لە 10 ساڵی رابردووەوە، هیچ کات هێندەی ئێستا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەنگاوەکانی لەسەر بناغەیەکی دروستی حزبایەتی نەناوە، ئێستا بەهەموو شێوازەکان خەریکی فراوانکردنی پێگەی حزب و پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان خۆی و جەماوەرە، لەگەڵیشیدا سیاسەتی دیپلۆماسییانەی گرتۆتەبەر و دەیەوێت لەگەڵ هەموو پێشهاتەکان خۆی بگونجێنێت و لەکوێدا بەرژەوەندیی حزبەکەی و خەڵکەکەی پارێزراو بێت روو لەوێ بنێت.
بەو پێیەی کە ئێمە لە جوگرافیایەکی سیاسیی ناسروشتیدا دەژین، لەچاو وڵاتانی دیکە، ئەویش بەهۆی جیاوازیی نێوان هەرێم و بەغدا و سیستمی فیدراڵی و فرەحزبی و فرەبۆچوونی ئاڕاستە پێچەوانەکان سەبارەت بە کێشە سەرەکییەکانی تەواوی عیراق و کاریگەریی دەرەکی لەسەرمان و بوونی رۆڵی زۆرێک لە وڵاتان لە کایە سیاسییەکاندا.
بۆ هەموو ئەمانە ئاسان نییە، حزبێک بتوانێت رۆڵی خۆی بە گونجاوی بگێڕێت و سەرکردایەتیی رەوتەکە بکات و نەهێڵێت تووشی کارەسات ببێت.
دیارە کە ئەمەش جگە لە تێکڕای حزبەکە، بوونی سەرکردایەتییەکی لێهاتووە کە توانیویەتی تا ئێستا خۆی بهێڵێتەوە و بەرەو پێش بچێت و رێکخستنەکانی پتەو ببێت.
ئێستا سەرۆکی ی.ن.ک بافڵ تاڵەبانی لە بەغدایە، دیارە ئەمجارەش ماڵەکەی مام دەکاتەوە بە شوێنی دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنە جیاجیاکانی بەشدار لە پەرلەمان و حکومڕانیی عیراق، بەتایبەتی لەم کاتەدا، گۆڕانکاریی بەرچاو بەڕێوەیە و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش چەند مانگێکی ماوە، ئەگەرچی هەندێک لایەن دەیانەوێت کۆسپ لەبەردەم بەڕێوەچوونی دروستبکەن.
دۆخی ئابووریی عیراق لەدوای سەپاندن و زیادکردنی باجی ئەمریکی لەسەر کاڵاکان و خواستی ئەمریکا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارە جیاوازەکان و رەتکردنەوەی ئەم خواستە لەلایەن بەشێکیانەوە، مانەوەی پێکنەهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم، بە هەڵواسراوی، پەیوەندیی ئەمریکا و ئێران و ملنانیان بۆ دانوستانی راستەوخۆ کە کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر دۆخی عیراق و ناوچەکە، واتا گەیشتنیان بە ئەنجامی باش، لێکەوتەی باشیشی بۆسەر عیراق و هەرێم دەبێت و پێچەوانەکەشی، کاریگەریی خراپی دەبێت.
بۆ هەموو ئەم دۆخ و پێشهاتانە، جووڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی، بە واتای ئامادەکاری و خۆگونجاندنە لەگەڵ رووداوەکان و هەڵوێستە سیاسییەکان.
یەکێتی لە هەرێمی کوردستاندا، حزبێکی باڵادەستە و جوگرافیایەکی سیاسیی فراوانی بەدەستە، هێزی سەبازیی و ئەمنی باشی هەیە، توانیویەتی کۆنتڕۆڵی ئەم بەشەی ژێر دەسەڵاتی خۆی بە باشی بکات، بە جۆرێک کە بۆتە جێگەی حەوانەوە و گەشتیاریی سەدان هەزار گەشتیاری عیراقی لە شارە جیاجیاکانەوە، دیارە ئەمەش بەهۆی ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەوە دێت کە بە پتەوی پارێزراوە.
بۆ هەر هەنگاوێک لە چوارچێوەی عیراق و هەرێمی کوردستاندا، یەکێتی پێویستی بە هاوکاریی و خۆگونجاندن و رێککەوتنە لەگەڵ لایەنە سەرەکییەکانی ناو پرۆسی حکومڕانیی لە عیراق و هەرێم، هەر لەبەر ئەمەشە ملی ناوە بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ. یەکێتی دەیەوێت حکومەتێک پێکبێت بە بەرنامەیەکی داڕێژروای پێشوەختە، تیایدا هێڵەکانی کارکردن و مامەڵە لەگەڵ بەغدا و چۆنێتی زیاترکردنی خزمەتگوزارییەکان لە هەرێم و بوژانەوەی ژیانی خەڵک مسۆگەر کرابێت، لەوێشەوە پەیوەندییە دەرەکییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی سەروەریی عیراقی فیدراڵیدا رێکبخرێت و چیدی هەرێم نەکرێتە قوربانی و سەروەرییەکی پێشێل نەکرێت، ئیتر روو بکەینە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی هەرێم.