وابڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا دیدارێکی باڵا لەنێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و فلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا بەڕێوەبچێت، ئەو دیدارە چاوەڕوانکراوە بەبایەخەوە وەسفدەکرێت، میدیاکان لەوبارەیەوە پێشبینی و بەربەستەکان دەخەنەروو.
روسیا دان بەشکستدا نانێت
رۆژنامەی The New York Timeی ئەمریکایی ئاماژەی بەوەکردووە، لەدوای داگیرکردنی ئۆکرانیا، پوتین تاڕادەیەکی زۆر لەلایەن سەرکردەکانی ناتۆوە گۆشەگیر کراوە، هەمیشە رەتیان کردۆتەوە راستەوخۆ پەیوەندیی لەگەڵدا بکەن تا دواجار ترەمپ لە دوای دەستبەکاربوونی، گفتوگۆی تەلەفۆنی لەگەڵدا کرد، دیداری داهاتوو، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ترەمپ باوەڕێکی بەهێزی بەخۆی هەیە، کە توانای رازیکردنی پوتینی هەیە بۆ وەستاندنی جەنگەکە، بۆ پوتینیش رازی بوونەکە واتە سەرکەوتنە، رۆژنامەیDer Standard ی نەمساوی دەڵێت: ئەو کارتەی روسیا گوماناوییە و سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە کەوتووەتە ناو تەڵەی تاکتیکزانی بەئەزموونی کرێملنەوە، ترەمپ لەبری ئەوەی گوشار بخاتە سەر پوتین بۆ وەستاندنی جەنگەکە، دەیەوێت بەو دیدارە پاداشتی بداتەوە، دانیشتن لەسەر سەکۆی شانۆکەی پوتین و داخوازییەکان بۆ وەستاندنی جەنگ و پاشەکشە لە داواکارییەکان و داننان بە شکستی روسیا وەک وەهم وایە، بۆیە ئەو لووتکەیە وەک خەڵاتێکی سیاسی شایستە وایە بۆ پوتین.
پوتین و ترەمپ رێک دەکەون
رۆژنامەی Yeni safak تورکی گومانی هەیە، گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزا بۆسەر روسیا جێی سەرنجی کرێملن بێت، بەیاننامەکانی کۆبوونەوەی نێوان پوتین و ترەمپ، ئاماژە بەوە دەدەن، هەڕەشەکانی ترەمپ بۆسەر ئەو وڵاتانەی کە بازرگانیی نەوت لەگەڵ روسیا دەکەن ئەو دیدارەی لی هاتبێتە بەرهەم، بەڵام پێدەچێت پوتین زیاتر خاوکردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکای لا مەبەست بێت، نەک هەنگاونان بەرەو ئاگربەستێکی هەمیشەیی لەگەڵ ئۆکرانیادا.
Frankfurter Allgemeine ی ئەڵمانی دەنووسێت، ئامادەیی پوتین بۆ دیدار، زۆر دوورە لە داواکارییەکەی ترەمپ، چونکە مەحاڵە روسیا رازی بێت لە ماوەی 10 بۆ 12 رۆژدا کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، مرۆڤ نابێت چاوەڕوانی زۆر شت لە دیدارەکە بکات، پوتین تاکتیکی زۆری هەیە لە بەکارهێنانی ئەم جۆرە بۆنانەدا بە قازانجی خۆی، بەدەستهێنانی ئیمتیازات لەلایەنی بەرامبەر یان کڕینی کات بە مەبەست.
La Repubblica ی ئیتاڵی دەنووسێت، هەردووکیان یاساکان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەگونجێنن و درێغی ناکەن لە ئەنجامدانی یارییە مەترسیدارەکان، هەر ئەمەشە بۆتە هەوێنی دیدارەکە، هەردوو ئەو دوو پاڵەوانەی جیهان دەیانەوێت لە یەکتری ببەنەوە، سەرۆکی ئەمریکا پێویستی بە سەرکەوتنێکە لە ئۆکرانیا، بۆئەوەی پۆستەکەی خۆی بپارێزێ و ئەو بەڵێنانەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا دابووی بیانهێنیتە دی، سەرۆکی روسیاش دەیەوێت بە سەربەرزییەوە لەو جەنگە درێژخایەنە دەربچێت کە بە هێز پێی بەدی نایەت.
مژدەی وەستانی جەنگ
رۆژنامەی The Spectator بەریتانی دەڵێت: ئەوروپا بە تەواوی لەم دانوستانە پلان بۆداڕێژراوە پەراوێزخراوە، ترەمپ لەم دانوستانە راستەوخۆیەدا، وای دەبینێت کە لەسەر هەر شتێک لەگەڵ پوتین رێبکەوێت، ئیدی تەواو جیهان هەمووی پێی رازی دەبێت، زۆرێک لە ئۆکرانییەکانیش دەڵێن: ترەمپ مافی دانوستانی نییە لەسەر چارەنووسی ئێمە، رۆژنامەکە دەڵێت: داوای دیدارەکەی لەگەڵ پوتین، ترەمپ رەنگە رێگەیەکی خێرا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دابڕێژێت، بەلام ترسیش لەوە هەیە بەپێی مەرجەکانی پوتین بێت.