ئەوروپییەکان دەرسێکی باشیان بە زیلینسکی داوە بۆئەوەی بزانێت چۆن لەگەڵ ترەمپ قسە بکات

01:43 - 2025-08-18
جیهان
47 جار خوێندراوەتەوە

هاوکار قادر

لە دوای لوتکەی ئەلاسکا "ترەمپ-پوتین"، ئەوروپییەکان تۆقیون لەوەی سەرۆکی ئەمریکا کەوتبێتە ژێر هەژموون و کاریزمایی و قەناعەتەکانی سەرۆکی روسیاوە، بۆیە بڕیاریان داوە ئەمڕۆ ژمارەیەك سەرکردەیان لەگەڵ زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بچنە واشنتۆن و لە دیدارەکەی کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ ئامادەبن.
کێ و کێ دەچن؟
* زیلینسکی - سەرۆکی ئۆکرانیا - دیدارەکە بۆ ئەم رێکخراوە تا جەنگەکەی لەگەڵ روسیا بوەستێنێت و ئاشتی بەدیبێت.
* کیێر ستارمەر، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا.
* ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا.
* فریدریش میرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا.
* ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا.
* مارك روتە، ئەمینداری گشتی ناتۆ.
* چەند سەرکردەیەکی دیکەی ئەوروپییەکان.

دەرسی زیلینسکی-یان داوە
رۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی راپۆرتێکی سەیری بڵاوکردووەتەوە، باس لەوە دەکات سەرکردە ئەوروپییەکان لە ترسی کۆبونەوەکەی پێشووی ترەمپ-زیلینسکی لە کۆشکی سپی، بڕیاریان داوە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا بچنە واشنتۆن و ئەمڕۆ دووشەممە لە تەك زیلینسکی دەبن لە کاتی کۆبونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ.
بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ، دەرسێکی باشی زیلینسکی-یان دایەوە، ئەم شتانەیان پێ وتووە بۆئەوەی هەم بتوانێت قسەی لەگەڵ بکات هەم کاریگەریشی بکاتەسەر:
* لەگەڵ دەستپێکردنی قسەکردن، دەبێت سوپاسی ئەمریکا بکات بۆ هەموو ئەو پشتیوانییەی پێشکەشی ئۆکرانیای کردووە لە 2022ەوە تا ئەمڕۆ بۆ رووبەڕووبوونەوەی روسیا.
* ئەگەر ترەمپ هەر قسە و رستەیەکی ئیستیفزازی هەبوو، نابێت زیلینسکی وەڵامی بداتەوە (ئەمە ستافی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا پێیان وتووە).
* نابێت زیلینسکی بەشێوەیەکی ئاشکرا هەوڵبدات بۆچوونێك یاخود هەڵوێستێکی دیاریکراو بە ترەمپ بسەلمێنێت و وای لێبکات بیڵێت یان پەسندی بکات، بۆئەوەی خۆبەزلزانینەکەی نەوروژێنرێت.
* ئەوەندەی دەکرێت ستایشی ترەمپ بکات.
* لە پشت پەردەوە نفوزی خۆی بەکاربهێنێت بۆئەوەی هێندەی دەکرێت وایلێبکات هەڵوێستێکی هەبێت خزمەت بە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئۆکرانیا بکات.
لۆردێکی بەریتانی هەیە ناوی کیم داروش-ە، پێشتر لە ویلایەتی یەکەمی ترەمپ باڵیۆز بووە لە واشنتۆن، وتوویەتی: ئەو وەفدە باڵایەی ئەوروپا، کە بە پەلە پەل بۆ هاوسەفەریی زیلینسکی پێکهێنراوە، نیشانەی دڵەڕاوکێی قوڵی ئەوروپییەکانە لە ئەنجامەکانی لوتکەی ئەلاسکا.

#جیهان

بابەتە پەیوەندیدارەکان