تورکیا هاوپەیمانێکی بزێو

09:56 - 2025-07-24
سۆران داودی .
109 خوێندراوەتەوە

زۆرجار دەوترێت کە ئەمریکا و خۆرئاوا “پێویستیان بە تورکیایە” تەنها لەبەرئەوەی شوێنی جیۆپۆلیتیکی وایلێکردووە ببێتە ناوەندی کێشەی ستراتیژی کە لە سنوورەکانی قرغیزستانەوە بەرەو خۆرهەڵات دەستپێدەکات تا سنوورەکانی بولگاریا و یۆنان، بە تێپەڕین بە ئاسیای ناوەڕاست و دەریای رەش، واتە چەقی خاڵی بە یەکگەیشتنی نێوان کاریگەرییەکانی روسیا و چین. 
ئەم قسەیە لەڕووی جوگرافی و سەربازییەوە راستە، بەڵام  وەک راستییەکی ستراتیژی جێگیر، بەبێ پێداچوونەوە بە سروشتی سیستمی سیاسیی حکومەتی تورکیادا، دەمانباتە سنووری ئەنجامێکی چەواشەکار.
روانینی  خۆرئاوا بۆ تورکیا تەنها لە گرنگی جوگرافیەکەیدا بەرجەستە نابێت، بەڵکو وابەستەی سیستمی سیاسی دامەزراوەکەیەتی، ئەنقەرەی هاوپەیمان، ئەو ئەنقەرەیە نییە کە سەربەخۆ بێت دوور لە بڕیاری خۆرئاوا و تورکیایەک لە ستراتیژی ئاتلانتیکدا سوودی دەبێت کە لە چوارچێوەی بۆچوونەکانی خۆرئاوادا هەڵسوکەوت بکات، نەک ئەو تورکیایەی کە مانۆر لە نێوان مۆسکۆ و واشنتۆندا و  ئاماژەش بە کارتی پەکین بکات و کاتێکیش خۆی بە دۆستی ناتۆ بداتە قەڵەم.
ئەوەی دوورە لە بیرکردنەوەی زۆربەی خەڵکی کە واشنتۆن و پایتەختەکانی ئەوروپا تەنها بەدوای دەوڵەتانی هاوپەیماندا ناگەڕێن، بەڵکو لە راستیدا  ئەمان بەدوای ئەو وڵاتانەدا دەگەڕێن کە  سیستمی سیاسییان لەگەڵ بینینی خۆیان  بۆ جیهان هاوتەریبە. 
خۆرئاوا لە پێگەی جوگرافی تورکیا ناترسێت، بەڵکو لە نیازەکانی بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ستراتیژییەکانی دەترسێت کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بیکات، هەندێکجار قۆستنەوەی دەرفەتەکانیش رەنگدانەوەیەکی ویستەکانیەتی بۆ سوودوەرگرتن لە  ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان نەک لایەنگری نەگۆڕی لایەنێک.
تورکیای ئەمڕۆ بۆ خۆرئاوا وڵاتێک نییە کە لە ریزبەندی دەرچووبێت، بەڵکو وڵاتێکی نێو رێزبەندییەکەیە، بەڵام بە هەڵسوکەوتێکی جیاواز و دەرەوەی ریزبەندییەکەی ئەوان. ئەمەش هۆکاری دروستبوونی  ئاڵۆزییەکی  ستراتیژییە. 
ئایا  تورکیا وەک هاوپەیمانێکی ئاژاوەگێر لە قەڵەم دەدرێت، یان وەک رکابەرێکی  بەزۆر لکێنراو بە خۆرئاواوە؟
ئەولەویەتی خۆرئاوا تەنها پاراستنی تورکیا نییە، وەک هێزێکی ئیقلیمی، بەڵکو بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەم هێزە پابەندی  سیاسەتی  ئەو سیستمە جیهانییە بێت کە واشنتۆن رابەرایەتی دەکات. 
ئەمەش دووبارەبوونەوەی ئەو تەنگەژەیە رووندەکاتەوە کە  لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و خۆرئاوادا دێتەئاراوە، بەتایبەتی کاتێک تورکیا لە رێککەوتنی رێسا و یاساکانی یارییەکە دەردەچێت، وەک کڕینی مووشەکەکانی “ئێس-400” لە مۆسکۆ، پاشان داوای فڕۆکەی “ئێف-16” لە واشنتۆن دەکات و ئاماژە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ چین دەکات، لە کاتێکدا هێزەکانی لە بنکەکانی ناتۆ بڵاودەکاتەوە.
لەبەرئەوە، ناکرێت لە مەودایەکی نزیکدا چاوەڕوانی پەیوەندییەکی جێگیر و ئەرێنی لە نێوان تورکیا و رۆژئاوادا بکرێت، بۆیە  بەردەوام بە وریاییەوە درێژە بە پەیوەندییەکان دەدات و ئەوەی هانیدەدات، تەنها پێگەی جوگرافی تورکیا نییە، بەڵکو شێوازی سیستمی سیاسی و هەڵسوکەوتی سەرکردایەتی تورکیا و چۆنێتی مامەڵەکردنیەتی سەبارەت بە پرسە  گەورەکان.
هەرکەسێک کە پشت بە تورکیا دەبەستێت وەک یاریزانێکی ئیقلیمیی بڕیاردەر، پێویستە لەم هاوکێشە تایبەتەی خۆرئاوا تێبگات کە بەڕوونی دەڵێت: سیستمێکی سیاسیی گوێڕایەڵم بدەرێ، پێگەیەکی نێودەوڵەتیی جێگیرت پێ دەبەخشم!. 

وتارەکانی نوسەر