تەکنۆلۆژیای ڤیدیۆیی یاریدەدەر (VAR) گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە یاری تۆپی پێدا دروستکردووە، بە شێوەیەک کە دەرفەتی بینینی راستییەکانی دەستەبەر کردووە.
ئەم بیرۆکەیە کاتێک بۆ سیاسەت دەگوازینەوە، دەرگای تێگەیشتنی قووڵتر لە پەیوەندیی نێوان راستی، دەسەڵات و عەقڵانییەت دەکاتەوە. راستییەک کە لە ناوەڕۆکدا پەیوەستە بە پرسی ئەوەی کە چۆن بتوانین فەزای گشتی بەدەر لە هەژموونی خشۆکی حزبی و جووڵەی چەواشەکاریی دابمەزرێنین.
پلاتفۆڕمە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆ زۆر جار تێکەڵن لە رەهەندی چەواشەکاری و دەستتێوەردانی بەرژەوەندییە بازرگانی و سیاسییە تاکڕەو و گروپییەکان. ڤاری سیاسی دەتوانێت چەمکێکی گرنگ بێت بۆ پاراستنی ئەو بوارە گشتییەی کە تیایدا بڕیار و پێشنیازەکان لەسەر بنەمای ئەرگومێنتی باشتر و بەڵگەی دروستتر بن، نەک لەسەر بنەمای خشۆکی حزبی یان هێزی دارایی و میدیایی. لێرەوە، ڤاری سیاسی تەنها لێکچوواندنێک نابێت، بەڵکو میکانیزمێکی پێویست دەبێ بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی رەسەن و ئازاد.
سیستمی هەڵسەنگاندنی سیاسی و حزبی، پێویستە لەسەر بنەمای عەقڵانییەتی پەیوەندیکاری دابمەزرێت، سیستمێک کە تێیدا هەموو بەشداربووان مافی یەکسانییان هەیە بۆ بەشداریکردن لە دیالۆگدا و دەرەنجامەکەش لەسەر بنەمای توانای قەناعەت پێکردن بێت، نەک تەڵکەبازی و مشەخۆری و هێز.
تەنها سیستمێک نییە بۆ دەنگدان
ئەمەش پەیوەستە بەو چەمکەی کە لە بنەڕەتدا ڤاری سیاسی دەیەوێت بیهێنێتەدی، سیستمێک کە تێیدا کەس لەسەرووی لێپرسینەوە نەبێت و راستییەکان لە رێگەی پرۆسەیەکی کراوەی هەمەلایەنەوە دەبینرێن.
دیموکراسی راوێژکاریی نابێت تەنها هەر سیستمێک بێت بۆ دەنگدان، بەڵکو دەبێ پرۆسەیەکی زیندوو بێت بۆ دیالۆگی بەردەوام و گفتوگۆی بنیاتنەر. چاودێریی سەروو-سیاسی، یان سەروو-خشۆکی حزبی وەک ڤار لە تۆپی پێدا، رێگە دەدات بە دروستبوونی فەزایەک کە تێیدا بڕیارەکان بەردەوام هەڵدەسەنگێندرێنەوە، بێگومان لەسەر بنەمای بەڵگەی نوێ. ئەمەش واتا دامەزراندنی مۆدێلێکی سیاسیی دینامیکی کە بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە و لە ئاستی گۆڕانکارییەکاندا دەبێت.
ڤاری سیاسی رەهەندێکی فەلسەفیی قووڵی هەیە، ئەویش گواستنەوەی دیموکراسی لە حاڵەتی «بوونەوە» کە تەنها هەبوونی دامەزراوەکانە، بۆ حاڵەتی «بوون» کە کارای راستەقینەی دامەزراوەکانە.
ئەم گواستنەوەیە واتا جێبەجێکردنی کردەیی ئەو بنەما تیۆرییانەی کە سیستمی دیموکراسی لەسەری دامەزراوە. لێرەوە، ڤار وەک ئامرازێک بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی پراکتیکی بە بنەماکانی دیموکراسی و مافی یەکسان دەردەکەوێت.
دامەزراوەیەکی سەربەخۆمان دەوێت
بۆ جێبەجێکردنی ڤاری سیاسی، پێویستمان بە دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە، کە نوێنەرایەتیی هەموو ئۆرگانە جیاجیاکان بکات. ئەم دامەزراوەیە پێویستە لەسەر بنەمای دیالۆگی راستەقینە کار بکات، واتا بواری بەشداریی یەکسان بۆ هەموو دەنگەکان دەستەبەر بێت. پرۆسەی بڕیاردان پێویستە سەرچاوە لە ئەنجامی گفتوگۆی عەقڵانییەوە بگرێت، نەک بەرژەوەندیی تاک و گروپی خشۆکی دیاریکراو.
بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێ بۆ دروستکردنی سیستمی چاودێریی شەفاف، دەتوانێت رۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە سەرکەوتنی ڤاری سیاسیدا و دەتوانێت زانیاری لەسەر کردەوە و بڕیارەکان دەستەبەر بکات بابەتیانە بیانخاتە بەردەم رای گشتی ئۆرگانیکی. ئەم جۆرە میکانیزمە دەتوانێت رێگری لە چەواشەکاری و کۆنترۆڵکردنی ئۆرگانیی لەلایەن تاک یان کەمایەتییەکی بەرژەوەندیخوازەوە بکات.
بۆ ئەوەی ڤاری سیاسی کاریگەر بێت، پێویستە هاوکات پرۆسەیەکی پەروەردەی تایبەت و گشتیش لە ئارادا بێت، کە تێیدا هەمووان فێری چۆنێتی بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و هەڵسەنگاندنی سیاسەتەکان ببن. پێویستە ئەم پرۆسەیە هەمەگیر و دوور لە جیاکاری بێت، بە جۆرێک کە هەموو کەسێک دەرفەتی بەشداریکردنی راستەقینەی هەبێت.
یەکێک لە کێشەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ڤاری سیاسی، ململانێی بەردەوامی نێوان «سیستم» (دەزگا بیرۆکراتی و ئابوورییەکان) و «جیهانی ژیانکردنە» (بەها کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکان) ە. زۆر جار سیستمەکان هەوڵ دەدەن کاریگەریی راستەوخۆیان بەسەر جیهانی ژیانکردندا هەبێت، بە شێوەیەک کە بتوانن بڕیار و کردەوەکان کۆنترۆڵ بکەن. ڤاری سیاسی دەبێت بتوانێت رێگری لەم جۆرە کردە کۆلۆنیالیزمە سیستماتیکییە بکات بەرامبەر بەو جیهانەی تێیدا دەژین.
دواجار سەرەکیترین بەرهەڵستی ڤاری سیاسی، بەرهەڵستیی هاوبەشی ئەو تاک و گروپانەن کە بەرژەوەندییان لە پاراستنی سیستمێکی نائاشکرا و دوور لە چاودێریدا هەیە. لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: چۆن دەتوانین بەسەر ئەم بەرهەڵستییەدا زاڵ بین؟ وەڵامەکە لە هێزی کاری بە کۆمەڵ و تیمکاریدا خۆی دەبینێتەوە. تەنها لە رێگەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی فراوان و هاوبەشی هەموو پێکهاتە و ئۆرگانەکان، دەتوانین گوشاری پێویست دروست بکەین بۆ دامەزراندنی سیستمێکی چاودێریی کاریگەر.
لە ئاستی جیهانیشدا، چاودێریی سەروو-نەتەوەیی و سەروو- سیاسی و سەروو- حزبیش پێویستە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانەی کە سنوورە تەقلیدییەکان دەبەزێنن. ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئاسۆیەکی نوێی دیموکراسی راوێژکاریی کە تێیدا هەمووان بەشدارن لە پرۆسەی بڕیاردان و چاودێریی دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی.
بیرۆکەی ڤار لە سیاسەتدا، دەشێت زۆر لەوە فراوانتر بێت کە تەنها لە میکانیزمێکی چاودێریدا ببیندرێتەوە. ئەمە رێبازێکە بەرەو دامەزراندنی کۆمەڵگەیەک کە تێیدا دیالۆگی ئازاد و دادپەروەری کۆمەڵایەتی وەک دوو بنەمای سەرەکی، هەم ئامڕاز و هەم ئامانجی پرۆسەی دیموکراسی پێکدەهێنن. تەنها لەم رێگەیەوە دەتوانین کۆمەڵگەیەکی عەقڵانی و دوور لە هەموو جۆرە هەژموونێک بنیات بنێین، کە تێیدا هەموو مرۆڤەکان وەک بەشداربووی یەکسانی پرۆسەی سیاسی خۆیان دەبیننەوە.
دانانی پلانی پتەو کۆمەڵگەکان پێشدەخات