ستونی کراوە

هونەرمەندی جوان کێیە؟

11:38 - 2024-06-12
رۆزا دڵشاد مەریوانی
336 خوێندراوەتەوە

لە مەجلیسێکدا دانیشتوویت یان لە نێو ئۆتۆمبێلەکەتدا گۆرانییەک پەخشدەکرێت رەنگە بوترێت «گۆرانییەکی خۆشە، بەڵام» ئەو بەڵام-ە نەک تەنیا بۆ گۆرانیبێژ، بەڵکو بۆ هەر جۆرە هونەرێک زۆر گرنگە، چونکە هەر هونەرمەندێک ئەو بەڵام-ە بەدوای ناوەکەی یان ستایشی کارێکی باشیدا هات، بە رای من وادەکات تێکبشکێت یان نەتوانێت ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت و ئەستێرەی لە دنیای هونەردا بگەشێتەوە، لەبەرئەوەی کاتێک کارێکی وەک هونەر پێشکەش دەکەیت، وەرگرەکانت ئەو جەماوەرەیە کە لەسەر شان و پاڵپشتیی ئەوان بەناوبانگ دەبیت و جیاواز لە هەر کارێکی دیکە هەموو چین و توێژەکان وەرگری تۆن، بۆیە زۆر گرنگە چەندە هونەرەکەت جوان بێت وەک مرۆڤیش جوان بیت، کاتێک بینەران و گوێگران بەرهەمێکی جوانی تۆ وەردەگرن، لە کارەکەتدا سەرکەوتوو دەبیت ئەگەر نەوترێت کارێکی جوان و سەرکەوتووە، بەڵام وەک مرۆڤ لە هەر روویەکەوە بێت بەداخەوە ئاستێکی نزمی هەیە، بێگومان لەبەر هیچ شتێک نەبێت لەبەرئەوەیە کاری هونەرمەند کارێکی گشتییە و ئەو هونەرە دەبێتە موڵکی خەڵک، هاوکات ئەگەر رەفتار و خوڕەوشتی جوانی لەگەڵدا نەبێت ئەوا لە ئایندەیەکی نزیک یان دووردا، لەگەڵ کەڵەکەبوونی رەفتارە نەشیاوەکانی هونەرمەندەکەدا، چەندە هونەرەکەی جوان و ناوازە بێت کاریگەریی خراپ لەسەر هونەرەکەی جێدەهێڵێت.
هونەر هەڵگری پەیامێکی پیرۆزە و ناکرێت و ناگونجێت هەڵگری ئەو پەیامە کەسێکی ئاست نزم و مرۆڤێکی رەفتار ناشیرین بێت، بێگومان لێرەدا مەبەستم لەو کەسانەیە کە بەڕاستی دەیانەوێت وەک هونەرمەند بمێننەوە و دەرکەون، نەک ئەوانەی ئەو ناوە لە خۆیان دەنێن و لەم سەردەمی تەکنۆلۆژیا و سۆشیال میدیایەدا لەڕێگەی پێشکەشکردنی هەندێ بابەتی سێکسی و وروژاندن بۆ ماوەیەکی کاتیی، بۆ ناوبانگێکی خێرا دەردەکەون و هەرزوو لەبیردەچنەوە، چونکە ئەوەی وەک هونەرەکەی مرۆڤێکی جوان و بەڕەوشت بێت ئەوە دەمێنێتەوە، هەمیشەش کاتێک تەماشای بەرهەمی هونەرمەندێک دەکەیت کە وەک هونەر و وەک مرۆڤیش جوانە، چێژێکی تایبەتی لێ دەبینیت، نموونەش بۆ ئەوە لە ئێستا و رابردوودا زۆرە و ئەوانەی لە هەردوو لایەندا جوانن هونەرەکەیان بە نەمریی دەمێنێتەوە و ئەوانی دیکە هەر زوو وەک بڵقی سەرئاو نامێنن و لە بیر دەچنەوە. 

وتارەکانی نوسەر