بڕیار لە شێوازی خانەنشینكردنی پێشمەرگە دەدرێت

02:08 - 2025-07-10
کوردستان
50 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە و كەمئەندامان لە وەزارەتی پێشمەرگە، رایدەگەیەنێت: لە دواكۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی و پێشمەرگە، بڕیار لەسەر دیاریكردنی شێوازێك بۆ خانەنشینكردنی پێشمەرگە درا و دواتر لە ئەنجومەنی وەزیران یەكلادەكرێتەوە.
فەتحوڵڵا عومەر، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، راشیگەیاند: بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتە یاساییەكانی بەردەم خانەنشینكردنی ئەو ئەفسەر و كارمەندانەی وەزارەتی پێشمەرگە كە سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری لەسەر دراوە، وەفدێكی وەزارەتی دارایی سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەیان كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆ لەبارەی دەستنیشانكردنی شێوازێك بۆ خانەنشینكردنی ئەفسەر و پێشمەرگە و كارمەندان درا و پێشنیازیش كرا یاسای ژمارە 38ی ساڵی 2007ی راژە و خانەنشینیی پێشمەرگە، بكرێتە بنەما بۆ پرۆسەی خانەنشینكردنی سەربازیی.
باسی لەوەشكرد كە ئەوەی لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی لەسەر كرا، وەك پێشنیاز ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەكرێت تا بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت و پرۆسەی خانەنشینكردنیان دەستپێبكرێت.
سادق عوسمان وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستانیش، بە كوردستانی نوێ-ی وت: لەسەرەتای ئەمساڵەوە بڕیار لەسەر خانەنشینبوونی زیاتر لە 25 هەزار مووچەخۆر دراوە، ئەگەرچی بەشێك لە خانەنشینانی مەدەنی مامەڵەكانیان تەواوكراوە، بەڵام بەهۆی گرفتی یاساییەوە، تائێستا خانەنشینانی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە دەستیپێنەكراوە.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان