ترەمپ و ململانێی ئەمریكا لەگەڵ چین

09:53 - 2025-04-24
پ. د.جەزا تۆفیق تالیب*
142 خوێندراوەتەوە

پرۆفیسۆری یەكەم د.جەزاتۆفیق تالیب*

هێشتا سێ مانگ بەسەر دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ دا لە خولی دووەمی سەرۆكایەتیدا تێنەپەڕیووە، جیهان پێی ناوەتە گێژاوێكی سیاسیی و ئابوورییەوە و سیماكانی جەنگێكی نەرمی جیهانی پێوەدیارە، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، جەنگێكی جێوئابووری جیهانییەو ترەمپ دەیەوێت هزری سیاسی و ئایدیۆلۆژی خۆی لەم جەنگەدا بەرجەستە بكات، و ئەو پەیامەش بە دەنگدەرانی و بەگەلی ئەمریكا بگەیەنێت، ئەوەی كە دەیەوێت لە ماوەی ئەم چوار ساڵەی سەرۆكایەتییەكەیدا دەیڵێت و جێبەجێی دەكات لە بەرژەوەندیی ئەمریكاش سەرجەم كەناڵە سیاسیی و ئابووری و دیپلۆماسی و تەنانەت سەربازییەكانیش دەگرێتەبەر.
 ئەم جەنگە كە ئێستا لە ئارادایە و ترەمپ سەركردایەتی دەكات، بە گوێرەی بۆچوونی ترەمپ خۆی و لایەنگرانی، بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەپارێزێت.

ترەمپ بە چاوێكی بەرژەوەندیخوازانەوە مامەڵەی ئابووری و سیاسیش لەگەڵ هاوپەیمانە نزیكەكانی دەكات

ئەم ململانێیە بۆچییە؟
ترەمپ و یاریدەدەرەكانی پێیانوایە، كە جیهانی دەرەوە بە تایبەتیش هاوپەیمان و دۆستەكانی ئەمریكا لە بواری بازرگانیدا، بە بەردەوامی تەرازووی بازرگانی لە بەرژەوەندیی ئەوان دەشكێتەوە و هەناردەی ئەوان بۆ ئەمریكا، لە هەناردەی ئەمریكا بۆ ئەوان زیاترە، بەمەش ساڵانە ئەمریكا تەرازووی بازرگانیی دووچاری كورتهێنان دەبێت و لە دەرەنجامدا ئەمریكا زیانێكی گەورەی لێدەكەوێت، ترەمپ دەیەوێت باجێكی گومرگی زیاتر بەسەر هاوبەشە بازرگانیەكانیدا بسەپێنێت بۆ دوو مەبەست، یەكەمیان بەدەستهێنانی داهاتێكی گەورەیە، تاوەكو تەرازووی بازرگانی ئەمریكای پێ بەهێزتر بكات و كورتهێنانی پێ پڕبكاتەوە، دووەمیان بۆ بووژاندنەوەی هەردوو كەرتی پیشەسازیی و كشتوكاڵی نێوخۆی ئەمریكایە، كە لێیەوە ملیۆنەها دەستی كاری ئەمریكی هەڵی كاریان بۆ دەڕەخسێت.
كورتهێنانی تەرازووی بازرگانی 
لە ساڵی 2024دا تەرازووی بازرگانی ئەمریكا لەگەڵ دەوڵەتی هاوبەشی بازرگانی سەرەكییدا، كورتهێنانی گەورەی بەخۆوە دیوە،  كە زۆرترین كورتهێنان لەگەڵ چیندا بووە، بەبڕی (295ملیاردۆلار) و كۆی كورتهێنانی تەرازووی ئەمریكا لەگەڵ ئەو دەوڵەتە هاوبەشە بازرگانییە سەرەكیانەدا لە ساڵی 2024 لە (یەك تریلیۆن دۆلار) تێپەڕیووە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە بازاڕەكانی ئەمریكا بەبێ پارێزبەندییەكی گومرگی ئەوتۆ واڵاكراوە بەسەر بەرهەمی پیشەسازی و كشتوكاڵی ئەو وڵاتانەدا و لە بەرامبەریشدا ئەمریكا بووەتە ژینگەیەكی لە بار و بەكاربەر بۆ كاڵا جۆراوجۆرەكانی ئەو وڵاتانە و دراوی دۆلاری ئەمریكایان بۆ حەواڵە دەكرێت و بەرهەمی پیشەسازی و كشتوكاڵی ئەمریكاش بەرەو سستی دەڕوات. 
ترەمپ و مامەڵە لەگەڵ چین 
ئێستا ململانێ و جەنگی ئابووری و بازرگانی بەشێوەیەكی سەرەكی لە نێوان ئەمریكا و چیندایە و ئەمریكا مەبەستیەتی زۆرترین كاڵا و شمەك هەناردەی چین بكات و گومرگێكی گەورەش بخاتە سەر كاڵاكانی، لەم بوارەشدا تائێستا چین تەنیا ركابەر و نەیاری سەرەكی بازرگانیی و ئابووری ئەمریكایە، و لە سەرەتای سەپاندنی باجە گومرگییەكاندا ترەمپ 34 %ی باجی گومرگی خستەسەر شمەكە هاوردەكراوەكانی چین، لەبەرامبەریشدا چین هەمان رێژەی گومرگی خستەوە سەر هاوردەكانی لە ئەمریكا، ئەم بەربەرەكانێ و ململانێیە بەردەوام بوو، تا ترەمپ باجە گومرگییەكەی گەیاندە 145%، بەمەش لەئێستادا رەوتی بازرگانی نێوان ئەمریكا و چین و ئەمریكا و هاوبەشەكانی دووچاری سستی و متبوون بوەتەوەو ترەمپ جەخت لەسەر بەردەوامبوونی باجی سەر چین دەكاتەوە، بەو پێیەی لە بواری بازرگانیدا چین و هاوردەی چینی بازاڕەكانی ئەمریكای داگیركردووە، وەك جۆرێك لەتەنزیش، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بڵاوكراوە بەناوبانگەكەی ترەمپی كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن بڵاوكردەوە كە لەسەری نووسرابوو (ئەمریكا سەر لەنوێ بەهێز بكەینەوە )، لەگەڵ نووسراوێك پێیەوە كە نووسراوە (Made in china) بە واتای ئەوەی هەموو كاڵاكانیان لە چینەوە هاوردەكراوە و دروستكراوی چینن. 
مامەڵە لەگەڵ هاوپەیمانەكاندا 
ترەمپ بە چاوێكی بەرژەوەندیخوازانەوە مامەڵەی ئابووری و سیاسیش لەگەڵ هاوپەیمانە نزیكەكانی دەكات و بەگوێرەی دەرەنجامی تەرازووی بازرگانی، باجی گومرگیان بەسەردا دەسەپێنێت، نموونە لەو دەوڵەتانەی كە زۆرترین شمەك و كاڵا هەناردەی ئەمریكا دەكەن،  هەندێكیان زۆر نزیك و هاوپەیمانی ئابووری و سیاسیی ئەمریكاشن لە نموونەی (مەكسیك و كەنەدا)، 25 % باجی گومرگیان بە سەردا سەپاوە و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاش 20 % گومرگیان بەسەردا سەپاوە، وڵاتە ئاساییە هاوپەیمانەكانیشی لە (ژاپۆن و ڤێتنام، كۆریای باشوور و تایوان و هیندستان) بە رێژەكانی  24 %، 46 %، 25 %، 32 %، 26 % باجی گومرگیان بە سەردا سەپاوە، بەمەش ترەمپ لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە، هەژانێكی بازرگانی نێودەوڵەتی خولقاندووە، هەرچەند لە ئێستادا بۆ ماوەی سێ مانگ جێبەجێكردنی سەرجەم ئەم باجە گومرگیانەی راوەستاندووە، بێجگە لە باجە گومرگییەكەی سەرچین، ئایندەش راستی و دروستی ئەم جەنگە گومرگییە دەسەلمێنێت. 
*پسپۆری جێوسیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی

 

 

وتارەکانی نوسەر