ساڵانێک تێپەڕین و وەک خوێنەرێک زۆربەمان وامانزانیوە (خۆت بناسە)، وتەیەکی بەناوبانگی سۆکراتی بیرمەندە، لە کاتێکدا کە وتەکە لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە گواستراوەتەوە بۆ سەردەمە نوێیەکەی ئێمە و سەردەمەکانی دیکەیش، کە وتەیەکی نووسراوی سەر رووکاری پەرستگای ئەپۆلۆ بووە لە یۆنانی کۆندا و سۆکرات شیکردنەوەی بۆ کردووە و خستویەتیە ناو لیستی ئامۆژگارییە فەلسەفییەکانییەوە. گرنگیی وتەکە لەوەدانییە کێ وتوویەتی، بەڵکو لە مانا و مەبەستەکەیدایە، واتە مرۆڤ لە ناسینی خۆیەوە دەبێت بچێت بۆ ناسینی ئەوانی تر و دەوروبەرەکەی. یاسای سروشتیش هەر بەمجۆرەیە، ئەزموونی مرۆیی و تەواوی بوونەرەکانیش لە هەنگاوی یەکەمدا ناسینی خۆیان بووە، واتا درککردن بووە بە هەست و نەست و تواناکانیان. مرۆڤی سەرەتایی برسی بووە بۆیە راوی کردووە، ترساوە بۆیە هاواری کردووە، پێویستی بە کەسانی دەوروبەری هەبووە بۆیە نووسیویەتی لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان و دواتریش زمانی گرتووە و قسەی کردووە. ئەگەر هەستی خۆشەویستی و ئارەزووی جەستەیی نەبووایە، بوونەوەرەکان لەیەکتر نزیکنەدەبوونەوە و خستنەوەی وەچە و بەردەوامیدان بە ژیان لەسەر زەویی نەدەبووە کاری دوو رەگەزە جیاوازەکانی لەسەر زەمین. خۆناسین، مرۆڤایەتی بەرە و ئەوانیتر ناسین و گەردوونناسیی بردووە. کەواتە لە خاڵێکی گرنگ و سەنتەرێکی خودی ناو هەناوی خۆمانەوە دەتوانین تەواوی بوون کۆنترۆڵبکەین، ئەمە خەونی جارانی کەسەکان بوو، بەر لە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و داگیرکارییەکانی زیرەکیی دەستکرد کە وایان کردووە خۆدناسین گرنگییەکی ئەوتۆی نەبێت. ئێستا هاوکێشەکە بەمجۆرەیە: تۆ خۆت بناسیت یان نەناسیت لە جیهانێکدا کە سوکانەکەی بەدەست تۆ نییە، چ بایەخێکی هەیە؟ لەو کاتەدا تۆ سەرقاڵی خۆت ناسین دەبیت، جی پی تی هەمان شت دەکاتەوە و رۆبۆتەکان هەوڵی خۆناسین دەدەن! هەر بەبێ خۆ هەڵقورتاندنی رۆبۆتە ژیرەکانیش لە ژیانی خەڵک، خۆناسینی ئەو گەمژەیەی حەقیقەتی خۆی نابینێت و تەنانەت بە ئەوپەڕی بێ بەهرەیی و کەم تواناییەوە خۆی لە سۆکرات بەلاوە بیرمەندترە، ئەمجۆرە خۆناسینە پڕ لە تەم و نەناسینە چی بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەبەخشێت؟ ئایا دەتوانێت چ پێشکەوتنێک بهێنێتەئاراوە؟ لەبەرئەوە مەرج نییە وتەی «خۆت بناسە» بۆ هەموو کەسەکان گونجاو بیت، بەڵکو دەبێت بە ئاقڵ و بیرکەرەوەکان بوترێت کە ئەوانیش پێویستیان پێی نییە. هەر لەبەرئەوەشە بیرمەندانی نوێ باوەڕیان بە ئامۆژگاریی نییە، وەک هێزی نەرمی پێشخستنی بوارە جیاوازەکانی ژیان.