خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەیەكی خوێناویی بۆ میدیاكاران

10:58 - 2025-01-26
جەواد حەیدەری
183 خوێندراوەتەوە


فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان لە دوایین راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، كە لە كۆتایی ساڵی 2024 دا بڵاویكردۆتەوە، كە لە ساڵی 2024 دا 104 رۆژنامەنووس و میدیاكار و كامێرەڤان، لەسەرتاسەری جیهاندا كوژراون، كە زۆربەیان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بووە و لەو رێژەیەش نیوەی لە شاری غەززە كوژراون. لە راپۆرتەكەدا هاتووە، كە لە كۆی 104 رۆژنامەنووس و میدیاكاری كوژراو، 12 یان لە رەگەزی (مێ)ن، ئەمە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2023 بە رێژەیەكی زۆر كەم، كەمی كردووە، لە ساڵی 2023 دا لە سەرتاسەری جیهاندا 129 میدیاكار كوژرابوون، كە لەو رێژەیە 14 یان لە رەگەزی (مێ)ن. 
لە راپۆرتەكەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووساندا هاتووە، كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی زۆرترین كوژراوی میدیاکاری لەخۆ گرتووە، كە 62 كەسە. لەو رێژەیە 55 رۆژنامەنووس و میدیاكار لە فەلەستین بە تایبەتی غەززە، شەش كەس لە لوبنان و یەك كەسیش لە سوریا كوژراون. راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە لەسەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی غەززە تا ئێستا 139 رۆژنامەنووس و میدیاكاری فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە و ئەمەش دەریخستووە كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسیدارترین و خوێناویترین ناوچەی جیهانە بۆ رۆژنامەنووسان. لە بەشێكی تری راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە بە هۆی توندوتیژییەكان لە باشووری ئاسیا، شەش رۆژنامەنووس لە پاكستان و پێنج رۆژنامەنووس لە بەنگلادش و سێ رۆژنامەنووس لە هیندستان لە ساڵی 2024 دا كوژراون.
لە ئەفریقاش، لە ساڵی 2024 دا هەشت رۆژنامەنووس گیانیان لە دەستداوە، كە پێنجیان بە هۆی شەڕ و پێكدادانەكانی ناوخۆی سودان كوژراون. لە ئەمریكای لاتینیش شەش رۆژنامەنووس، كە پێنجیان لە مەكسیك و رۆژنامەنووسێكیش لە كۆلۆمبیا كوژراون. 
ئەوروپاش سەرەڕای جەنگی ئۆكرانیا ئارامترین شوێنە بۆ رۆژنامەنووسان و میدیاكاران، ئەمە لە كاتێكدایە لە ساڵی 2024 دا چوار رۆژنامەنووس و میدیاكار بەهۆی جەنگەوە لە ئۆكرانیا كوژراون.
بە پێی راپۆرتەكەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان لە ساڵی 2024 دا لەسەرتاسەری جیهاندا، 520 رۆژنامەنووس دەستگیر كراون، كە لەو رێژەیە 135 رۆژنامەنووس تەنها لە چین دەستبەسەر كراون. 
بارودۆخی كاری میدیایی لە غەززە زۆر مەترسیدارە و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكرێت بە پێی راپۆرتی رێكخراوی ئەنجومەنی ئازادی(Forum Freedom) كە بارەگاكەی لە واشنتۆنە و بەرگری لە ئازادی رادەربڕین دەكات، ماوەی جەنگی دووەمی جیهان (1939-1945) كە بە خوێناویترین جەنگی جیهانی مۆدێرن ناسراوە و تێیدا بە دەیان ملیۆن كەس بوونە قوربانی، تەنها 69 رۆژنامەنووس و میدیاكار گیانیان لەدەستدا، بەڵام لە غەززە لە دوای رووداوەكانی حەوتی ئۆكتۆبەر تا ئێستا 197 رۆژنامەنووس و میدیاكار و وێنەگر كوژراون، كە ئەمە ئامارێكی مەترسیدارە. هەر لە راپۆرتی ئەو ئەنجومەنە هاتووە، كە لە ماوەی جەنگی بیست ساڵەی نێوان ئەمریكا و ڤێتنام تەنها 63 رۆژنامەنووس و میدیاكار كوژراون و لە جەنگی دوورگەی كۆریا (كۆریای باشوور و كۆریای باكوور)، كە سێ ساڵی خایەند تەنها 17 رۆژنامەنووس كوژراون.
سەرچاوە/ روزنامە شرق

وتارەکانی نوسەر