״هەڵوێستمان دەبێت و بێدەنگ نابین״

1150 كەس لە كۆمپانیای نەوتی باكوور دامەزرێنراون و كورد فەرامۆشكراوە

12:21 - 2025-07-21
کوردستان
36 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی نووسراوێكی كۆمپانیای نەوتی باكوور، كە وێنەیەكی دەست كوردستانی نوێ كەوتووە، 1150 كەس لە كۆمپانیاكەدا دامەزرێنراون، ئەندامێكی لیژنەی نەوت و گازیش لە ئەنجومەنی پارێزگا، رایدەگەیەنێت: دامەزراندنەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیدارەی پێشووی كەركوك و جیاكارییەكی زۆر لەنێوان پێكهاتەكانی پارێزگاكەدا كراوە.
لەوبارەیەوە، پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە سەردەمی پارێزگاری پێشوودا بەشێوەیەكی شاراوە 1150 کەس لە كۆمپانیای نەوتی باكوور دامەزرێنراون، لەو ژمارەیەش 766 كەسیان وەكو پاسەوانە ‌و لە نەتەوەی عەرەبن و دانیشتووی پارێزگاكانی سەڵاحەدین و نەینەوا و ئەنبارن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئیدارەی پێشوو بەمەبەست جیاكاریی تەواوی لەنێوان پێكهاتەكاندا كردووە و بەتایبەتی كوردی فەرامۆشكردووە، دامەزراندنەكەش بە رەزامەندیی پارێزگاری پێشوو بووە.
ئاماژەی بەوەشكرد 384 كەسی دیكە، كە پێشووتر راهێنراوبوون لە كۆمپانیای نەوتی باكوور و دەرچووی زانكۆ و پەیمانگە و ئامادەیین، ماوەیەكە بڕیاری دامەزراندنیان گەڕاوەتەوە، لەو ژمارەیەش 155 كەسیان كوردن، ئەوانی دیكە عەرەب و توركمانن، وتیشی: لەبەرامبەر ئەو غەدرەی لە كورد دەكرێت، وەك ئیدارە و ئەنجومەنی ئێستای پارێزگای كەركوك، هەڵوێستمان دەبێت و بێدەنگ نابین.
كەركوك، هێمن ئەحمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان