شوێنەوارێكی حەوت هەزار ساڵە لە ناوچەی شەمامك دۆزرایەوە

10:45 - 2025-07-22
هەمەرەنگ
18 جار خوێندراوەتەوە

دوای چەندین وەرز لە هەڵكۆڵین لە گردی (مەتراب) كە دەكەوێتە نێوان هەردوو گوندی (قورشاغڵو) و (باقرتە) ی دەشتی شەمامك - ی سەر رێگەی هەولێر - مەخموور، شوێنەوارێكی دێرینی مێژوویی كە تەمەنی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، دۆزرایەوە.
نادر بابەكر، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر بە دوالاپەڕەی وت: دوای جێبەجێكردنی پڕۆسەی پشكنینی فراوان بۆ سەرجەم شوێنەوارەكانی پارێزگای هەولێر كە لە ساڵی 2012 دەستمان پێكردووە، ساڵی 2018 بۆمان دەركەوت گردی (مەتراب) گردێكی شوێنەوارییە، لە ساڵی 2022 ەوە بۆ ماوەی چوار وەرز كاری كنە و پشكنینی لەلایەن تیمی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەولێر و تیمی زانكۆی (براین ماوەر)ی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی پڕۆفیسۆر (راكۆ) بۆ كراوە، پێشتریش ئەندامی تیمی پشكنینی بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئێمە بوو كە تا ئەمساڵیش بەردەوام بوون.
باسی لەوەشكرد گردەكە لەسەر زەوییەكی 37 دۆنمی هاووڵاتییەك دەركەوتووە كە بەرزییەكەی چەند مەترێكی كەمە، وتیشی: تەنانەت بۆمان دەركەتووە زەوییەكانی دەوروبەری گردەكەش هەموو ژێرەكەی شوێنەواری كۆنی تێدایە، بۆیە ئێستا خاوەنەكەی نووسراوێكی نووسیوە بۆ ئەوەی ئێمە بۆی بەرزبكەینەوە تا قەرەبوو بكرێتەوە لەبەرئەوەی زەوییەكەی بە كەڵكی ئەوە نەماوە كاری لەسەر بكات، ناوەكەشی كە مەتراب – ە لەكۆنەوە هەر بەو ناوە ناسراوە. لەكاتی هەڵكۆڵین تا قووڵایی (30 – 40) سانتیمەتر بووە بۆمان دەركەوتووە كە مێژووی شوێنەوارەكەی بۆ (4 – 5) هەزار ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە، كە سەردەمی (وەركا)یە كە ئەمەش جێگەی سەرنجە لەو قووڵاییە كەمە ئەو شوێنەوارە كۆنە دەركەوێت، بەڵام كاتێك تیمەكە زەوییەكەیان زیاتر قووڵ كرد، پاشماوەی سەردەمی تازەتر وەك (هیلنستی) و فارسە (ئەشكانی)ییەكانیان دۆزییەوە. پارچە دۆزراوەكانی گردەكەی مەتراب بریتین لە گۆزەی جوان و تەوری بەردین و كەلوپەلی تر، جگە لەوەش ژوور و دیواری لە خشتی قوڕی دروستكراویشیان تێدا دۆزیوەتەوە، هەروەك لە هەندێك لە چینەكانی خشتی سووركراویشیان تێدا دۆزیوەتەوە، پێشتر ئەو گردە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری عیراق تۆمار نەكرابوو، بۆیە بۆیەكەمجارە بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئێمە لەكاتی پشكنینمان لەگەڵ تیمی زانكۆی هارڤارد لەساڵی 2018 تۆمارمان كرد. گرنگیی دۆزینەوەی ئەو شوێنەوارە بریتییە لەوەی ئەو دەشتە (6 تا 7) هەزار ساڵ بەر لەمڕۆ ئاوەدان بووە و ژیانی تێدا بووە، هەروەك گرنگیشە ئێمە ئەوە نیشانی جیهان بدەین كە شارستانیەتی كوردستان تا ئەو مێژووە هەبووە.
هەولێر، رەوەست نەوزاد

بابەتە پەیوەندیدارەکان