سەرۆکی تورکیا دەڵێت: (بە دەستپێکی جێبەجێکردنی بڕیاری چەکدانانی پەکەکە، پرۆسەکە کەمێک زیاتر خێرایی بە خۆیەوە دەبینێت، بە نەمانی یەکجاریی چەک، خوێن و فرمێسک لە ناوماندا، دەرگایەکی نوێ و فراوان بە رووماندا دەکرێتەوە).
ئەمە وتەی کەسایەتییەکی سەر بە نەتەوەیەکی سەردەستەیە لەکاتی چوونە گفتوگۆوە لەگەڵ نەتەوەیەکی ژێر دەستە، وەک تورک و کورد.
لە تورکیادا هەر کێشەی کورد نییە
لە وتەکانی سەرۆکی تورکیادا کە لە ئازربایجان دەریبڕیوە، وا دەردەکەوێت کە دانانی چەکی پەکەکە( کۆتایی هاتن بە شەڕ) ئەو دەرگا پڕ لە ئاشتییە بکاتەوە و ئیتر شتێک بەناوی کێشەی سیاسی و ئەمنی لە وڵاتەکەیاندا نەمێنێت، ئەمە لە کاتێکدا کە دەیان کێشەی دیکەی ناوخۆیی (لەدەرەوەی کێشەی کورد) هەیە و لە سەرووشیانەوە کێشەی ئابوورییە کە دەکرێت مەترسیی گەورە بێت بۆ سەر تەواوی گەلانی تورکیا، بەڵام بە گریمانەیەک، ئەگەر کێشەی کورد لەو وڵاتە بچێتە پرۆسەیەکی ئاشتیی بەرنامە بۆ داڕێژراوەوە و دەستی ئەو لایەنە تێکدەرانە ببڕدرێت کە دەیانەوێت کۆسپ بخەنە رێی، ئەوا دەتوانین بڵێین کە ئاسۆیەکی روونی پڕ سوود بۆ هەموو گەلانی تورکیا چاوەڕوان دەکرێت.
ئەوەی لە وتەی سەرۆکی تورکیادا جێگەی سەرنجە، ئەوەیە کە بەرامبەر دانانی چەکی پەکەکە، روونی ناکاتەوە ئەو دەرگا نوێیە چۆن دەکرێتەوە؟ ئەوان چ هەنگاوێک دەنێن بۆ چارەسەری کێشەی کورد بە شێوەی پێویست؟ چونکە تائێستا هەر هەنگاوی چوونە پێشەوەی پەکەکە دەبینین بۆ پرۆسەی ئاشتی، لەدوای هەڵوەشاندنەوەی حزبەکەیان و کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری.
بەراستی ئاشتییان دەوێت؟
سەرەڕای کێشەکانی تر، گەورەترین کێشەی ئەمنی و سیاسیی لە تورکیا کێشەی لەگەڵ کوردە، کە لەسەر ئاستی جیهانیش ناسراوە و تەنانەت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی لە سوریا بە ناڕاستەوخۆ مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، هەر لەژێر گوشاری نێودەوڵەتیشدایە حکومەتی تورکیا ملی ناوە بۆ پرۆسەی ئاشتی( ئەگەر بەراستی بیانەوێت).
گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەش، بەتایبەتی لە سوریا کە سنوورێکی درێژی بە تورکیاوە هەیە، پێکهێنانی حکومەتێک کە وەک دەڵێن لەژێر کاریگەریی ئەمریکادایە و دوورە لە هەر ململانێ و ناکۆکییەک لەگەڵ ئیسرائیل، وادەکات کە ئەو بۆشاییەی لەسەردەمی ئەسەددا بۆ تورکیا خوڵقابوو، ئێستا نەمابێت، ئەمەش بەو واتایە دێت کە تورکیا کارتێکی بەهێزی لەدەستدا بێت.
پێشتریش لەدوای نەمانی رژێمی بەعسەوە، بۆشایی ئەمنی و سیاسیی لە هەرێمی کوردستان دروستبوو، بەجۆرێک کە تورکیا توانی بەشێکی بخاتە ژێر کاریگەریی ئەمنی و سیاسیی خۆیەوە، ئەویش بە بەکارهێنانی گوشاری ئابووری لەرێگەی دەروازەی نێوانیانەوە، بۆ هەرێمیش کە تازە دەکەوتە سەر رێچکەی بەڕێوەبردنی خۆی و دەستووری نوێ بۆ عیراق داڕێژرابوو، نەدەبوو نەچێتە ژێر باری پەیوەندییەکی باشەوە لەگەڵ وڵاتێکی وەک تورکیا کە سنووری بە هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەوروپاوە هەیە، واتا بە دیوێکی تردا بۆ هەرێم گرنگ بوو لەگەڵ تورکیا پەیوەندییە بازرگانییەکانی درێژە پێ بدات و پتەوی بکات، بەڵام بەهۆی ناکۆکی و شەڕی نێوان تورکیا پەکەکەوە، حکومەتی تورکیا توانی گوشار لەسەر هەرێم دروستبکات و زیاتر مەرجەکانی خۆی لەبەرژەوەندیی خۆیان بسەپێنێت.
نوێکردنەوەی ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆچی؟
دەمێکە بەهۆی کێشەی پەکەکە و تورکیاوە، هەرێمی کوردستان کێشەی بۆ دروست بووە و دەبێت، بەتایبەتی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری (واتا سنووری دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) بۆیە دەکرێت واچاوەڕوان بین کە هەرچی زووتر کۆتاییهێنان بە شەڕی پەکەکە لەگەڵ تورکیا و چوونە ناو پڕۆسەیەکی جددی ئاشتییانەوە، کاریگەریی باشی دەبێت لەسەر گەڕانەوەی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لە بەرژەوەندیی هەرێم بە گشتی و تورکیا، ئەگەرچی لەگەرمەی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەدا، رۆژی یەکشەممە 6-7 تورکیا بڕیاریدا تا سێ مانگی تر هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا رابگرێت بۆ فرۆکەخانەی سلێمانی، ئەمەش جێی پرسیار و رەخنەیە بۆ حکومەتی ئەو وڵاتە، چونکە سەرەتای چوونە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە لەهەر شوێنێک، هەنگاوەکان بە نیازپاکی دەستپێدەکەن، نەک بە نوێکردنەوەی سزاکان.
ئەگەرچی، ی.ن.ک لەسەرەتاوە و واتا لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال-وە، هەر هەوڵیداوە بۆ هێنانەدی ئاشتی لە نێوان کورد و حکومەتی تورکیادا، هیچ کاتیش لایەنگری شەڕ و بەردەوامبوونی نەبووە و سوودێکی لێ نەبینوە، نەک هەر ئەمە باجی سەختیشی داوە و دووچاری گرفت بۆتەوە، لە چوونە ناو پرۆسەی ئاشتییشدا، یەکێتی لەگەڵ هەوڵەکانی دەم پارتی بەشدار بووە و هاندەر بووە، ئێستاش دەبوو حکومەتی تورکیا وەک پیشاندانی نیازپاکیی، ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لابردایە نەک درێژی بکاتەوە.
چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا، دەبێتە هۆکاری زیاتر چەسپاندنی سەقامگیری و پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانی ناوچەکە، هەریەک لە سوریا، عیراق، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاش لەگەڵ ئەم وڵاتانە دەخاتە سەر رێچکەیەکی باشی دۆستانە لە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی ناوچەکە و رووی تورکیاش سوور دەکات لای ئەوروپا و دەکرێت کاریگەریی باشی هەبێت لەسەر جووڵاندنی کەیسی بە ئەندامبوونی ئەو وڵاتە لە یەکێتیی ئەووپادا، کە ساڵانێکە خەونی پێوە دەبینن، بەمەش لەوێ پێشکەوتنێکی بەرچاو دێتەدی و کایە سیاسییەکان رۆڵیان دەبێت لەسەر گۆڕینی رەوتی حوکمڕانی و پیادەکردنی سیستمی دیموکراسی.
پرۆسەی ئاشتیی زیاتر هاندەر دەبێت بۆ کرانەوەی شارە کوردنشینەکان بەرووی گەشتیاراندا