ناوەندی 7 رەنگە بۆ یەكەمینجارە چالاكییەكی بەرفراوان و گشتگیر بۆ شاعیرانی كورد جێبەجێ بکات بە ناوی دیداری شاعیر.
(دیداری شاعیر) ئەو دیدارە هونەری و ئەدەبییەیە كە ناوەندی 7 رەنگە هەوڵدەدات لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و لایەنە ئیدارییەكانی شار و شارۆچكەكاندا سازی بكات، بیرۆكەكە جگە لە بواری ئەدەبی، زۆربەی بوارە هونەرییەكەی دەچێتە خزمەتی لایەنە ئەدەبییەكە و پێكەوە هەموویان، دیدارێكی ناوازە بەڕێوە دەبەن.
لایەنە دیارەكانی دیدارەكە پێكهاتوون لە:
- سازدانی دیبەیتێك كە تێیدا چەند كەسێكی شارەزا لە دنیای شیعریی و شێواز و رەهەندە جیاوازەكانی شیعری ئەو شاعیرە هەڵدەسەنگێنن و دەیخەنەڕوو.
- بەشێك لە شیعرەكانی لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆڕەوە هەڵدەبژێردرێت، دەدرێتە دەست كۆمەڵێك لە خۆشنووسان بۆئەوەی كاری خۆشنووسی و زەخرەفەی لەسەر بکەن، دواتر لە پێشانگەیەك دەخرێنەڕوو.
- ئەو شیعرانەی كراونەتە گۆرانی دەبێتە كۆنسێرێت، یاخود چەند شیعرێك ئاوازی بۆ دادەنرێت و كۆنسێرتێك ساز دەكرێت.
- دیوانی شاعیرەكە دەدرێتە كەسێك بۆئەوەی بیكاتە دەقێكی شانۆیی و شانۆگەرییەكیش نمایش دەکرێت.
- فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەسەر ژیانی شاعیرەکە ساز دەكرێت.
- شەقامێكی شار دەكرێت بەناوی شاعیرەكە و لە سەرەتای شەقامەكەش پەیكەرێكی بۆ دادەنرێت.
ناوەندی 7 رەنگە سەردانی زۆربەی شار و شارۆچكەكانی كردووە و تا ئێستا لە سێ شار و شارۆچكە سپۆنسەری دیدارەكە كراوە.
سازدانی دیداری لەم شێوەیە جگە لەوەی رێزلێنانە لە شاعیركە، بیرۆكەیەكی نوێیە بەمشێوەیە شیعری شاعیران لەبوارە هونەرییەكاندا رەنگ دەدەنەوە، لەهەمانكاتدا سازدانی دیدارەكە تەنها بۆ ساڵێك نییە و كۆتایی بێت، بەڵكو دەبێتە نەریت و ساڵانە لە یادی یەكێك لە شاعیرانی ئەو شار و شارۆچكایە دەكرێتەوە.
ناوەندی 7 رەنگە وەك ناوەندێكی هونەریی ساڵی 2016 دامەزراوە و بەردەوام چالاكییەكانی سنووری هەرێمی كوردستانی تێپەڕاندووە، بۆ ئەمساڵیش چەند پرۆژەیەكی هەیە.
بەختیار سەعید