کاریگەریی زیرەکیی دەستکرد لەسەر ئەدەب سودوەرگرتن یان زیان؟

11:38 - 2025-04-24
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
743 خوێندراوەتەوە

کەژاڵ ئەحمەد

 

«زیرەکیی» دەستکرد، نەک «زیرەکی» دەستکرد وەک هەندێ لە پسپۆڕانی بوارەکەش بە هەڵە دەیڵێن و دەشی نووسن، لەبەرئەوەی کە دەوترێت (الذکا‌ء الاصطناعي)، ئەو (ذکاء)ە بەمانای زیرەکیی دێت، خۆ ئەگەر مەبەستەکە زیرەکی دەستکرد بووایە ئەوا دەنووسرا (الذکي)، کەواتە راستییەکە «زیرەکیی»یە نەک «زیرەکی». ئەوەی لێرەدا دەمەوێت باسی بکەم، راستکردنەوەی ئەو هەڵە زمانەوانییە باوە نییە بەتەنیا، بەڵکو دەمەوێت لە «کاریگەریی زیرەکیی دەستکرد لەسەر ئەدەب» بدوێم کە باسێکی نوێیە و پەیوەستە بە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و دنیای ئەمڕۆوە، دنیایەک تێیدا رۆبۆتەکان دەیانەوێت هەموو ژیانی مرۆڤایەتیی کۆنتڕۆڵ بکەن، بە هەست و نەست و تەواوی داهێنانەکانیشیانەوە.زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت ببێت بە شاعیر و چیرۆکنووس و وشە و زانیاریت بۆ بهۆنێتەوە، بەڵام هەموو ئەوانەی بەناوی ئەدەبێکی باڵاوە دەتوانێت پێشکەشی خوێنەری بکات، پێشتر نووسەرانی ناودار و بەهرەمەندی جیهان نووسیونی، واتە ئەوەی ئامێرە زیرەکەکە بۆمان دەنووسێت، پێشتر هێزێکی مرۆیی داهێنەر خوڵقێنەری بووە و ئێستا چات جی پی تی و بەرنامەکانی دیکەی زیرەکیی دەستکرد پێمان دەفرۆشنەوە.لێرەدا و لەم سەردەمەدا شتێک بەناوی مافی نووسەر یان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە نامێنێت و ئەدەبیات و بوارەکانی تریش رووبەرووی بابەتێکی رەوشتیی دەبنەوە کە تێیدا ئەم ئامێرە زەبەلاحەی جیهانی نوێ هەموو پێکهاتەکانی ژیان بە موڵکی خۆی دەزانێت و وەک کەرەستەیەک بۆ بنیاتنانەوەی دەقی نوێ و بەرهەمی هونەریی نوێ و تایبەت بەخۆی بەکاریان دەهێنێت. بە پێی ئەوەی پێشکەوتنەکان بە خاویی و درەنگ دەگەنە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییەکانیش بە هەمان شێوە دەبن، هەربۆیە ناوەندی ئەدەبیمان جارێ بەم دیاردە جیهانییە نامۆیە و چەکی بەرەنگاربوونەوەشی بۆ ئامادە نەکردووە. ئەگەر لە ئێستاوە بیری لێ نەکەینەوە لەوانەیە لە ناکاو کاریگەریی دابنێت و فریای سودوەرگرتن نەکەوین لەم پێشکەوتنە و زیاتر زیانەکانیمان بەربکەوێت.

وتارەکانی نوسەر