متمانە بە دەسەڵات لە ئایینی كۆنفۆشیۆسدا

10:06 - 2025-04-30
فەرید دڵشاد
21 خوێندراوەتەوە

لای كۆنفۆشیۆس متمانە بە دەسەڵاتداران، بە یەكێك لە گرنگترین مەرجەكان دانراوە، كە دەبێت لە هەموو دەوڵەتێكدا هەبێت. كاتێك پرسیار لە كۆنفۆشیۆس كرا سەبارەت بە ئەركەكانی دەوڵەت؟ ئەو سێ‌ ئەركی سەرەكی بۆدیارییكردن، ئەوانیش (كەرەستەی جەنگ، خواردن، متمانەی خەڵك بە دەسەڵاتداران) كاتێك پرسیاری لێ‌ كرا دەوڵەت دەتوانێت دەستبەرداری كام لە ئەركەكان بێت؟ لە وەڵامدا لەگەڵ ئەوەبوو، دەستبەرداری كەرەستەی جەنگی بێت دواتر خواردن، بەڵام دەوڵەت ناتوانێت دەستبەرداری متمانەی خەڵك ببێت بە دەسەڵاتەكەی.
كۆنفۆشیۆس هۆشداریی دەدات بە دەسەڵاتداران لە ستەمكردن، بەوەش متمانەی خەڵك بە دەسەڵات لاواز دەكات، چونكە هێندەی خەڵكی لە ستەم رادەكەن، ئەوەندە لە دڕەندەكان راناکەن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت راكردنی خەڵك، واتای متمانە نەبوون بە دەسەڵات. دەشڵێت: ئەگەر حكومەتەكان ستەمكار بن، ئەوا خەڵكی پێیان خۆشە لە ژیانێكی جەنگەڵیدا بژین.
ئەو پێی وایە هەركاتێك هەڵسوكەوتی ناشیرین لە دەوڵەتێكدا پیادە كرا، پێویستە فەرمانڕەوا بەرپرسیارێتی ئەو كارە هەڵبگرێت، ئەگەر فەرمانڕەوا ئەو كەسەی لابرد لە پۆستەكانی دەوڵەت كە هەڵسوكەوتی نەشیاوی كرد، ئەوا خەڵكی بەردەوام پاڵپشتیی دەكەن و متمانەی پێدەكەن، لێرەدا كۆنفۆشیۆش دەوڵەتی بە بەرپرسیار زانیوە لەو كارانەی كە دەیكات و پێویستە چاكی بكاتەوە، ئەو كەسەش كاری خراپی كردووە دووری بخاتەوە.
كۆنفۆشیۆس رێنمایی دەسەڵاتداران دەكات گوێ‌ بۆ داواكاریی گەلەكەیان بگرن، بۆچوونی وایە ئەگەر گەل لە دەسەڵاتدار رازیبوون و دەسەڵاتداریش گوێی بۆ داواكانی ئەوان گرت، ئەوا ئاسمان (خواد)ش لە دەسەڵاتداران رازیی دەبێت. ئەوەی گەل بە شایەنی پاداشت و سزای دەزانێت ئەوەیە، كە ئاسمان(خودا)ش بە شایەنی پاداشت و سزای دەزانێت. پەیوەندییەكی تووندوتۆڵ و بەردەوام هەیە لە نێوان ئاسمان و گەلدا
 بە پێویستی دەزانێت ئەو كەسانەی كاروباری وڵات بەڕێوەدەبەن، داواكارییەكانی گەل جێبەجێ‌ بكەن، تا ئاسمانیش لێیان رازی بێت، پێی وایە سزا و پاداشتی ئاسمان بۆ دەسەڵاتداران، پەیوەستە بە جێبەحێكردنی داواكارییەكانی گەلەوە، ئەگەر حكومەت پێداویستییەكانی خەڵكی پڕكردەوە، ئەوا خەڵكیش بریاری و رێنماییەكانی حكومەت و فەرمانڕەوا قبوڵ دەكەن.
كەواتە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی، ئایینی كۆنفۆشیۆسی پێی وایە، دەسەڵات دەبێت متمانەی هاووڵاتیان بەدەستبهێنێت و نابێت بەهیچ جۆرێك دەستبەرداری بێت، بە ستەمكردن دەسەڵات، متمانەی هاووڵاتیان لە دەست دەدات. هەروەها كۆنفۆشیۆس لەگەڵ دەسەڵاتی تاك فەرمانڕەواییدا بووە، چونكە توانانی بڕیاردانی هەیە، جیا لەوە بە پێویستی زانیوە، دەسەڵاتداران گوێ‌ بۆ داواكانی گەل بگرن و جێبەجێ‌ بكەن ئەگەر نا،  ئاسمان سزای دەسەڵاتداران دەدات.

وتارەکانی نوسەر