دیدارە گەورەکە و ئومێدی خۆڕێکخستنەوە

09:48 - 2025-04-22
حەسەن بارام
60 خوێندراوەتەوە

یەکێتی وەک هێزێکی گەورە و گرنگی کوردستان و عیراق و ناوچەکە، لە رۆژگاری دامەزراندنیەوە هەمیشە لە داهێنان و ئەفراندن و خۆنوێکردنەوەدا بووە، بۆیە ئێستاش سەیر نییە لەم قۆناغە نوێیەی خودی یەکێتی و ناوچەکە،  ئەم هێزە کاریگەرە سەرقاڵی بەستنی دیدار  بێت، چونکە یەکێتی لە سەردەمی شۆڕشی چەکداری و خەباتی شاخدا، لە نێو شیو و دۆڵ و دوند و ئەشکەوتەکاندا هەمیشە لە هەوڵی داهێنان و خۆگونجاندن و خۆڕێکخستنەوەدا بووە، نەخاسما لە ئێستای ئازادی و فەرمانڕەوایەتی گەل دا، ئەم هێزە زیندووەی مەیدان، هەر دەبێت سەرقافڵەی چاکسازی و پاکسازی و پێشکەشکردنی پرۆژەی سەردەمیانە بێت بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتمان .

دەوڵەمەندکردنی شاڕێی رێباز و  خەباتی یەکێتی
ئەمێستا (ی ن ک)، بە شێوازێکی مۆدێڕنانە و بەمەبەستی گوێگرتنی زیاتر لە رێکخستن و جەماوەر و کەسانی پسپۆڕ و ئەکادیمی،  لەبوارە جیاجیاکاندا و لە رێگای ساباتی دەوڵەمەندی دیدارەوە دەیەوێت بە کۆمەڵێک پرۆژە و راسپاردەوە، بۆ زیاتر روونکردنەوە و دەوڵەمەندکردنی شاڕێی رێباز و خەباتی یەکێتی، کاروانی خۆڕێکخستنەوەی حزبی و رێکخراوەیی و بابەتی فەرمانڕەوایی و زیاتر خزمەتکردنی هەرێمەکەمان ، بکاتە بەرنامەی کار و پرۆسەی هەڵسانەوەی یەکێتی بە دونیابینییەکی فراوانترەوە .

 

رێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی یەکێتی بە فۆرم و شێوازێکی گونجاوی سەردەمیانە، ئەرکێکی هەنوکەیی قۆناغەکەیە

 

خۆگونجاندن لەگەڵ قۆناغەکەدا
بۆیە هەم سەرکردایەتی و هەمیش کادیر و ئۆرگانەکان، بە ئومێدی زۆرەوە دەڕواننە دیدارە گەورەکەی یەکێتی، هەر یەک لەئێمەمانان بە دونیایەک خەون و ئومێدی زۆرەوە دەڕوانینە ئەوەی، دیدار ببێتە مایەی گۆڕانکاری ریشەیی لە بواری رێکخراوەیی و باشتر خۆڕێکخستنەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم قۆناغە نوێیەدا، بەڵێ لە رۆژانی داهاتوودا، هەگبەی پڕ لە پێشنیار و راسپاردەی گونجاو و سەردەمیانەی دیدار، یەکێتی لە زۆر بوار و کایەی جیاجیادا، دەباتە قۆناغێکی نوێی کار و خەباتی هاوچەرخانەوە، بەتایبەتیش پێداچوونەوە و سەرلەنوێ رێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی یەکێتی بە فۆرم و شێوازێکی گونجاوی سەردەمیانە، ئەرکێکی هەنوکەیی قۆناغەکەیە، یەکێتی بۆ ئەوەی  بە هەمیشەیی لە مەیدان و کاروانی خەبات و تێکۆشاندا بمینێتەوە، گرنگە ئۆرگان و کادیر و دامەزراوەکانیش لە ئاستی ئەم قۆناغە پڕ لە گۆڕانکارییەدا بن .

وێنەیەکی ئەرشیفی دیداری یەکەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

وتارەکانی نوسەر