کورد و دروز لە سوریا، بەرەو کوێ؟

09:43 - 2025-07-27
عوسمان ساوجی
92 خوێندراوەتەوە

هەڵچوونی رق و تووڕەیی چەکدارانی ناوخۆیی و بیانی لە سوریا دژی دروز و عەلەوییەکان، پەیوەندیی بە تۆڵەسەندنەوەی تائیفیەوە نییە وەک ئەوەی هەندێک پاساوی بۆ دەهێننەوە گوایە لەسەردەمی رژێمی ئەسەددا، ئەمانە ستەمیان لە پێکهاتەی سوننە کردووە، بەڵکو دەرەنجامی ئەو جۆشدانەیە کە لەلایەن سەدان بانگخوازی سیاسیی ئاوێتە بە ئایین، رۆژانە زاخاوی دەروونی نائارامی ئەو چەکدارانەی پێدەدەن.
چەکدارەکان کە بە هۆکاری چەوساندنەوەی ئایینی یان فریودانەوە کەوتوونەتە تەپکەی ئەو گروپە چەکدارانەوە و دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ ناو کەسوکار و وڵاتی خۆیان لە دەستچووە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دەروونییەیان، تەنها هاندانێک بەسە، ئەگەر ئەمەش بە ئایین پاساو بدرێتەوە، ئیتر ئەوان هیچ بەربەستێکیان نامێنی بۆئەوەی بەهەموو توانای خۆیانەوە پەڕگیری بەرامبەر نەیارەکانیان بکەن. 
ئەوەی لە سوەیدا روویدا، رەنگە دروزەکانیش رەفتاری نادروست و توندوتیژییان بەرامبەر پێکهاتەی سوننە کردبێت، بەڵام ئەو جۆشەی لە رووخسار و گوفتار و رەفتاری هێرشبەرە بیانی و دەشتەکییەکانی سوریادا بەرامبەر سوەیدا دەبینرا، نموونەی کەمە، ئەوان زۆر لە دوژمنێک زیاتر تامەزرۆی سووکایەتی و ئەتککردن و تاڵانکردن و کوشتنی دروزەکان بوون. 
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو، لەکاتێکدا ئەم چەکدارانە هیچ هەڵوێستێکیان بەرامبەر هاتنە ناوەوەی سوپای ئیسرائیل نییە، بۆچی بە پاساوی هاوپەیمانی لەگەڵ جوو، دەیانەوێت دروز کۆمەڵکوژ بکەن؟ 
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەم چەکدارانە کە تێکەڵە لە ناوخۆیی و بیانی، بەرامبەر بە کورد، جێگەی مەترسین، ئەوان کاتێک دوو ئاگریان لە ماڵی دروزەکان بەرزدەکردەوە، هەڕەشەی سووتاندنی موڵک و ماڵی کوردیان دەکرد، لەبیری ئەواندا هێشتا کورد لە سوریادا هاووڵاتی تەواو نییە و لە قاڵبدانیان بۆ ئەوان، ئەرکێکە لەسەر کات وەستاوە و هەر کە  دەرفەت رەخسا، دواخستنی دەبێتە گوناهێکی گەورە، لەبەرئەوە پێویستە ئەزموونی سوەیدا وەک پێشبینییەکی راستەقینە بۆ داهاتووی رۆژئاوای کوردستان سەیربکرێت، ئەگەر هێز و توانایەکیان هەبێت. بەتایبەتی لەو رووەوە مەترسییەکە گەورەتر دەردەکەوێت کە دروزەکان پاڵپشتییەکی راستەوخۆی  سەربازییان هەبوو، بەڵام کورد جگە لەهێزی خۆی، هیچ پاڵپشتییەکی تری گەرەنتی کراوی نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە چەند نەیارێکی مەترسیداری هەیە کە هیچ کاتێک دەستیان لەدژایەتی کورد هەڵنەگرتووە. 
ئاماژەکردن بە مەترسیی ئەم گروپانە بەواتای ئەوە نییە کە هێزی کورد بە کەم سەیربکرێت، بەتایبەتی کە کچ و کوڕە شەڕڤانەکان لەوپەڕی بێ ئومێدی و بێ پشتیوانیدا بە هاوکاریی پێشمەرگە ئومێدیان دروستکرد، بەڵام هێشتاش گرتنەبەری هەر رێکارێک بۆ خۆپارێزی لەبەڵای ئەم چەکدارانە گرنگە، چونکە شەڕی ئەوان تایبەت نییە تەنها بەهێزی چەکداری کوردییەوە، بەڵکو شەڕی سەرتاسەری دەبێت دژ بە  خەڵک و خاکی کوردستان، وەک ئەوەی پێشتر لە عەفرین و سەرێکانی بینرا، بەتایبەتی کە بەکارهێنانیان لەلایەک تا دواڕادە لەبەرژەوەندیی دیمەشقە، چونکە ئەوەی بەدەستیدەهێنن ئەو دەسەڵاتە بەهێز دەکات و لەلایەکی تریش ئەگەر لاوازیش ببن، باری سەرشانی دیمەشق سووک دەبێت کە گوشارێکی زۆری لەسەرە بۆ دوورخستنەوەی سەرجەم چەکدارە بیانییەکان.

وتارەکانی نوسەر