یەکێتی و گوێگرتن لە کادر

دیداری گشتی بەنموونە

10:00 - 2025-04-24
حەسەن بارام
53 خوێندراوەتەوە

دیدار یەکێکە لەو ئامرازە سەردەمییانەیەی کە ئەم ی.ن.ک دەیەوێت لەو رێگەیەوە کار و ژیانی حزبیی خۆی پیادە بکات و لەسەر ئەو بنەمایە هەمیشە خۆی نوێ بکاتەوە

 

یەکێتی لە رێگەی دیدارەوە دەیەوێت ژیانی حزبی و ئۆرگانی خۆی  زیاتر رێکبخاتەوە، دیدار یەکێکە لەو ئامرازە سەردەمییانەیەی کە ئەم هێزە داهێنەرە، دەیەوێت لە رێگەیەوە کار و ژیانی حزبی خۆی پیادە بکات و لەسەر ئەو بنەمایە، هەمیشە خۆی نوێ بکاتەوە و لەگەڵ قۆناغ و سەردەمدا خۆی بگونجێنێت.
ئەگەر سەرنج بدەین لە مێژووی ژیانی حزبیدا، کەم هێزی سیاسی هەیە، هێندەی یەکێتی گوێی لە کادرانی ئۆرگانەکانی گرتبێت،  ئەمەشیان بە ئامانجی خۆنوێکردنەوە و خۆڕێکخستنەوەیە، تاوای لێهاتووە گوێ گرتن لەکادر، لە ئاست و جۆرە جیاجیاکاندا بووە بە نەریتێکی باوی  ژیانی حزبیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان .
دیداری گشتی،  بە دوو قۆناغدا گوزەر دەکات، قۆناغی یەکەم لەسەر ئاستی ناوچەیی و ئۆرگانی، زۆرترین پێشنیاز و گفتوگۆی دەستەبەر کردووە، لە قۆناغی دووەمیشدا جارێکیتر کۆی ئەو پێشنیاز و راسپاردانە دەخاتەوە بەر شەن و کەوی سەرجەم هەڤاڵان، لەسەر ئاستی کۆی ناوچە و ئۆرگانە جیاجیاکان، بۆئەوەی زیاتر کۆی ئەو پێشنیازانە تەتەڵە بکرێن و وەک یەک  پاکێج بخرێنە بەردەستی سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی، بۆئەوەی بڕیاری دروست و گونجاوی سەردەمیانەی لە بارەوە بدرێت.
یەکێک لەو  تایبەتمەندییانە کە هەمیشە یەکێتی شانازیی پێوە دەکات، بابەتی گوێ گرتنە لە بیروڕای کادری ئۆرگانەکان، لەسەر ئاستی جیاجیا، ئەمەشیان لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵکو بە درێژایی میژوو، یەکێتی کادری  وەک  کۆڵەکەیەکی گرنگ و هەرە بنەڕەتی ئەم هێزە سیاسییە کاریگەرە ناساندووە، بۆیە رۆژانی دیدار رۆژانێکی گرنگن، بەوپەڕی ئازادییەوە کادری ئۆرگانە جیاجیاکان،  بۆ زیاتر بەهێزکردنی حزبەکەیان لە رووی ئۆرگانی و دیسپلینی حزبییەوە تێدەکۆشن، تا حزبەکەیان هاوتەریب  بێت لەگەڵ قۆناغ و سەردەمەکەدا .
بەڵێ دووەم دیداری یەکێتی، دیداری گۆڕانکاری و خۆنوێکردنەوەی ئۆرگان و کادرانی ی ن ک-ه، بە ئامانجی زیاتر خۆگونجاندن لەگەڵ قۆناغی نوێدا، ئیتر هەموومان چاوەڕوانی ئەم دوو رۆژەی دیدارین، بۆئەوەی یەکێتی هەمیشە یەکێتی هەموو قۆناغ و سەردەمیک بێت، کەواتە دووەم دیداری گشتی، پڕاوپڕی مانا دیداری کادر و ئۆرگانی یەکێتییە.

وتارەکانی نوسەر