پێکهێنانی کابینەی نوێ بەکوێ گەیشت؟

10:22 - 2025-04-08
هیوا محەمەد
211 خوێندراوەتەوە

دەڵێن ئەوەی خاوەن ماڵ دەیزانێت، دز بیزانێت، ماڵەکە دەدات بەو کۆڵیدا و دەڕوات، کۆبوونەوەو و دانوستانەکانی نێوان لیژنە راسپێردراوەکانی هەردوولا، دیار نییە بەدروستی چی دەگوزەرێت، ئەوەی رادەگەیەنرێت هەمووی ئەوە نییە کە باس کراوە، دیارە ئەمەش مافی خۆیانە و زۆر شت نادەنە بڵندگۆی دەرەوە بۆ ئەوەی دۆخی دانوستانەکە تێکنەچێت.
خەڵک چاوەڕوانی هەرچی زووتر پێکهێنانی حکومەتی نوێیە، بەڵام هەموان نازانن کە هۆکاری داکەوتنی تەنها خاڵە جیاوازەکانی نێوانیان نییە، بەڵکو فاکتەری دەرەکییش هەیە کە بۆتە کۆسپ لەبەردەم گەیشتن بە کۆتایی و راگەیاندنی کابینەکە.
ئێمە دەبێت خۆمان درک بەوە بکەین کە هەژموونی وڵاتانی ئیقلیمی لەسەر چۆنێتی داڕشتنی بەرنامەی حکومەت و کەسایەتییەکان بۆ پۆستە باڵاکان هەیە، ئەمە پێویستی بە تێگەیشتنە، تا چیدی نەڵێن ئەم دوانە لەبەر بەرژەوەندیی حزبی رێککناکەون!.
دەبێت ئەوە بزانین کە ئەم حکومەتە نوێیەی سوریا بە پشتی کێ هات و چۆن  بەشار چۆڵی کرد بۆیان؟ ئێستا کێ دەستی لە راگرتنیدا هەیە؟ ئاواش لە هەرێمی کوردستان کاریگەریی سیاسەتی ئیقلیمی لەسەر رەوتی حکومەت هەیە، ئاسانترین نموونە: لەکاتێکدا کە تورکیا ئابڵووقەی فرۆکەخانەی سلێمانی داوە، دەکرێت رازی بێت کەسێکی سەر بە یەکێتی ببێتە سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە سنوورێکی درێژ و گرنگی بە تورکیاوە هەیە؟ ئایا دەکرێت هەڵوێستەکانی یەکێتی سەبارەت بە کێشەکانی کورد لەگەڵ تورکیا، لای تورکیا مایەی رەزامەندی بێت؟ بێگومان نەخێر، ئیتر لێرەوە دەکرێت دەیان پرسیاری شاردراوە هەبن و وەڵامەکەشی لە رێگەی ئەم سەرە دەزووەوە بدۆزینەوە، دوای ئەوەی زانیمان کە کەم تا زۆر کاریگەریی ئیقلیمیمان لەسەرە.
هەندێک پلانی حکومەت سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەبردنی هەرێم، دەکرێت ئاشکرا بێت بۆ خەڵک، بابەتی پڕۆژەکان و تێچووەکەی و چۆنێتی خەرجکردن و درێژەدان بە خزمەتگوزارییەکان، بەڵام زۆرێکی تر دەبنە نهێنی و دەبێت تەنها لای سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەت یان وەزیری پەیوەندییدار بن. 
سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی، لەوانەی پەیوەندیدارن بە پرۆسەی دانوستان بۆ پێکهێنانی حکومەت، دەزانن کۆسپەکان چین، بەڵام ناکرێت هەمووی بەیان بکرێت.
هەر بۆیە لێرەوە دەڵێین، ئەوەی لەسەر شانی ئەم دوو حزبەیە، هەنگاونانی خێرایە بۆ گەیشتن بە خاڵی کۆتایی، ئیتر ئەگەر بە لەبەرچاوگرتنی خواست و مەرجە ئیقلیمییەکانیش بێت، چونکە خەمخۆری هەرێم خۆمانین نەک وڵاتانی ئیقلیمی، ئەگەر بەدەستی ئەوان بێت، نایانەوێت ئارامی و سەقامگیریی لەم هەرێمەدا هەبێت، ئەوان پێیان باشە کە کورد لەسەر پێی خۆی رانەوەستێت و ئەوەی هەیە دابڕمێت.
ئەوان باش دەزانن کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش لەپێشمانە، بەڵام خواستی نەیارانمانە ئەم حکومەتە پێکنەیەت و جەماوەری کوردستان لەم دوو حزبە زویر بکەن و بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، دەنگیان نەدەنێ، کەواتە شانخستنە ژێرباری هەل و مەرجەکان و پێکهێنانی حکومەت لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێم و هەردوو حزبە سەرەکییەکەشە، نەک کات بەڕێکردن و درێژەدان بە کۆبوونەوەکان. 
دوای تێپەڕینی چەند ساڵی دیکە ئەوجار دەردەکەوێت کە هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی کابینەی دەیەم بۆچی لەدوای تێپەڕینی نزیک بە شەش مانگ بەسەر دوا هەڵبژاردندا،  هێشتا کۆتایی نەهاتووە، هەر چۆن دوای دەیان ساڵ زانیمان بۆچی دانوستانی نێوان یەکێتی و حکومەتی عیراق لە ساڵی 1983 بۆچی بە ئەنجام نەگەیشت؟ 
تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە، دەبێت ئەمانە وەک راستییەک بزانن ئەوجار گلەیی و گازندەکانیان بخەنەگەڕ و بڵێن بۆچی رێکناکەون؟

وتارەکانی نوسەر