نووسین بۆ خۆدەرخستن یان پێکانی ئامانجێک؟

09:58 - 2025-04-22
هیوا محەمەد
113 خوێندراوەتەوە

کەمتر لە 100 ساڵ بەر لە ئێستا، ئەگەر خوێندەوارێک لە گوندێکدا هەبوایە هیچ کە پێیان دەووت میرزا، بەڵکو بە زانا و داناشیان لە قەڵەم دەدا، تا ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردووش، هەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواریی، سەدان هەزار کەسی لەم وڵاتە گرتەوە، هەر بۆیە خوێندەوارەکان بە کەسانی رۆشنبیر دادەنران.
نووسەریی پیشەیە، راستە هەندێک کەس لەپاڵ پیشەکەیاندا دەشنووسن و بوونەتە نووسەری بە توانا، بەڵام بۆ ئەم سەردەمە بووەتە پیشەی تایبەت و زۆرن ئەوانەی تەنها پیشەیان نووسینە.
ئەوانەی دەنووسن دیارە زیاتر دەخوێننەوە، چونکە ناتوانن بچنە هیچ بابەتێکەوە ئەگەر زانیارییان لەسەری نەبێت، بۆ ئەمەش دەبێت نووسینی ئەوانی تر بخوێننەوە و بۆچوونە جیاجیاکان وەربگرن و ببیستن، سەبارەت بە رووداوەکان بزانن، ئەوجار دەتوانن شیکاری بکەن و بنووسن و بۆچوونی خۆیان بخەنەڕوو.
ئەوانەی دەستیان داوەتە قەڵەم و لەگەڵیدا تێکەڵ بە دونیای سیاست بوون، ئەزموونێکی زۆر دەوڵەمەندیان لایە و لەگەڵ هەموو نووسێنێکیاندا وەک ئەرشیف بۆی دەگەڕێنەوە و دەیخەنەوە سەر رووپەڕی رۆژنامەکان، بۆ ئەوان وتارەکە وەک شایەتحاڵ دەبێت لەسەر کاتی رووداوەکە، چونکە خۆیان تیایدا ژیاون، بۆ ئەوانی دیکەش وەک سەرچاوە دەگەڕێنەوە بۆ نووسینەکانی خاوەن ئەزموونەکان.
ئەوانەی دەیانەوێت بنووسن بۆ خستنەڕووی بابەتێکی پەیوەست بە کۆمەڵگە، بەجۆرێک دەنووسن وەک ئەوەی باس لە نەخۆشییەک بکەن و چۆن خۆتی لێدەپارێزیت یان ئەگەر تووشت بوو چۆن چارەسەری دەکەیت؟ دیارە نووسەری لەم جۆرە هەوڵ دەدات بە زۆرترین زانیاری یان بڕگەی سەلمێنەر، نووسینەکەی دەوڵەمەند بکات، بەمەش سوودی زۆر دەگەیەنێت بەوانەی کە توانای ئەو بیرکردنەوەیان نییە، بەڵام دەتوانن گوێ بیست بن و کار بە وتەکانی ئەو بکەن.

 

ئەوانەی دەستیان داوەتە قەڵەم و لەگەڵیدا تێکەڵ بە دونیای سیاسەت بوون، ئەزموونێکی زۆر دەوڵەمەندیان لایە و لەگەڵ هەموو نووسێنێکیاندا وەک ئەرشیف بۆی دەگەڕێنەوە و دەیخەنەوە سەر رووپەڕی رۆژنامەکان

 

هەندێکیش هەن دەنووسن، بەڵام چ نووسینەکەیان وەک ناوەرۆک لاوازە، چ رێزمانی کوردییان، ئەمەش نەک بەردێک ناخاتە سەر بەردێک، بەڵکو زیانیش دەگەیەنێت بە هزری تاکی کۆمەڵگە و ئەدەب و رێزمانی کوردییش.
وابووە کەسێک بابەتی خۆی نابینێتەوە لەو سایتە یان بڵاوکراوەیەدا کە خۆی بۆی ناردووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، ئەو بەلایەوە ئەوە گرنگە تەنیا ناو و وێنەی خۆی ببینێت لە میدیاکاندا، ئیتر نووسینەکەی جێیەک دەگرێت یان نا؟ ئەوە گرنگ نییە، لەکاتێکدا دەبێت نووسەر نووسینەکەی خۆی خۆش بوێت، هەرچۆن شاعیرێک شیعرەکانی خۆی وەک کۆرپەکانی خۆش دەوێت، دەبێت بەدواداچوون بکات بۆ نووسینەکەی و بزانێت رای ئەوانی تر چییە لەسەری.
باشترە چەند نووسەرێک رۆژانە پێکەوە دابنیشن و گفتوگۆ لەسەر وتارەکانیان بکەن و بیروڕاکان بگۆڕنەوە، بەمەش خۆیان بەرەو پێشتر دەبەن و سوودی دەبێت بۆ نووسینەکانی دواتریان، بەڵام هەندێک نەک ئەمە ناکەن، بەڵکو نازانن ئەوەی نووسیویانە و ناردوویانە، بڵاوبۆتەوە یان نا؟ جاری وایە دوای هەفتەیەک دەینێرنەوە بۆ هەمان دەزگای میدیایی، یان دەپرسن بۆچی بڵاونەبۆتەوە؟!

وتارەکانی نوسەر