كاتی خۆی ئەمریكا، روسیا، چین، بەریتانیا و فەرەنسا لەگەڵ ئەڵمانیا گروپی وڵاتانی پێنج كۆ یەك(1+5) یان پێكهێنابوو، كاریان بڕیاردان بوو لەسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران.
پاش ئەوەی كە ترەمپ بۆ جاری دووەم بووەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاریدا لەگەڵ ئێراندا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە گفتوگۆ بكات.
ترەمپ بۆچی لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتییەکەیدا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان ئێران و گروپی 1+5 چووە دەرەوە و ئێستا بۆچی دەیەوێت زیندووی بكاتەوە؟ ترەمپ پێیوابوو لە رێككەوتنەكەی پێشوودا، ئێران زەمینەی دەستەبەرکردووە تا چەكی ئەتۆمی دروست بكات و ئەمەش بۆ ئەمریكا مایەی قبووڵکردن نییە.
ترەمپ پێیوابوو كە ئۆباما زیاد لەپێویست لەگەڵ ئێراندا نەرم بووە و لە رێككەوتنەكەدا هەم ئەمریكا و هەم ئەوروپاییەكان زۆر خاتری ئێرانیان گرتووە، بۆیە هەڵیوەشاندەوە.
ئێستا ئەمریكا دەیەوێت بە تەنها لەگەڵ ئێراندا لەدەوری مێزێك دابنیشێت و گفتوگۆ بكات بەبێ ئەوەی بۆ رای وڵاتانی گروپی(1+5) بگەڕێتەوە.
ترەمپ لە رێككەوتن لەگەڵ ئێران سوورە بە تەنیا لەگەڵیدا رێكبكەوێت بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت سەرۆكایەتیی ئەمجارەی جیاوازترە
ئەم كۆبوونەوە ناڕاستەوخۆیەی كە لەنێوان وەفدی ئێران و ئەمریكادا لە مەسقەتی پایتەختی سوڵتاننشینی عومان بەڕێوەچوو، كۆتایی بە گروپی 1 + 5 هێناوە و ئێستا لەبری ئەو گروپە، 1 + 1( ئێران و ئەمریكا) گفتوگۆ دەكەن.
ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی پێشوو جگە لە ئەمریكا، وڵاتانی ئەندامی گروپی 5+1 هەموویان سوودمەند بوون، بۆیە ئەمجارە ترەمپ دەیەوێت ئەوان بێبەش بكات و تەنها ئەمریكا خۆی لە گفتوگۆكان و رێككەوتنەکە سوودمەند بێت، پاش ئەوەی كە مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند: رابەری ئێران لەگەڵ ئەوەدایە كە كۆمپانیا ئەمریكاییەكان لە ئێراندا وەبەرهێنان بكەن.
ترەمپ هەم لە رێككەوتن لەگەڵ ئێران سوورە و هەم زۆر جدیشە كە بە تەنها لەگەڵ ئێراندا رێكبكەوێت بۆئەوەی بیسەلمێنێت كە سەرۆكایەتیی ئەمجارەی جیاوازترە، ئەگەر خولی پێشوو بازرگانێكی سیاسی بووبێت، ئەوا ئەمجارە سیاسییەكی بازرگانە و گەرەكێتی خۆی لە ئەوروپا داببڕێت و خۆی بەتەنیا لە ئاستی جیهاندا بڕیاربدات. هەروەك لە بابەتی پێناسەی گومركی و سەپاندنی باجی گۆمركی بەسەر وڵاتانی جیهاندا، ترەمپێكی بڕیاردەرمان بینی.