سەلام خەلیفە عەلی گەنجێكی دانیشتووی قەزای كفری-یە، دوای ساڵانێك توانیویەتی لە پێناوی پاراستنی كەلتور و كەلەپووری كوردیی، ماڵەكەی خۆی بكات بە مۆزەخانە.
سەلام بە دوالاپەڕەی وت: لەپێناو پاراستنی كەلتور و كەلەپووری كوردەواری ماوەی چەند ساڵێكە لە ماڵەكەی خۆمدا مۆزەخانەیەكی كەلتوریم دروستكردووە، ئامانج لەو كارەش، بەشێكی بۆ حەز و خولیای خۆم دەگەڕێتەوە و بەشێكی دیكەشی بۆ پاراستن و پارێزگاریكردنە لـــە كەلتوری نەتەوەییمان.
وتیشی: لە دوای تاوانی ئەنفال و زیندانیكردنی كەسوكارەكەم، دەستم بە كۆكردنەوەی كەلوپەلە كەلتورییەكانی ئەو ناوچەیە كرد بۆ ئەوەی لە فەوتان رزگاریان بكەم، ئێستا رۆژانە زۆربەی كاتەكانی خۆم لەم شوێنە بەسەردەبەم و سەرقاڵی خوێندنەوە و نووسین دەبم و پێشوازی لەو گەشتیار و میوانانە دەكەم كە سەردانی ئەم شوێنە دەكەن.
لە كۆتاییدا وتی: پاراستنی كەلتور و كەلەپووری نەتەوەكەمان ئەركی سەرشانی هەموو كوردێكە و بۆ ئەو مەبەستە پێویستە هەوڵەكانمان چڕ بكەینەوە.
كفری، شیرین دیار