بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا رەفعەت عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی، عیماد ئەحمەد، لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن و نەجمەدین فەقێ، لێپرسراوی بۆردی هۆشیاری ئامادەبوون. هەڤاڵ عیماد ئەحمەد روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەرک، گۆڕانکاری و رێکخستنەوەی میدیای یەکێتی پێشکەشکرد و جەختی لە پابەندبوون بە سیاسەتی میدیایی پیشەیی، کوردستانی و بەرپرسیارانەی یەکێتی کردەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی ماندووبوون و رۆڵی پیشەییانەی میدیاکارانی یەکێتی کرد کە بە ئەمانەتەوە ئەرکەکانیان رادەپەڕێن و پابەند بە ستراتیجی نیشتمانی و هاوسەنگیی یەکێتییانە پەیامەکانیان دەگەیەنن و وتی، ئەمە ئەو رێگا دروستەیە کە میدیاکانمان لە میدیاکانی دیکە جیادەکاتەوە.
لەبارەی ئەرکی میدیاکانی یەکێتی لەم قۆناغەدا، سەرۆک بافڵ تیشکی خستەسەر گۆڕانکارییەکان و سیاسەتی کارکردنی میدیایی بۆ ئەم قۆناغە روونکردەوە و رایگەیاند، نابێت راگەیاندنی یەکێتی بەشێک بێت لە کێشەکان، بەڵکو دەبێت بەشێک بێت لە چارەسەر، پاراستنی یەکڕیزی و زاڵکردنی زمانی دیالۆگ، ئەمەش بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی سەنگین و هاوسەنگ لەسەر بنەمای ئیتیک و پیشەی راگەیاندن دەبێت و پێویستە هەرگیز لە وتنی راستییەکان سڵ نەکەنەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لە پێویستیی گەشەپێدانی لایەنی هۆشیاری و رۆشنبیری لە سەرجەم ئۆرگانەکان کردەوە. هەروەها سوپاسی هەڤاڵانی مەکتەبی هۆشیاری کرد و داوایلێکردن زیاتر گرنگی بە چالاکییەکانیان بدەن و هاوکاربن لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکەی یەکێتی و خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم بگونجێنن.