ئاری ئاغۆک
چیرۆکی منداڵان وەک ئامرازێکی گرنگی پەروەردەیی، لقێکی سەرەکی ئەدەبی منداڵانە، کە راستەوخۆ کاریگەریی هەیە لەسەر خەیاڵ و بیرکردنەوەی منداڵ، چونکە لە رێگەی کارەکتەرەکانەوە منداڵ دەتوانێ خۆی لەو بوارەدا بدۆزێتەوە کە کەسێکی باش و سەرکەوتوو و خۆشەویستە، بۆیە چیرۆکی منداڵان یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی گوێگر لەنێوان بیرکردنەوەی خەیاڵ فراوانیدا زیاتر هۆگری بابەتە جوان و باش و کاریگەرەکان ببێت.
بێگومان فۆڕم و ناوەڕۆکی نووسینی چیرۆکی منداڵان لە چەند بوارێکدا خۆی دەبینێتەوە، وەک (چیرۆکی پەروەردەیی، ئامۆژگاری، دادپەروەری، خەیاڵی، ژینگەیی، تەندروستی... هتد).
ئەوەی لێرەدا مەبەستە ئاماژەی پێبکەم، بریتییە لە گرنگیی چیرۆکی ژینگەیی لەسەر ژیان و بیرکردنەوەی منداڵ، ئایا ئەو چیرۆکانەی لە چوارچێوەی ژینگە و تەندروستیدان تاچەند لە ژیانی رۆژانەی منداڵدا رەنگدەدەنەوە؟ ئایا چیرۆکە ژینگەییەکان چۆن لەگەڵ هەست و بیرکردنەوەی منداڵ هاوتەریب دەبن و دواتر بەکردار جێبەجێ دەکرێن؟ لێرەدا دەتوانین بڵێین کاریگەرییەکان لەسەر بیرکردنەوەی منداڵ فرە رەهەند و جۆراوجۆرن، چونکە بەر لە هەموو شتێک چیرۆکە ژینگەییەکان دەستپێک و ئاشنابوونێکی سادە دەربارەی ژینگە و سروشت بەشێوەیەکی دروست پێشکەش دەکەن، خەیاڵ و بیرکردنەوەی منداڵ فراوان دەکات تا تێبگات و شارەزابێت لە جیهانی سروشت و دەورووبەر و پاکوخاوێنی و ئاژەڵدۆستی و تەندروستباشی و..هتد، هەموویان لە چوارچێوەی ئەو بابەتەدان کە لەفۆڕمی ژینگە و ژینگەپارێزیی خۆیان دەبیننەوە، بێگومان کاتێک دایباب یان مامۆستا، یان هەرکەسێکی دیکە، ئەمجۆرە چیرۆکانە بۆ منداڵ دەخوێنێتەوە، ئەوا منداڵ لەسەر هەمان ریتم و دەنگ و باسکردن هەستەکانی وەردەگرێت، بۆیە چەندە نووسین و بنەمای بابەتە ژینگەییەکە بۆ منداڵ پێویستە، ئەوا خوێندنەوە و نواندن و دەنگ زیاتر کاریگەریی دەبێت لەسەر خەیاڵ و دیدگای منداڵ، لە ناوەڕاستی چیرۆک یان کۆتایی، دەکرێت پرسیار ئاڕاستەی منداڵ بکرێت، بۆئەوەی بزانین تا چەند گوێگرێکی باشە و لەگەڵ رووداوەکاندا دەڕوات، چونکە دواجار چیرۆکەکان، هەستی بەرپرسیارییەتی بەرامبەر بە سروشت و دەورووبەر و ژینگە بە گشتی لای منداڵ دروست دەکەن، کە وێناکردنی چیرۆکی ژینگەیی لای منداڵ وادەکات بە روانینێکی نوێوە لە ژینگە و سروشت بڕوانێت، بەتایبەتی دەربارەی ئاژەڵ و گیانداران بۆ ئەوەی بەسۆز و بەزەییەوە لێیان بڕوانێت، هەروەها بۆ پاکوخاوێنیش بەهەمانشێوە کاتێک لە رێگەی چیرۆکەوە باس لە جیاوازیی نێوان منداڵی خاوێن و پیس دەکرێت، ئەوا لە ژیانی خۆیدا دەیەوێت بەکردار بیسەلمێنیێت ئەو لەو منداڵە خاوێنانەیە کە هەمیشە ئاگاداری تەندروستی و پاکوخاوێنی خۆیەتی، بۆیە دەتوانین بڵێین چیرۆکی ژینگەیی بەپێی قۆناغ و تەمەنی منداڵ کاریگەرییەکی زۆر باشیان هەیە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر منداڵانی دەورووبەر، لەبیریشمان نەچێت لەکاتی چیرۆک خوێندنەوەدا بۆ منداڵ، لەلایەن دایک یان باوکەوە پەیوەندی و خۆشەویستییەکی گەرم لە نێوانیاندا دروست دەبێت، لە کاتێکدا لە سەردەمی تەکنۆلۆژیا و ئەلیکترۆنیدا، بەداخەوە ئایپاد زاڵە بەسەر هەموو هەست و خەیاڵەکانی منداڵدا، کە زۆرجار خۆمان باجەکەی دەدەین، بۆیە گرنگە لە پەروەردەی خێزاندا، چیرۆکی ژینگەیی بکەینە بابەتێکی هەستیار و زۆر بە وردی کاری لەسەر بکەین، کە دەبێتە دەروازەیەکی باشی ژینگەدۆستیی بۆ ئێستا و داهاتووی منداڵ.