بە پارێزگابوونی هەڵەبجە قەرەبووکردنەوەیە؟

10:06 - 2025-04-16
هیوا محەمەد
191 خوێندراوەتەوە

ئەوانەی هەوڵیاندا و ئەوانەش لە دواساتەکاندا دەنگیاندا بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، شایانەی ئەوەن دەست خۆشی و ئافەرینیان لێبکرێت، دیارە ئەمە جێبەجێکردنی ئەرکێکی پیرۆزە.
رەنگە کەم تا زۆر لەڕووی دانیشتوان و پانتاییەوە، هەڵەبجە هەموو مەرجەکانی بە پارێزگابوونی تیادا نەبێت، بەڵام دەکرێت لەبەر ئەوەی شارێکە خەڵکەکەی تائێستا بریندارن و قوربانیی چەکی کیمایایین، چاوپۆشی لەو مەرجانە بکرێت و بە پارێزگابوونی بەشێک بێت لە قەرەبووکردنەوە و بەدوایدا خزمەتگوزارییەکان دەستپێبکرێن و حاڵەتێکی تایبەتیی بدەنێ لە خەرجکردنی بودجە بۆ ماوەی 10 ساڵ، تا وای لێبکەن ئاوەدانی و گەشەسەندنی خێرای پێوە دیار بێت و بکرێتە بووکی هەموو عیراق نەک تەنها کوردستان. 
هەڵەبجە شاری زۆرێک لە رۆشنبیران و شاعیرانی ناوداری کوردە، واتا لە باوەشیدا دەیان کەسی لێهاتوو هەڵکەوتووە، لە بیری چەپ و نەتەوەیی و ئایینی و زۆرێک لە بیرەکانی تر بێبەش نەبووە، بۆیە دەکرێت بە گرنگیی پێدانی زیاتر و کردنەوەی پرۆژە خزمەتگوازارییەکان و چەندین کارگەی گەورە، بکرێتە ناوەندێکی پێشکەوتووی پیشەسازی و کشتوکاڵی، بەهۆکاری ئەوەی دەشتی شارەزووری لەسەرە و دەریاچەی دەربەندیخانیشی لێوە نزیکە.
پێویستە هەرچی زووتر دەروازەکانی ئەم پارێزگایە لەگەڵ ئێران بکرێنە رەسمی و زیاد بکرێن، تا لە شارێکی چەپەکەوە بکرێت بە شارێکی ئاوەدانی پیادا تێپەڕین(ترانزێت) و گەشتیاران لە ئێران و هەرێمەوە پیایدا تێپەڕن، ئەویش بە کردنەوەی دەروازەی سازان.
لێدانی ئەم شارە بە چەکی کیمایی لەسەر دەستی بەعسییەکان بووە، بەڵام دەکرێت حکومەتی ئێستای عیراق، قەرەبووکردنەوەی هەموو زیان لێکەوتووانی کیمیاباران و ئەنفال لە ئەستۆ بگرێت و دان بنێت بەوەدا کە حکومەتی پێشووی سەردەمی بەعس تاوانی جینۆسایدی کردووە، بەمەش بچنە ژێر باری جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەی لە قەرەبووکردنەوەدان. تەنها ناسینی هەڵەبجە بە پارێزگا بەس نییە بۆ بەسەرکردنەوەی شارەکە و قەرەبووکردنەوەی و دڵخۆشکردنی خەڵکەکەی، بەڵکو تەرخانکردنی بودجەی زۆر و دەستکردن بە جێبەجێکردنی هەموو ئەو پێویستییانەی ئەم شارە دەیەوێت گرنگە.
هەڵەبجە شوێنی گەشتیاریی زۆری هەیە، دەکرێت چەمی هاوار بکرێتە خۆشترین شوێنی گەشتیاریی بۆ سەرتاسەری عیراق، ئەمە جگە لە چیای شنروێ و باڵانبۆ و گوندەکانی گوڵان و باوەکۆچک و عەبابەیلێ و عەنەب، گرنگی دان بە ناوچەی هەورامان و کردنەوەی زۆرێک لە شوێنە گەشتیارییە حکومییەکان وەک شوێنی گشتی و ئاسانکاریی بۆ ئەوەی هەرچی زۆرتر گەشتیاران رووی تێبکەن. جادەی نێوان خورماڵ و تەوێڵە و بیارە پێویستیی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، چاڵی و چۆڵی زۆرە، سەرەڕای ئەوەی سەختە و پێچاوپێچی زۆرە و بە کێودا دەڕوات، دەکرێت چەند تونێلێک هەر بە مەبەستی جوانکاریی تێدا بکرێت، هەموو ئەمانە وادەکات ئەم پارێزگایە لەماوەیەکی کەمدا گەورەترین پێشەکەوتن بە خۆیەوە ببینێت.
رەنگە هەندێ شوێنی تر هەبن لە ناوەڕاست و خوارووی عیراق کە بەدوای ئەمەدا داوای بوون بە پارێزگا بکەن، ئەمەش ئاساییە و بوون بە پارێزگا لە چوارچێوەی وڵاتێکدا واتای دابەشکردنی دەسەڵاتە ئیدارییەکانە و هیچی تر، بۆیە هەندێک ئەمەیان بە سیاسیی کردبوو ماوەیەکی زۆر رایانگرتبوو لە ترسی ئەوەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەرگا دەکاتەوە بۆ هەندێ شاری دیکە و ئەوانیش داوای بە پاریزگابوون دەکەن.
هەندێک پێیانوایە زیاد بوونی پارێزگا کاریگەریی خراپی لەسەر بودجەی عیراق دەبێت، ئیدی ئەوەیان لە بیر چووە کە ئەم وڵاتە دەوڵەمەندە و ئەگەر بە یەکسانی و دادپەروەریی دوور لە گەندەڵی و دزین، بەڕێوە ببرێت، ئەوا هەموو کونجێکی بە شار و شارۆچکە و گوندەوە ئاوەدان دەبێتەوە.

 

وتارەکانی نوسەر