سەرەڕای هەڵکەوتە جوگرافییەکەی لە ئیدارەی گەرمیاندا، بەڵام لە ئەنجامی هەوڵەکان بۆ سەوزکردنی ناحیەی رزگاری، رێژەی سەوزایی زۆر بەرزبووەتەوە.
یاسین حەمەئەمین لێپرسراوی باخچهكانی شارهوانیی رزگاری بە کوردستانی نوێ-ی راگەیاند: رێژەی سەوزایی لە ناحیەی رزگاری تا ئاستێکی باش بەرزبووەتەوە، نزیکەی پێنج کیلۆمەتر پشتێنەی سەوزایی لە دار و نەمامی جۆراوجۆر دروستکراوە کە سیمایەکی جوانی بە شارەکە بەخشیوە.
راشیگەیاند: تا ئێستا چوار دارستانی دەستکرد دروستکراوە کە پانتاییەکی زۆری زەوی گرتووەتەوە، لەگەڵ بوونی 35 باخچە لە گەڕەکە جیاجیاکانی ناحیەکەدا بۆ حەوانەوە و پشووی هاووڵاتیان، بەمەش رێژەی سەوزایی لە ناحیەکەدا گەیشتووەتە 11 ٪.
هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ سەوزترکردنی ناحیەکە، چۆمان ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی گەرمیان بە کوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پرۆژەی دروستکردنی پارکی شەهید ئاکام لە ناحیەی رزگاری کۆتایی هات، کە لەسەر رووبەری 6700 مەتر زەوی لە دەروازەی ناحیەی رزگاری بە بڕی 15 ملیۆن و 650 هەزار دینار لەسەر بودجەی ئیدارەی گەرمیان، درووستکراوە.
گەرمیان، حسێن عەزیز