قسەی رق و کینە لە سۆشیال میدیادا بۆتە دیاردە، بەبێ ئەوەی هیچ دەزگایەک چاوەدێریی رەوشەکە بکات، ململانێکان ئاڵۆزتر و جنێوەکانیش زەقتر بوون
سۆشیال میدیا، جیهانی بچووک کردۆتەوە و وەک باڵاترین ئامرازی کاریگەری کۆمەڵایەتی سەریهەڵداوە و گۆڕان و کاریگەریی داینامیکی لەسەر تاک و کۆمەڵگە دروست کردووە، لە تەندروستیی دەروونی و ئازادیی رادەربڕینەوە تا چۆنێتی داڕشتنەوەی ناسنامەی تاک و کۆمەڵگە و کاریگەریی لەسەر رای گشتی جەماوەر.
ئازادیی زیاتری بۆ تاک خوڵقاند
بەر لە پەیدابوونی ئەم جۆرە میدیایە، بەدەستهێنانی زانیاری تەنها لە رێگەی کەناڵە رەسمییەکان و دەزگا میدیا کلاسیکییەکانەوە بوو، رۆژنامەکان درەنگتر لە رادیۆ و تەلەفزیۆن رووداوەکانیان دەگەیاند کە دەشگەیشت بە ئارەزووی سپۆنسەرەکان و بەپێی بەرژەوەندیی تاقمێک یان گروپێکی ناڕەسمی یان حکومی بڵاودەکرانەوە، بەڵام سۆشیال میدیا ئەو بەربەستانەی لابرد و دەستخستنی زانیاری بەپەلە و بەبێ سانسۆری بۆ هەموان دەستەبەرکرد، دواتر ئەو ئازادییەی بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە بەدەستهێنا کە هەرگیز پێشتر رووینەدابوو، ئەو کۆت و بەندەی پچڕاند کە جاران لەسەر ئازادیی بیروڕا هەبوو لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا و بەتایبەتیش حکومەتە عەرەبی و خۆرهەڵاتییەکان، بگرە بەجۆرێک کاری کردە سەر رای گشتی کە بوو بە داینەمۆی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی لە هەندێک وڵات.
جاران پەیوەندیی سنووردار لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵدا تا رادەیەکی زۆر پشتی بە دیداری رووبەڕوو، نامەی نووسراو، یان پەیوەندیی تەلەفۆنی بەستبوو، ئەمەش بڵاوبوونەوەی زانیاری یان هەواڵی سنووردار دەکرد، هۆکارەکانی پەیوەندیکردن کەم و تێچووەکەشی زۆربوو، بەڵام لە سایەی سۆشیال میدیاوە هەموو کەسێک بۆی هەیە کەناڵێکی تایبەتی بەخۆی هەبێت و بە ئازادی بیروڕای خۆی تێدا بڵاوبکاتەوە، کاریگەریی خۆی بنوێنێ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بە لایک و کۆمێنت و پۆست و ڤیدیۆ رێکبخات، کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی ریشەییە لە هۆکارەکانی پەیوەندیدا، جگە لەوەش چێژێکی تری میدیایی بۆ بەکارهێنەر دابینکرد کە پێشتر نەبووە.
سۆشیال میدیای کوردی
بۆ پلاتفۆرمەکانی سۆسیال میدیای کوردییش، هەمان شێوە ئەوەی سەرەوە راستییە و لە زۆر بواردا ئەو جۆرە میدیایە هۆکارێکی گەورە بووە لە گۆرانکارییەکان و بەخشینی زانیاری بە خەڵک، بەڵام دەبێت باسی لایەنە خراپەکەشی بکەین کە زۆر جاران لەو کەناڵانە زۆر بابەتی پسپۆڕی و زانستی لەلایەن کەسانی ناشارەزاوە باس دەکرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی شێواندنی راستییەکان و تێنەگەیشتن کە ناتوانرێت وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی دیاردە ئاڵۆزەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، یان کەلتوری پشتی پێ ببەسترێت، لەوەش تێدەپەڕێت و هەندێک جار دەبێتە هۆی چەواشەکاری، چونکە کەناڵەکان بوونەتە فەزایەکی کراوە لە هەموانەوە بۆ هەمووان، رۆژانە لێشاوێک زانیاری و بۆچوون و گرتە ڤیدیۆیی بەبێ فلتەر و کۆنترۆڵ و لێپێچینەوە بڵاودەبنەوە کە زۆرجاران دەچنە قاڵبی درۆ و فرت و فێل و بەلاڕێدابرنی خەڵك، بەداخەوە بەهۆی سەرقاڵیی کەسانی خوێندەوار و نوخبە و نەبوونی کات، بەشێک لە کاراکتەرە ناودارەکانی سۆسیال میدیای کوردی خەڵکانی نەخوێندەوارن، لەگەڵ ئەوەش رەواجی زۆریان هەیە و بوونەتە پاڵەوانەکانی کۆمەڵگە و رۆژانە پۆست و ڤیدیۆی ئاست نزم دادەبەزێنن کە ئاساییە ئەگەر بۆ خۆیان و هاوڕێکانیان بێت، بەڵام کاتێک بە ئامۆژگاریی خراپ و زانیاریی هەڵە و بێبنەما، کۆمەڵگە بەلاڕێدا دەبەن، ئەمە دەچێتە خانەی تاوانەوە، چونکە گوناهە نەوەیەک لەسەردەستی گروپێکی کاڵفام گۆش بکرێت.
رۆژانە لەو کەناڵانەدا کەسانێک دەبینین کە لەناو کۆمەڵگە بە بەدرەوشت ناوزەندکراون، کەچی دەرسی رەوشت بە هاوڕێکانیان دەڵێنەوە، کەسانی گەندەڵ دێن وانەی دڵسۆزیی وەفا و دەستپاکی دەڵێنەوە، وڵات فرۆشان نیشتیمانپەروەریی بە خەڵکی تر دەفرۆشنەوە، هەزاران کەسیش دەستخۆشییان لێدەکەن و وایان لێدێت بەناوبانگ دەبن و لە کەناڵە میدیاییەکانەوە دیداریان لەگەڵ دەکرێن و راوبۆچوون و حیکمەتەکانیان بڵاودەکرێتەوە.
وەنەبێ خەڵکانێک نەبن سەرنجی باشیان نەبێت لەسەر ئەمانە، بەڵام کە رووداوێک دەقەومێ، یان گۆڕانکارییەکی ئیداری یان سیاسی روودەدات، زۆربەی ئەوانەی کە تێبینیان هەیە بە رق و جنێو و قسەی ناشیرین کۆمێنت دەنووسن، زانیاری هەڵە و قسەی رق و کینە لە سۆشیال میدیادا بۆتە دیاردە، بەبێ ئەوەی هیچ دەزگایەک چاوەدێریی رەوشەکە بکات، ململانێکان ئاڵۆزتر و جنێوەکانیش زەقتر بوون، تاکە لێپرسینەوە لەوانە دەکرێت کە رەخنە لەبەرپرسانی دەستڕۆیشتوو دەگرن و نهێنییەکانیان بڵاودەکەنەوە، واتە بۆ مەسەلە کۆمەڵایەتییەکان، خەڵک ئازادە هەرچی بیەوێت بیکات و بیڵێت و بڵاویبکاتەوە، جنێو بۆتە دیاردەیەکی زەق، ستایشی کارێکی خراپە بکەیت جنێو دەخۆی، باشیش بکەی هەر جنێو دەخۆی، لەنێوانی ئەو باش و خراپەیەدا خەڵک سەری لێتێکچووە، بۆیە زۆرجاران بەکارهێنەر تەنها چاودێری دەکات و بیروڕای خۆی دەرنابڕێت.
پەیج و ئەکاونتە فەیکەکان
مەترسییە گەورەکە لەوەدایە، لایەنی سیاسی و دەزگای باڵای وا هەیە بە پلان کار بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵکی دەکەن، بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشە و گرتە ڤیدیۆیی ناپەسەند و دروستکردنی پاڵەوانی سۆشیال میدیای هیچ و پووچ و پڕوپاگەندە و درۆکردن لەپێناوی بەرژەوەندیی تایبەتی تاقمێک لەرێی دروستکردن و سپۆنسەرکردنی پەیج و ئەکاونتی بێ ناونیشان و بێ دایک و باوکەوە، رۆژانە کار لەسەر هەست و نەستی بەکارهێنەران دەکەن و هەوادارانیان سەرخۆش دەکەن.
کەرتی سۆشیال میدیای فەیک، لەسەر قووت و ژیانی رۆژانەی خەڵکی بەڕێوەدەچێت و جگە لە زیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتوری، زیانی ماددیشی هەیە.
بەرپرسیارێتی لەئەستۆی کێدایە؟
لەژێر رۆشنایی ئەو بێسەروبەرییەدا، بەرپرسیارێتیەکی گەورە دەکەوێتە سەر خەڵکانی خوێندەوار و نوخبە و دەزگا پەیوەندیدارەکان، ئەو واقیعە نوێیە پێویستی بە پێداچوونەوەی رۆڵی سۆشیال میدیا هەیە لەناو کۆمەڵگەدا، دەزگا میدیاییە رەسمییەکان دەبێت ئەرکی هۆشیاری کۆمەڵگە جێبەجێبکەن، ئەویش لەئاگادارکردنەوەی بینەر و خوێنەرانیان لە رێگەی بەرنامە و وتار و رێنمایی و وۆرک شۆپەوە دێت بۆ پەروەردەکردنی بینەران، بۆ ناسینەوە و وەرگرتنی ئەو ماددە و پۆستانەی کە بە ناوەڕۆک و متمانە و کوالیتن، دایک و باوک و خێزانەکان دەبێت منداڵ و هەرزەکارەکان ئاگاداربکەنەوە کە پشت بە زانیاری کاراکتەرە چەواشەکارەکانی سۆشیال میدیا نەبەستن و کتێب و کەناڵە رەسمییەکان بکەنە هۆکاری بەدەستهێنانی زانیاری.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یەکتربینینی راستەوخۆی مرۆڤەکانی کەمکردۆتەوە