د. ژیلوان لەتیف یارئەحمەد
ناتانیاهۆ باوه‌ڕی وایه هێز ته‌نها ره‌گه‌زێكه له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا بایه‌خی سه‌ره‌كیی هه‌یه. ئه‌م دیدگایه له نزیكایه‌تی له‌گه‌ڵ سكولی ریالیستی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه یه‌كانگیر و هاوده‌نگه
بنیامین ناتانیاهۆ وه‌ك یه‌كێك له ناودارترین كاره‌كته‌ره سیاسییه‌كانی ئیسرائیل له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا، كه نه‌ك ته‌نها سیاسه‌تمه‌دارێكی پڕۆفیشناڵ، به‌ڵكو بیرمه‌ندێكی تیۆریی هه‌ژموونخوازه، كه هه‌ڵسوكه‌وت و مانۆڕه سیاسییه‌كانی كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌یه، ئه‌م وتاره له رووی فیكرییه‌وه هه‌وڵی شیكردنه‌وه‌ی تیۆر و باوه‌ڕه هه‌ژموونخوازییه‌كانی ناتانیاهۆ ده‌دات.
چوارچێوه‌ی فیكریی ناتانیاهۆ
ناتانیاهۆ له ساڵی 1949دا له ئۆرشه‌لیم له دایك بووه، سه‌ر به ماڵباتێكی زانستخواز و ناسیۆنالیسته، باوكی (به‌نزیۆن ناتانیاهۆ) مامۆستایه‌كی ناسراو بووه له نێو جووه‌كاندا، هه‌ڵگری ئایدیۆلۆجیایه‌كی سه‌ختگیر و راستڕه‌وی زایۆنی بووه، ئه‌م بیروباوه‌ڕه خێزانییه كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی سیاسی (بنیامین)ی كوڕی جێهێشتووه. ناتانیاهۆ زیاتر له 15 ساڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل بووه و سه‌ر به (حزبی لیكود)ه، كه ئه‌م حزبه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ریفۆرمخواز و به‌رهه‌ڵستكاره و بانگه‌شه بۆ پێداچوونه‌وه به كرۆكی بیروباوه‌ڕه‌كانی زایۆنیزم به‌ناوی (پێداچوونه‌وه) كردووه، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا (گۆڤاری به‌یتار)یان له ناوه‌ڕاستی (1930)ه‌كاندا له ئۆرشه‌لیم بڵاوكرده‌وه و تێیدا هه‌ریه‌ك له (یوسف كلاوزنه‌ر) و (ب.ز.ناتانیاهۆ) کە دەبێتە (باوكی بنیامین)، به نووسین و بڵاوكراوه‌كانیان بوونه سه‌رمه‌شقی ئه‌و ئاڕاسته نوێیه و تێكڕا وه‌ك ئۆرگانی ئایدیۆلۆجی و ئه‌ده‌بی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی زایۆنیزمی و درێژه‌دان به ره‌وتی پێداچوونه‌وه كاریان ده‌كرد.
قوتابخانه‌ی فیكریی پێداچوونه‌وه‌ی زایۆنیزم
ناتانیاهۆ له بنه‌ڕه‌تدا سه‌ر به قوتابخانه‌ی زایۆنیزمی پێداچوونه‌وه (Revisionist Zionism)ه، كه له‌لایه‌ن (ڤلادیمیر ژابۆتینسكیی)ه‌وه دامه‌زرێنراوه. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به ناوی پێداچوونه‌وه ناسراوه، چونكه ویستوویەتی بۆ ئامانجه راسته‌قینه‌كانی زایۆنیزم بگه‌ڕێته‌وه و كار بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی یه‌هودی له ته‌واوی جوگرافیای فه‌له‌ستیندا بكات.
میراتی پێداچوونه‌وه‌ی زایۆنیزم و كاریگه‌ریی لیكود له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئیسرائیل له بیروباوه‌ڕی ناتانیاهۆدا تا ئه‌م قۆناغه به‌رجه‌سته‌یه، گرنگترین بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م ئایدۆلۆژییایه بریتییه لە:
- مافی ئابووریی: باوه‌ڕبوون به مافی خاوه‌ندارێتی ته‌واوه‌تی یه‌هودییه‌كان له‌سه‌ر خاكی ئیسرائیل (خاكی مێژوویی یه‌هودییه‌كان).
- هێزی سه‌ربازیی: پشتگیریی له به‌رگری و هێزی سه‌ربازیی وه‌ك بنه‌مای به‌رده‌وامی و مانه‌وه.
- به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دوژمن: دووركه‌وتنه‌وه له گفتوگۆ و سازان و نێوەندگیری له‌گه‌ڵ دوژمنانی ئیسرائیل و باوه‌ڕبوون به رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی راسته‌وخۆ.
نوێنه‌رایه‌تی ره‌وتی سیاسی و فیكریی
ناتانیاهۆ نوێنه‌ری ره‌وتێكی ناسیۆنالیستی - مه‌زهه‌بگه‌رایه كه له كرۆكدا چه‌ند تێزێكی بنچینه‌یی له‌خۆ ده‌گرێت ئه‌وانیش:
- ناسیۆنالیزمی کەلتوریی: ناتانیاهۆ باوه‌ڕی به‌و ناسیۆنالیزمه هه‌یه كه لە كه‌لتور و مێژوو و ناسنامه‌ی یه‌هودییه‌كان پێكدێت، ئه‌م دیدگایه له كتێبی باوكی (باوكان دامه‌زرێنه‌رانی سییۆنیزم)دا به وردی روونكراوه‌ته‌وه.
- ناسیۆنالیزمی سه‌قامگیر: باوه‌ڕبوون به نه‌ته‌وه‌ی یه‌هودی وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی سه‌قامگیر و خاوه‌ن مێژوو كه نابێت دانوستان و سازش بكات.
- ریالیزمی سیاسی: ناتانیاهۆ له كتێبێكدا به ناونیشانی (شه‌ڕ له‌گه‌ڵ تیرۆریزم، چۆن دیموكراسییه‌كان ده‌توانن تیرۆریسته ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكوژن)، ئه‌م بیرۆكه‌یه ده‌خاته‌ڕوو كه جیهان شوێنێكی ترسناكه و ته‌نها هێز و ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت ئاسایش بپارێزێت.
تیۆری كاركردن: ستراتیجی هه‌ژموونخوازیی له رووی تیۆرییه‌وه، ناتانیاهۆ له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند پره‌نسیپێك كار ده‌كات ئه‌وانیش.
- هه‌ژموونی ئاسایش: ناتانیاهۆ باوه‌ڕی وایه ئیسرائیل ده‌بێت هه‌ژموونی سه‌ربازی و ئاسایشی خۆی له ناوچه‌كه‌دا بهێڵێته‌وه. ئه‌م تیۆره له دانراوێكدا به‌ناوی (دۆكترینی ناتانیاهۆ) باسكردووه.
- به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه: باوه‌ڕبوون به گرنگی (پێشهه‌ڵگرتنی ڕێگرییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی پۆلیس و تاكتیكه پێشوه‌ختییه‌كان) هه‌یه.
- ئابووریی سیاسی: ناتانیاهۆ پشتگیریی له سیاسه‌تی ئابووریی نیولیبراڵیزم ده‌كات، به‌ڵام به جۆرێك كه خزمه‌ت به ئامانجه جۆپۆلۆتیكییه‌كانی ئیسرائیل بكات.
تیۆری هه‌ژموونگه‌رایی و پاوانخوازیی
هه‌ژموونگه‌رایی ناتانیاهۆ له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند تیۆرێك دامه‌زراوه ئه‌وانیش:
- تیۆری هه‌ڕه‌شه: ناتانیاهۆ جیهان وه‌ك شوێنێکی پڕ له هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئیسرائیل ده‌بینێت، به تایبه‌تی له ناوچه‌ی رۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا. له ژیاننامه‌كه‌یدا به‌ناوی (بیبی: چیرۆكی من)دا ئه‌م دیدگایه وه‌ك چیرۆكێكی سه‌رکه‌ش و ئاماده راده‌گه‌یه‌نێت.
- تیۆری به‌رهه‌مهێنانی هێز: ناتانیاهۆ باوه‌ڕی وایه هێز ته‌نها ره‌گه‌زێكه له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا بایه‌خی سه‌ره‌كیی هه‌یه. ئه‌م دیدگایه له نزیكایه‌تی له‌گه‌ڵ سكولی ریالیستی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه یه‌كانگیر و هاوده‌نگه.
- تیۆری باڵاده‌ستی كەلتوری: ناتانیاهۆ باوه‌ڕی به باڵاده‌ستی كەلتوری رۆژئاوایی - یه‌هودی هه‌یه، له به‌رانبه‌ر كەلتور و نه‌ریته باوه عه‌ره‌بییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا.
تێڕوانینه تیۆرییه‌كانی ناتانیاهۆ بۆ نه‌ته‌وه و ناسیۆنالیزم
ناتانیاهۆ نه‌ته‌وه‌ی یه‌هودی وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی ئه‌نتۆلۆجی ده‌بینێت، نه‌ك وه‌ك داهێنانی مۆدێرن، ئه‌م دیدگایه له تیۆرییه (پریمۆردیالیست)ه‌كانی ناسیۆنالیزمه‌وه هاتووه، كه ده‌ڵێت: (نه‌ته‌وه‌كان بنه‌ڕه‌تی قووڵیان هه‌یه له مێژوو و كەلتور و زمان و ئایینه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، به‌م پێیه له رووی فه‌لسه‌فییه‌وه، ناتانیاهۆ سه‌ر به ئه‌و ره‌وته‌یه كه (ناسیۆنالیزمی بنچینه‌یی) پێده‌گوترێت، كه باوه‌ڕی وایه هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ریشه و بنچینه‌یه‌كی مێژوویی قووڵی هه‌یه، هه‌ر ئه‌مه به خاك و شوێنی باو و باپیرانییه‌وه گرێی ده‌دات.
دیدگا سیاسی و ئابوورییه‌كانی ناتانیاهۆ
له رووی ئابوورییه‌وه، ناتانیاهۆ هاوكارێكی راسته‌قینه‌ی سیاسه‌تی نیۆلیبرالیزمه، به‌ڵام به جۆرێكی تایبه‌ت. ئه‌و باوه‌ڕی به ئازادی بازاڕ هه‌یه، به جۆرێك كه ته‌نها خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندیی ناسیۆنالیستی ئیسرائیل بكات. ئه‌م دیدگایه نزیكه له تیۆری (ناسیۆنالیزمی ئابووری)، كه پێیوایه ئابووریی ده‌بێت خزمه‌ت به ئامانجه سیاسییه‌كان بكات. به‌م پێودانگه له رووی سیاسییه‌وه، ناتانیاهۆ پشتگیری له (دیموكراسیی هه‌ڵبژێردراو) ده‌كات، ئه‌و مۆدێله‌ی دیموكراسییه‌ی كه تێیدا هاووڵاتی به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ به‌شداره و ده‌نگ ده‌دات، به‌ڵام بڕیاره گرنگه‌كان له‌لایه‌ن توێژی زانا و شاره‌زاوه ده‌درێت نه‌ك هه‌موو كه‌س.
تیۆریی پاراستن و به‌رگریی
یه‌كێك له گرنگترین تیۆرییه‌كانی ناتانیاهۆ، تیۆری (به‌رگریی پیشه‌سازانه)یه، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ناتانیاهۆ باوه‌ڕی وایه چاره‌سه‌ریی هاوسه‌نگی هێز له ناوچه‌دا مانای ئه‌وه‌یه ئیسرائیل ده‌بێت له رووی سه‌ربازی و ته‌كنه‌لۆجییه‌وه پایه‌دار و به‌هێز بێت، كه هیچ دو‌ژمنێك نه‌یه‌وێت و نه‌توانێت رووبه‌ڕووی ببێته‌وه، ئه‌م تیۆره به پشت به‌ستن به بیرۆكه‌ی (تۆرانی مۆدێرن) كه ده‌ڵێت: (له جیهانی مۆدێرندا، ده‌سه‌ڵات له رێگه‌ی زانیاری، ته‌كنه‌لۆجیا و ئابوورییه‌وه به‌ده‌ست دێت، نه‌ك ته‌نها له رێگه‌ی هێزی سه‌ربازییه‌وه).
ئه‌نجامگیریی
بنیامین ناتانیاهۆ وه‌ك بیرمه‌ند و سیاسه‌تمه‌دار، كار له‌سه‌ر تێكه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌تی تیۆرییه سیاسییه كلاسیك و مۆدێرنه‌كان ده‌كات و دیدگا هه‌ژموونخوازییه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ناسیۆنالیزمی كەلتوریی، ریالیزمی سیاسی و باوه‌ڕ به باڵاده‌ستی ته‌كنه‌لۆژیی و سه‌ربازیی دامه‌زراوه. تیۆرییه‌كانی نه‌ك ته‌نها كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئیسرائیل هه‌بووه، به‌ڵكو وه‌ك مۆدێلێك بۆ بیركردنه‌وه له‌سه‌ر هه‌ژموونخوازیی له جیهانی مۆدێرندا، به گشتی خزمه‌ت ده‌كات. سیاسه‌تی هه‌ژموونخوازیی ناتانیاهۆ له كۆتاییدا پێكهاته‌یه‌كه له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی، ستراتیجییه‌تی سه‌ربازیی و ناسیۆنالیزمی كەلتوریی، كه ئامانجی به‌رده‌وامی و به‌ره‌وپێشچوونی ئیسرائیلە وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی هه‌ژموونخواز له ژینگه جیۆسیاسییه‌كه‌ی خۆیدا.