تراوما واتا دەروونبریندار یان زەبری دەروونیی، ئەو ئاسەوارەی توندوتیژیی لە ناخی مرۆڤەکاندا بەجێی دەهێڵێت، بێگومان کەسوکار و میراتگری ئەنفالەکان، شایەدحاڵەکانی کیمیایی بارانکردنی هەڵەبجە، گۆڕە بەکۆمەڵەکان، زیندانیانی سیاسی و میللەتانی چەوساوەی ژێردەستی رژێمە دیکتاتۆرییەکان و ئەو نەتەوانەی دووچاری سیاسەتی پاکتاوی رەگەزیی یان ئیتنی دەبنەوە، هەموو ئەمانە کەسانی تووشبوون بە زەبری دەروونیی سەخت و بەئازار کە هەندێکیان تا مردن بەو ئازارەوە دەتلێنەوە. دەمەوێت باس لە چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ دەروونبریندارانی کارەسات و جینۆسایدکراوان بکەم دەستپێکی باسەکەشم گێڕانەوەی چەند چیرۆکێکی راستەقینە دەبێت سەبارەت بە مامەڵەی رۆژنامەنووسان و میدیاکاران بەگشتی لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە تراوما تان و پۆی ژیانیانی تەنیووە، بێگومان ئەوەی لێرەدا ئاماژەی پێدەدەم نمونەی یەکەم بەرکەوتنەکانی میدیاکارانی کوردە لەگەڵ گەورەترین تراژیدیا و جینۆسایدەکان دەرهەق بە میللەتەکەیان کە دڵپاکییەکی زۆر و بەرائەتێکی لە مامەڵەکردندا پێوە دیارە هۆکارەکەشی نەبوونی زانیاری و ئەزموونی چۆنێتی مامەڵە کردنە. لە سەرەتای راپەڕیندا و لە بەرەبەری جەژندا وەک دڵپاک تاهیر خۆی بۆیگێڕاومەتەوە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وەک سەرپەرشتیاری تەلەفزیۆنی خاک، دڵپاک دەنێرێت بۆ گەرمیان بۆ گوێگرتن لە بەجێماوەکانی ئەنفال، پارەشی بۆ سەرفدەکرێت تا دیارییان بۆ ببات. دڵپاک لە سلێمانییەوە بڕێک نەستەلە و شیرینی دەکڕێت و بەرەو ئۆردوگای زۆرەملێی رزگاری(سمود) و گوندە ئەنفالکراوەکانی گەرمیان دەکەونە رێ، لەوێ دەبینێت نە منداڵی هێندە لێیە و نە دیارییەکانیشی بە کەڵکی ئەو خەڵکە هەژارەدێن، ناوچەکەش ئەوەندە گەرمە نەک نەستەلە دەتوێنێتەوە ئینسانیش. گێڕانەوەی دووەمم سەبارەت بە سەردانێکی رەحمان غەریبە بۆ کەلار بۆ بینینی کەسوکاری ئەنفال، تەها سلێمان لە گفتوگۆیەکماندا بۆی گێڕامەوە کە رەحمان بە تۆپەڵێک جێڵ کە دابووی لە قژی و جلێکی جوان و پێڵاوی نوێوە داوای هاوکاریی لێ کردن بەتەنیا رێگە پیشانی خۆی و ئەو رێکخراوە بدەین کە دەیانەوێت ئەنفالکراوەکان ببینن، بردمانن بەڵام کە گەڕاینەوە سەیری رەحمانم کرد کونی چاویشی لە تەپوتۆزا دیارنەمابوو قژ و هەموو گیانیشی ئارەق بوو. سێیەم، سەردانێکی خۆم بوو بۆ گوندە ئەنفالکراوەکانی گەرمیان لەگەڵ تابان گەرمیانی و گوڵاڵەی گەرمیان و ژیان حەمەسەعید، ئەوان کچی ناوچەکەبوون، بەڵام پێیان نەوتبووم دەبێت چۆن بێم بۆ ئەو کارە رۆژنامەوانییە، بەمجۆرەبووم: عەزییەکی شێوە ماسیی قەیفەی رەنگ مارۆنیم لەبەردابوو، سوراویکی لەو رەنگەشم کردبوو، بەشێک لە قژە درێژەکەم بەستبوو بەشەکەی تری بەردرابۆوە و هەموو پشتە ملی سووتاندبوو، لە پشتی پیکابێکی یەکێتی ژناندا بەسەر گرد و تەپۆڵکەدا دەرۆشتین، لە شوێنێک وەستاین خەیار و تەماتەمان لەتکرد لەگەڵ نان، وتم ئەوە زەڵاتەکەش ئامادەبوو ئەی چیتان لێناوە وتیان نانەکەت بخۆ و قەمەکە ئەمە ژەمی تا ئێوارەمان دەبێت، دوای نانخواردن بەرەو ئاواییەکە چووین سەیارە نەدەگەیشتە ئەوێ بە پێ کەوتینەرێ پێڵاوێکی ئاساییم لە پێدابوو، کەندێک لە رێگەکەدابوو دەبوایە باز هەڵبدەین، خواری عەزییەکەم تەسک بوو نەمدەتوانی، سایەقەکەیان مەشغوڵکرد عەزیم هەڵکرد و خۆمم هەڵدایە ئەوبەری کەندەڵانەکە، پاشان لەیەکەم ماڵەوە کە سڵاومان کرد رووم کردە دیوارە گڵەکە و لە درزی جانتاکەمەوە ئاوێنەکەمم دانا و هەموو بۆیەکانی دەموچاوم سڕییەوە، تا زۆرتر بەناو جل رەشەکاندا دەرۆشتین زیاتر هەستم بە نەگونجاویم دەکرد و دەمویست بچمە ژێر عەبای یەکێ لەو ژنانەوە کە کوڕەکەی وتی: کاتێ جەیشەکە هاتن منداڵبووم رامکردە ژێر عەبای دایکمەوە. میدیای کوردی بەمجۆرە دەستی پێکرد بەڵام دواتر کە چوومەوە بۆ تۆمارکردنی بەرنامە جلی گونجاو و مامەڵەی جیاوازترم هەبوو، هاوپیشەکانی دیکەشم بێگومان بەهەمان شێوە ئەزموونیان پەیداکرد. کەچی ئێستایش هەمان نەشارەزایی لە چۆنێتی مامەڵەکردنی میدیاکاراندا دەبینین، بەڵام سەیرە دوای ئەو هەمووساڵە چووبینەوە بۆ خاڵی سفری سەرەتا.