ئایینی ئیسلام و بەرپەرچدانەوەی ئایدیاکانی تر

10:17 - 2025-07-01
هیوا محەمەد
93 خوێندراوەتەوە

لای هەڵگرانی ئایینی ئیسلام بەتایبەتی، کاریگەریی ئەو بیروباوەڕە ئایینییە زۆرە لەسەریان لەکاتی تێروانینیان بۆ ئایدیایەک یان ئایینێکی تر.
لە بڵاوبوونەوەی بیری کۆمۆنیستی (مارکسیزم- لینینیزم)، نەیارانی ئەم ئایدیایە لەڕیگەی ئایینەوە هەوڵی پووچەڵکردنەوەی ئایدیاکەیان دەدا، باشترین و ئاسانترین بەڵگەیەک بۆ ئەوان واتا (سەرمایەداران، بورژوازییەکان، ناسیونالیستەکان، دەرەبەگ و لقەکانی) ئەوە بوو کە دەیانووت کۆمۆنیستەکان کافرن و باوەڕیان بەخودا نییە، ئەمەش بەس بوو بۆ هەڵگرانی ئایینی ئیسلام کە بێ یەک و دوو رەتی بکەنەوە، تەنانەت ئەمە روویداوە کە ماڵێکی مسوڵمان دراوسێی ماڵێکی هەڵگری بیری کۆمۆنیستی بوون، خواردنی ئەوانیان نەخواردووە، چونکە بە کافریان زانیون.
ساڵی 1975 لەگەڵ هاوڕێیەکم لە قوتابخانە قسەمان دەکرد، لەباسی شیوعییەکاندا، وتی: باوکم دەڵێت «ئەوان کچ و خوشکی خۆیان لە خۆیان مارەدەکەن»، لام سەیر بوو، چونکە زۆرێکم لە خێزانە شیوعییەکان دەناسی و شتی وام لێیان نەدی بوو، وتم: چۆن؟ شتی وانییە؟ وتی: با ئەوە نییە لینین دەڵێت هەرچیت چاند بەرهەمەکەی بۆ خۆت بێت!.
ئەمە بەشێک بوو لەو پڕۆپاگەندانەی بەرەی دژە کۆمۆنیستی لەناو مسوڵماناندا دەیانکرد بە ئامانجی ئەوەی ئەم ئایدیایە لاواز بکەن و رێگریی لە بڵاوبوونەوەی بکەن، دەنا دەیانزانی کە شیوعییەکان پابەندی نەریت و کەلتوری نەتەوەکەیانن و ئەوەش کە لای سەرمایەداری و وڵاتانی دیکەی پێشکەوتووی غەیرە مسوڵمان روودەدات لە لادانی ئەخلاقی، لای کۆمەڵگەی ئێمە نییە، بە هەموو ئایدیاکانییەوە.

کۆمەڵەی رەنجدەرانیش  مارکسیی لینینی بوو
سەرەتای دروستبوونی کۆمەڵەی رەنجەدەران، کە دواتر بوونە بەشێکی سەرەکیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جوانترین رەوشتیان لەناو دێهاتەکاندا بەکاردەهێنا لە مامەڵەکردنیاندا لەگەڵ خەڵک (ئەمە لە کاتێکدا کە هەڵگری بیروباوەڕی مارکسیی- لینینی) بوون.

لە بڵاوبوونەوەی بیری کۆمۆنیستی ( مارکسیزم- لینینیزم)، نەیارانی ئەم ئایدیایە لەڕیگەی ئایینەوە هەوڵی پووچەڵکردنەوەی ئایدیاکەیان دەدا

فەسادییەکانی ماڵی شا
هەموان دەزانین کە چ فەسادییەکی کۆمەڵایەتی لەناو بنەماڵەی شای ئێراندا روویداوە؟ دەزانین بە چ شێوازێک شەوگارەکان لە کۆشکەکانی ئەودا بەسەر براوە، کەچی لە دژایەتریکردنی کۆمۆنیستەکانی ئەوێ (تودەییەکان) دەگەڕایەوە بۆ بەرەی ئایین و مسوڵمان بوون و خواپەرستی، ئیتر بەمە ئەوانەش کە قینیان لە شا و رژێمەکەی بوو، هێشتا لەبەرەی ئەودا دەوەستانەوە لە دژی کۆمۆنیستەکان کە گوایە( کافرن).
نموونەی ئەمە لەناو هەموو کۆمەڵگە مسوڵمانەکاندا هەیە، هەریەک بەجۆرێک، ئەگەر لە هەر وڵاتێکیشدا وەک یەمەن و ئەفغانستان، رژێمێکی نزیک لە قەڵای سۆشیالیستی (یەکێتی سۆڤیەت)وە نزیک بووبێت، ئەوا بە زەبری زۆر بووە و کۆمەڵگەکە ئەوەی لاپەسەند نەبووە، نە تێیدا تواوەتەوە نە کاریگەرییەکی هێندە زۆری  هەبووە لەسەری کە لە مسوڵمانێتییەکەی دووریخاتەوە، هەر لەبەر ئەمەش بووە زۆری نەخایاندووە. ئایا ئەفغانستانی قاعیدە و تالیبان لەوە دەچێت چەند ساڵێک لەژێر سیستمێکی کۆمۆنیستیدا برابێت بەڕێوە؟ 
ئایا پێدەچێت ئەم یەمەنی خوارووەی ئێستا کە حوسییەکان (گروپێکی مسوڵمانی هەڵگری مەزهەبی شیعە) سەرپەرشتی دەکەن، رۆژێک لە رۆژان و بۆ چەند ساڵێک لەژێر حکومڕانیی رژێمێکی کۆمۆنیستیدا بووبن؟ بێگومان نەخێر.
تەنانەت هەڵگرانی بیری کۆمۆنیستی لەناو کۆمەڵگە خۆرهەڵاتی و ئیسلامییەکانیشدا، هیشتا کاریگەریی ئایینیان لەڕێگەی خێزانەوە لەسەرە و ناتوانن وەک کۆمۆنیستێکی تەواو رەفتار بکەن، زۆرن ئەوانەی لە حزبە کۆمۆنیستەکاندا کار دەکەن و پەیڕەوی ئایینی ئیسلامیشن!.

رەنگدانەوەی کاریگەرییەکان لە جەنگی ئیسرائیل و ئێراندا
دوو ساڵ بەر لە ئێستا، رووداوی مردنی کچێک بەناوی مەهسا ئەمینی (بە هۆکاری نادیاری ئاڵۆز) لای هێزە ئەمنییەکانی تاران، بووە هۆکاری تێکدانی دۆخی ئێران لەسەرتاسەری وڵاتدا، لای هەموو نەتەوەکان و ئایینەکان، حکومەتی ئێران زۆر بە زەحمەت توانی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات، چونکە نەیارانی ئێران لەوکاتەدا دەستوەردانیان کرد و دنەی خەڵکیان دەدا لەڕێگەی میدیاکانەوە، تەنانەت ئەمریکا هەوڵی دابینکردنی تۆڕی ئینتەرنێتی  تایبەتی بۆ دەدان لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوانیش دەیان ویست ئەو حکومەتە بڕوخێت!. لەدوای ئەم رووداوانەوە، زۆرێک لە چاودێرە سیاسییەکان پێیان وابوو کە خەڵکی ئێران بە گشتی لەگەڵ مانەوەی ئەو کۆمارە ئیسلامییەدا نین، بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە رۆژی (13/6) شەقامی ئێرانی تووڕە کرد لە ئیسرائیل، خێرا کاریگەرییە ئایینییەکە هاتە پێش و رەنگدانەوەی خۆی لەسەر دیدی خەڵک دروستکرد.
لە گرتە ڤیدیۆیەکدا ژنێک رووی دەمی لە حکومەتی ئێرانە و هاوار دەکات و دەڵێت: دەزانم لەبەر ئەوەی من سەرپۆشەکەم فڕێداوە، ئێوە قینتان لە منە، بەڵام دڵنیا بن من پشتیگریی ئێوە دەکەم لەبەرامبەر ئەو هێرشە دڕندانەیەی ئیسرائیل دەیکاتە سەر وڵاتەکەمان، ئەمە لە دیدێکی ئایینییەوە دێت نەک نیشتمانی، چونکە ئەو بە فڕێدانی سەرپۆشەکەی لە سەنگەری حکومڕانیی وڵاتەکەی هاتۆتە دەرەوە!.
وا چاوەڕوان دەکرا کورد لە ئێران، لەدوای ئەوەی ئیسرائیل لە زۆرێک لە خاڵە سەربازییەکانی ناو شارە کوردنشینەکانی دا، جموجۆڵ بکەن و کەشەکە تێک بدەن، بەڵام دیسان، ئەو ململانێ توندەی لە نێوان ئەهلی سوننە و شیعەی باڵادەستدا هەبوو، بەوەی کە ئیسرائیل جوولەکەیە و ئەمان ئیسلام، زاڵ بوو بەسەر ململانێ مەزهەبییەکەی ئەماندا و نەک هەر جووڵەیەکمان لە دژی حکومەتی ئێران نەدیت، بەڵکو هەوڵی پاراستنی ئارامییش دراوە لەلایەن زۆرێک لە ئیمام جومعە و کەسایەتییەکانی شارە کوردەکانەوە، یەک لەوان وتی: «ئەمڕۆ دەوڵەتی جوولەکە هێرش دەکاتە سەرمان و شیعە و سوننە وەک یەک دەکوژێت، ئیتر بۆچی ئێمەی مسوڵمان یەکڕیزیی خۆمان نەپارێزین؟» ئەمە ئەو جیاوازییە ئایینییەیە وادەکات، جیاوازییە مەزهەبییەکە بخرێتە لاوە!.


وتارەکانی نوسەر