لە شارێکی فرەپێکهاتەیی نەتەوەیی و ئایینی وەک کەرکوکدا، بەڕێوەبردنی فەزای گشتی دەبێتە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و یاسایی. شارەکە سەر بە یەک گروپ نییە، بەڵکو سەر بە هەموو دانیشتووانەکەیەتی: عەرەب، کورد، تورکمانەکان و سریانی، موسڵمان و مەسیحی، سوننە و شیعە و ئەوانی تر.
بەڵام کاتێک گروپێکی سیاسی، نەتەوەیی، یان تائیفی هێماکانی خۆی بەسەر ئەوانی تردا دەسەپێنێت لەڕێگەی پەیکەر و وێنە و دروشمەکانیانەوە، شوێنی گشتی لە شوێنی پێکەوەژیانەوە دەگۆڕێت بۆ مەیدانی تەحەددا و ئیستفزازی.
ئەمە یەکەم هەنگاوە بەرەو فیتنە
سروشتییە گروپە نەتەوەیی یان ئایینییەکان شانازی بە هێما و سیمبولەکانیانەوە بکەن، بەڵام کاتێک ئەو هێمایانە لەشوێنی گشتیی هاوبەشدا دەسەپێنرێن، دەبێتە کردەوەیەکی شەڕانگێزی دژی ئەوانی دیکە.
لە شارێکی وەک کەرکوک دروست نییە شەقام بکرێتە پیشانگەیەکی سیاسی یان مەزهەبی. شارەکە سەر بە حزب و سەرکردە و مەزهەبێک نییە، بەڵکو شوێنێکی گشتییە کە دەبێت بێلایەن بمێنێتەوە بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیان هەست بە سەربەخۆیی بکەن.
جۆن راوڵز لە کتێبی «لیبرالیزمی سیاسی»دا دەڵێت: دادپەروەریی پێویستی بەوەیە کە یاساکانی بەڕێوەبردنی ژیانی هاوبەش بە شێوەیەک دابڕێژرێن کە هەموان قبووڵیان بێت، تەنانەت ئەگەر بیروباوەڕەکانیشیان جیاواز بێت.
جێبەجێکردنی ئەم پرەنسیپە لە کەرکوک واتا: دروست نییە وێنەی سەرکردە سیاسی و نەتەوەییەکانی سەر بەحزبێک یان نەتەوەیەک لە جادە و گۆڕەپانە گشتییەکانی شارەکەدا، نمایش بکرێن.
دانانی هێمای تائیفی یان ناسیۆنالیستی لەو شوێنانەی کە نوێنەرایەتی تەواوی کۆمەڵگە دەکەن دروست نییە.
دەستوور و یاساکان لە دەوڵەتە فرەنەتەوەییەکاندا، سەرنج دەخەنە سەر بێلایەنیی دەوڵەت، ئەمەش بە مانای بێلایەنیی شوێنی گشتییش دێت.
لە ماددەی (14)ی دەستووری عیراق خۆیدا هاتووە: «عیراقییەکان لەبەردەم یاسادا یەکسانن بەبێ جیاوازی لەسەر بنەمای رەگەز، نەتەوە، ئایین، یان مەزهەب».
لە ماددەی (9)ی دەستووردا هاتووە: «هێزە چەکدارەکان و خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان لەسەر بنەمای نیشتمانپەروەریی بنیات بنرێن و پێکهێنانی سەربازیی لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە قەدەغەیە».
بۆیە سەپاندنی هێمای سەربازی، تائیفی، یان نیشتمانی لە شارە تێکەڵاوەکاندا، پێشێلکردنی بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسانە، کە دەتوانێت ببێتە هۆی گرژی هەمیشەیی.
کەرکوک بەرگەی قۆرخکاری رەمزی ناگرێت
هەر مەزهەب و نەتەوەیەک رەمزی تایبەتی خۆی هەیە و مافی پاراستنی هەیە لە ماڵ و شوێنی پەرستن و بارەگا حزبییەکانی خۆیاندا، بەڵام کاتێک ئەم هێمایانە لە شەقام و بەڕێوەبەرایەتییە رەسمییەکان و شوێنە گشتییەکان، بەسەر کەسانی دیکەدا دەسەپێنرێن، ئەمە ئیستفزازکردنێکی ئاشکرایە.
لە شار دەبێت شوناسی هەمووان رەنگبداتەوە، نەک تەنها یەک لایەن، بۆیە چارەسەرەکە لەوەدایە: بێلایەنکردنی فەزای گشتی بە تەواوی: لابردنی ئەو پەیکەر و وێنە و دروشمانەی کە هەڵگری کاراکتەری ناسیۆنالیستی یان تائیفییە.
چالاککردنی رۆڵی یاسا لە رێکخستنی کایەی رەمزیدا: دەبێت رێنمایی رەسمی دەربکرێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە رەنگە چی لە شوێنی گشتیدا نمایش بکرێت، بەبێ گوێدانە هەستی سیاسی.
پێشخستنی کەلتوری پێکەوەژیان و ناسینی ئەویتر: لەڕێگەی بەرنامەی پەروەردەیی و میدیاییەوە کە جەخت لەسەر هاووڵاتیبوونی گشتگیر دەکەنەوە.لێرەدا چەند خاڵێک پێشنیاز دەکەم لەوانە: یاسایەک دەربکرێت کە بە تایبەتی شوێنە گشتییەکان لە شارەکان بەگشتی و شارە تێکەڵەکان بەتایبەتی، رێکبخات بۆ رێگریکردن لە گۆڕینی بۆ گۆڕەپانی ململانێی رەمزی. لیژنە ناوخۆییەکان پێکبهێنن کە نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوک لەخۆبگرن بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە. پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بەرەوپێشبردنی کەلتوری یەکێتی نەتەوەیی. هێماکان هەمیشە بێتاوان نین. لە شارێکی فرەچەشن ئەگەر خراپ بەکاربهێنرێن، دەتوانن ببنە مایەی ناتەبایی. هەرکەسێک بیەوێت ئاشتی لە عیراقدا بنیاتبنێت، پێویستە لە کەرکوکەوە دەستپێبکات و هەموو هێما و سیمبولەکانی شار بێلایەن بکات.