دروز و کورد و عەلەوی

توندوتیژیی سوریا گەیشتە تاراوگە

10:20 - 2025-08-03
بورهان ئەمین
170 خوێندراوەتەوە


لە 2011 بەدواوە و لە ساڵانی سەرەتای شۆڕش و راپەڕینی خەڵکی سوریا، هەستێکی بەهێزی خەباتی هاوبەش هەبوو لەنێوان نەتەوە و مەزهەب و ئایینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سوریادا، بە دەگمەن جیاوازییەکانی  سوننە، عەلەوی، مەسیحی، یان عەرەب و کورد باس دەکرا، ئەوان ئەگەرچی دیدیان جیابوو، بەڵام  لە دژایەتیکردنی دیکتاتۆریەت و بەدەستهێنانی ئازادی و رووخاندنی رژێمی ئەسەد یەکگرتوو بوون، بەڵام هاتنی حکومەتی نوێی سوریا، درزێکی گەورەی لەنێوان ئەو پێکهاتانەدا دروستکرد، بەوەی سەرەتا لە دژی عەلەوییەکان و دواتر کارەساتیان بەسەر دروزەکاندا هێنا، هەڕەشە و گوڕەشە و چاوسورکردنەوەکانیان لە رۆژئاوا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش، رۆژانی رەشی داعشیان بە بیر کورددا هێنایەوە، بۆیە هەمووان چاوکراوەتر لە جاران مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان دەکەن و ویستی هەیمەنەی ئەو تاقمە نوێیە رەتدەکەنەوە، ئەو ریتمە تازەیەی حکومەتی شەرع و دارودەستەکەی لەناو رەوەندی سوری رەنگی داوەتەوە و بەچاوێکی پڕ لە رق و کینە و دووبەرەکی سەیری یەکتر دەکەن. لە چەند رۆژی رابردوودا لە شاری دوسلدۆرف، کاتێک دەیان چالاکوان و رەوەندی کورد رێپێوانێکی هێمنانەیان سازکرد، بۆ پشتیوانی لە دۆزی رەوای کورد لە سوریا، گروپێکی تری  خۆپیشاندەری سەر بە حکومەتی شەرع رووبەڕوویان بوونەوە و لە دوای ئیستفزازی زارەکی بەرامبەریان، شەڕ و ئاژاوە روویدا و بە بەرد و شووشە کەوتنە گیانی یەکتر و ژمارەیەک کەس لە هەردوولا برینداربوون، هەروەها لەم رۆژانەی رابردووشدا لە بەرلین ژمارەیەک چالاکوانی عەرەبی سوری لە خۆپیشاندانێکیاندا لەژێر پەردەی پشتیوانی فەلەستینەوە، دروشمی دژ بە دروز و کوردیان رادێرا و ستایشی حکومەتی نوێی سوریایان دەکرد نەک گەلانی سوریا.
 ئەمانە نموونەی لێکترازانی نەتەوەکانی ناو ئەو وڵاتەن، کە هەریەکەیان هێندەی مێژوو  قەبارەی خۆی خەباتی بێوچانی بۆ ئازادی و سەربەستی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی کردووە، ئێستاش هەرگیز قبوڵ ناکەن کە قارەمان و کاراکتەرەکانی دوێنێ و تیرۆر، مافی ئازادی و بەرهەمی خەباتیان لێ بسەننەوە، ئەو رووداوە بچوکانە زادەی بیر و هەستی ناسیۆنالیستی عەرەبی و ئیسلامی رادیکاڵە کە دەیەوێت بە زوڵم و توندوتیژی، نەتەوەکانی تر بخاتە ژێر دەسەڵات و رکێفی خۆیەوە، ئەوەی دۆسلدۆرف و بەرلین و وڵاتانی تریش، درێژکراوەی سیاسەتی تاکڕەویی و بێمنەتیی ئەو گروپەیە کە دەیەوێت وڵات تەنها بۆ خۆی بێت.
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا هەرزوو لەسەر ئەم  رووداوانە هاتنەدەنگ، بەرپرسێکی باڵای بەرلین هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو سورییانەی کرد کە ئاژاوە و دووبەرەکی لەناو نەتەوەکانی ئەڵمانیادا دروست دەکەن، بۆیە چاوسوورکردنەوەکانی دار و دەستە و سێبەرەکانی حکومەتی سوریا، لەترسی دیپۆرتکردنەوەیان، هێوربوونەوە و چالاکییەکانیان وەستاند.

وتارەکانی نوسەر