دەستی هاوسەرەکەیدا کرد، پەلەی بوو، چونکە منداڵەکە دیار نەبوو. تا نیو سەعات لەوەوبەر هەر لەو ناوەدا بوو، لەبەردەم ماڵی مەشەیی غوڵامحوسەین؛ ئامۆزای خودابەخش راوەستابوو و گەمەی لەگەڵ سەگەکەیاندا دەکرد. فاتیمە لەوێ بینی بووی، ویستبووی بیهێنێتەوە لای خۆی، بەڵام خودابەخش بێبڕستانە وتبووی:
‎ـ ئێ، دە لێی گەڕێ، خۆ سەگ نایخوات. ئێمە ئەم هەموو ئیشەمان بەسەردا کەوتووە...!
‎فاتمە بە دردۆنگیی مابووەوە، منداڵەکە دوور کەوتبووەوە، بۆ کوێ چووبوو؟
‎ـ عەلی! عەلی، وەرە!
‎هیچ دەنگ نەدەهات، هەموو جێگەیەک ئارام بوو. تەنها ناوبەناو سەگ دەوەڕی.
‎فاتمە گۆزەکەی لەبەر سێبەری دارتووەکەدا دانا و رۆی. خێرا هەنگاوی دەنا، تا رادەیەک رای دەکرد. شتێکی شکاو لە جووڵە و رەفتاریدا بوو. دەتگوت ئەژنۆی لە هەر هەنگاوێکیدا دەنووشتێتەوە و پاشان کتوپڕ قەدی راست کردەوە:
‎ـ عەلی! عەلی، رۆڵە بۆ کوێ چووی؟
‎خودابەخش، لەژێر درەختەکەوە تەماشای دەکرد، لێوی بە پێکەنینێکی شەکەت کشا. ئەمە هەمان فاتمەکەی جارانە، هەمان ئەو کیژۆڵە ئەسمەرە چاوڕەشەیە کە شازدە ساڵ لەوەوبەر لە کێڵگەکەی مێردی پووری بە گۆزەوە دەهات و ئاوی بە درەوکاران دەدا. وەک دارسەروویەکی باریک و گەنج هەڵچووبوو. ئای چەند ناسک و نازدار رێی دەکرد! ئێستاش، چەند گۆڕاوە! چروسکاو و قورس بووە. ئاخر حەوت زگی منداڵبوون گاڵتە نییە، منداڵ خستنەوە و منداڵ ناشتن.... ئای ژنەی داماو! هەر باشە دەرەقەت هاتووە!
‎خودابەخش  پاڵی بە درەختەکەوە دابوو، دانیشتبوو. دەستی لەسەر ئەژنۆکانی هەڵپەساردبوو و قامکی شۆڕ بووبووەوە. لەو ئاراستەیەی دەنۆڕی کە ژنەکەی لێوەی رۆیشتبوو، ماندوو بوو، برسی بوو، حەزی دەکرد فاتمە زوو بێتەوە و سفرەی نان و دۆ و تەڕەپیاز لە بەردەمیدا رابخات، جامەکە پڕ بکات لە ئاو و بیداتە دەستی. ئاخر هەر بە راستی بڕستی جووڵەی نەبوو.
‎ژنە هەر نەهاتەوە، ئیدی خودابەخش حەوسەڵەی نەما: «دە سەیرکە، بەم کاتی نانی نیوڕۆیە ئەم منداڵە چ بەزمێکمان پێ دەکا!» خودابەخش وای وت و بە دوایدا جنێوێکی لەبەرخۆیەوە دا.
‎لەناکاوڕا هاوارێکی لە دوورەوە هاتە گوێ، چما خودی ئەمیان بانگ دەکرد. خودابەخش باشتر گوێی شل کرد، نا، هیچ نەبوو. بەژوور سەریەوە، لەنێوان پەلکی درەختەکەدا، مەلێکی گۆرەویچنە دەکڕووزایەوە. فاتمە درەنگی کرد، خودابەخش دردۆنگ بوو، دڵی ختوورەی شتێکی کرد و حەزی نەکرد خۆی رادەستی بکات، بەڵام دیسان وردە هاواری پچڕپچڕ و کپی تری هاتەوە گوێ. دوای قەیرێ لەودیو ماڵی مەشەیی غوڵامحوسەین -ەوە؛ فاتمە وەدیار کەوت، رای دەکرد، دوو سێ ژن و چەند منداڵی بچووک بە دوایەوە بوون. خودابەخش واقوڕماوانە هەستایە سەر پێ. «ئای خوایە! بڵێی منداڵەکە چی بەسەر هاتبێ؟» رای کرد... رای کرد. عەلی لەسەر دەستی فاتمە لە چارشێوە رەنگ سوورمەییەکەی دایکییەوە پێچرابوو، دەست و لاقی لە چارشێوەکەوە شۆڕ بووبووەوە دەرێ و لە پەسا دەلەرینەوە. فاتمە نەدەگریا، بەڵکو چاوە رەشەکانی لە پێش و کەمێ بۆ سەرەوە بڕی بوو. چما شتێک لەودیو گردۆڵکە و چیاکانەوە لە ئاسمانی دووردا ببینێ، بە دەنگێکی شکاو دەیناڵاند:
‎ـ هەی بێویژدان! دەبینیت چیت لە توڵفەکەم کردووە؟ دەبینیت؟ دەبینیت؟
‎مەعلوم نەبوو ئاخۆ رووی دەمی لە خودابەخشە، یان لە کەسێکی نەبینراو.
‎فاتمە هۆشی بەخۆی نەبوو، وەڵامی پرسیاری مێردەکەی نەدەدایەوە، وەک بڵێی نەژنەوێ، نەبینێ. خودابەخش بە پاڕانەوەوە لێی پرسی:
‎ـ چی بووە؟ ئاخر ژنەکە، چی بووە؟
‎یەکێ لە ژنەکان بە سەروڕوخسارێکی ماتەمبارەوە وتی:
‎ـ کەوتووەتە گۆلاوەکەی ئەودیو ماڵ، لەوێ کە ئاوی لێ دەڕێژن و جلکی لێ دەشۆن، هەبێ و نەبێ ویستوویەتی پەپوولە یان باڵندەیەک بگرێ....
‎وەکو بە بەرد بە سەری خودابەخشدا بکێشن، دەستی رایەڵ کرد:
‎ـ ئەوە تۆ چ دەڵێی؟ بمدەیێ... منداڵەکەم بدەیێ!
‎فاتمە نەیدەویست تەرمی منداڵەکە بە مێردەکەی بدات، ماسوولکەکانی دەموچاوی کتوپڕ گرژ بوون، بە نیگایەکی تووڕە و سووتێنەرانە رووی لێ وەرگێڕا:
‎ـ بڕۆ سەرت لە قوڕ بنێ! بڕوانە چ خانوویەکت بۆ توڵفەکەم رۆنا!
‎خودابەخش بۆ ساتێک راوەستا، بە بۆنی ئەو گۆلاوەی کتوپڕ بە کەپوویدا چوو، دڵی تێکەڵ هات، لاقی سست بوو، دەلەرزیی. جا بۆئەوەی نەکەوێ دەستی بە بن کراسەکەیدا برد و بە دەست چنگی بە مووی سەر سینگیدا کرد و رنی. هاوکاتیش شتێک ناخی دەبرژاندەوە، پێ بەپێی ژنەکەی دەڕۆیشت و هەر دەیوت و دەیوتەوە:
‎«چ خانوویەکم بۆ رۆنا، ئای خودا، چ خانوویەکم بۆ رۆنا!»
 
 سەرچاوە:
مهرە مار
م. ا. بەآذین
انتشارات آگاە
* مەیگون و ئاوشان: دوو گوندی تارانن
** رەی: یەکەیەکە بۆ کێش، بەرامبەر بە12 کیلۆگرامە.  
*** مرغ چرخ ریسک: باڵندەی گۆرەویچنە، باڵندەیەکی چالاک و ورد و زۆر دەنگ خۆشە، کێشی نزیکەی 11 گرامە. بەردەوام لە جووڵەدایە و وەستانی نییە، مێروو، کرم و جاروباریش دانەوێڵە دەخوات، بەرگەی برسییەتی ناگرێت.
 
**** م. ا. بەآذین(مەحمود ئیعتیمادزادە) 1914-2007 نووسەر و شاعیر و وەرگێڕ و چالاکوانی هاوچەرخی ئێران، لە شاری رەشت؛ لە باکووری ئێران لەدایکبووە. کاتێک بە هۆی بەشداریی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا دەستێکی لەدەست دەدا، دەکەوێتە نووسینی کورتەچیرۆک. هەروەها (شکسپیر و بەلزاک و رومەن رولان و شولوخۆف و گۆتە) ی وەرگێڕاون و سەرنووسەری گۆڤاری «کتاب هفتە»یە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان