تەنها خوێندکاران لە کەوتنیان بەرپرسن؟

11:39 - 2025-08-03
سوعاد مەلا سەعید
79 خوێندراوەتەوە

رێژەی شکستهێنان و کەوتن لە تاقیکردنەوەکاندا دیاردەیەکی ئاڵۆزە چەندین هۆکاری هەیە، گرنگە تێبگەین کە ئەم رێژەی کەوتنە، تەنها رەنگدانەوەی توانای خوێندکار نییە لە تاقیکردنەوەکاندا، هەروەها ناشکرێت هەموو ئۆباڵی کەموکورتییەکان بخرێنە ئەستۆی خوێندکار بەتەنها، بەڵکو پەیوەندیی  بە چەندین هۆکاری ترەوە هەیە، لەوانە: شێوازی پێشکەشکردن و دانانی پرسیارەکان، ناوەڕۆکی پرسیارەکان، بارودۆخی خوێندن و ژینگەی هۆڵی تاقیکردنەوەکان. 
لەم بابەتەدا بە وردی لەم هۆکارانە دەکۆڵینەوە بۆئەوەی بزانین تا چەند بە تەنیا خوێندکار بەرپرسیارە لە شکست و کەوتن.
1/دانان و ئامادەکردنی پرسیار
شێوازی پێشکەشکردنی پرسیارەکان کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئەدای خوێندکار هەیە، بۆ نموونە:
روونیی پرسیار: ئەگەر پرسیارەکان ناڕوون یان ئاڵۆز بن، دەکرێت بۆ خوێندکار قورس بێت تێبگات، کە چی پێویستە لە کاتی وەڵامدانەوەدا، بەتایبەت بۆ ئەو خوێندکارانەی کە پێویستیان بە روونکردنەوە هەیە بۆ ئەوەی تێبگەن.
جۆراوجۆریی پرسیار: بەکارهێنانی جۆرە جیاوازەکانی پرسیار (وەک پرسیاری فرە هەڵبژاردن و پرسیاری کراوە) دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ هەڵسەنگاندنی باشتری تێگەیشتنی خوێندکار، ئەگەر پرسیارەکان بە پێی بۆ نموونە: هەڕەمی بلۆم پۆلێن بەندی نەکرابن و تەنها ئاستێکی خوێندکاران لە بەرچاو بگرن، بێگومان زۆرینەی خوێندکاران تێیدا شکست دەهێنن.
2/ ناوەڕۆکی پرسیار
ناوەڕۆکی پرسیارەکان دەبێت لەگەڵ مەنهەجەکەدا بگونجێت:
پەیوەندیدار بە ناوەڕۆک: ئەگەر پرسیارەکان لەوە زیاتر بن کە خوێندکاران فێرکراون، یاخود بەدەر بن لە مەنهەجی خوێندن، ئەمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەدای خوێندکار دەبێت بەتایبەت ئەگەر پێشتر خوێندکاران لەسەر ئەو جۆرە پرسیارانە رانەهێنرابن.
هاوسەنگی سەختیی: پێویستە پرسیارەکان لە نێوان ئاسان و مامناوەند و سەختدا دابەش بکرێن بۆ دڵنیابوون لە هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر، بۆئەوەی هەموو ئاستەکانی خوێندکاران بە دادپەروەریی فێربوونیان، بەشیان هەبێت لەوەڵامدانەوەی دروست.
3/ مەرجەکانی خوێندن
مەرجەکانی خوێندن رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە سەرکەوتنی خوێندکاردا:
کاتی تەرخانکراو بۆ خوێندن: توانای خوێندکار بۆ رێکخستنی کاتەکانی و ئامادەکارییەکی باش کاریگەری لەسەر ئەنجامەکانی دەبێت.
پشتیوانی ئەکادیمی: پاڵپشتی مامۆستا یان دایک و باوک دەتوانێت یارمەتی خوێندکار بدات بۆ تێپەڕاندنی سەختییەکانیان.
4/ ژینگەی هۆڵی تاقیکردنەوەکان
ژینگــــــەی هۆڵــــــی تاقیکــــــــــــردنەوەکـــان کاریگەرییەکـــی بەرچـــــاوی لەســــەر ئەدای خوێنـــدکــــاران هـــــەیە. دانــــانی مامۆستای چاودێریی بە ئەزموون و بەڕێوەبەری لێهاتوو کە هاوسەنگی هۆڵ بپارێزێت و بتوانێت قوتابی ئاسایی و دەرەکی بە یەکسانی دابەش بکات بەسەر کەرتەکان و هێمنی ناو هۆڵ بپارێزێت، کە دەبێت پێشتر خولیان بۆ بکرێتەوە لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هۆڵی تاقیکردنەوە.        بێدەنگی و تەرکیز: ژاوەژاو یان سەرقاڵکردن لە هۆڵی تاقیکردنەوەکان، کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەرکیزکردنی خوێندکار دەبێت.
ئامراز و کەرەستەی پێویست: دابینکردنی کەرەستەی پێویست، وەک قەڵەم و کاغەز، لەگەڵ شوێنی پێویست، بەشدارە لە ژینگەیەکی ئاسوودەی تاقیکردنەوە.
ژینگەی فیزیایی هۆڵ: دابینکردنی رووناکیی و گەرمی و ساردی بە پێی وەرز و کەشوهەوا بەشێکی گرنگی لایەنی دەروونی خوێندکار دەستەبەر دەکات، کە ئەگەر بەشێوەیەکی گونجاو نەبێت، شڵەژانی دەروونی دووچاری خوێندکاران دەکات لە تاقیکردنەوەکانیاندا.
ئەمانە و زۆر هۆکاری تر ئەو راستییەمان پێ دەڵێت: کەوتن و شکستهێنانی خوێندکاران تەنها  لە ئەستۆی ئەواندا نییە، بەڵکو زۆرجار ئەوان قوربانی بارودۆخەکەن و باجی قورس دەدەن لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، کە دەبنە جێگەی تەشهیر و شکاندن، لە رووی ئەدای ئەکادیمیشەوە، لە خوێندن دوادەکەون و زۆرجار تاڕادەی وازهێنان لە خوێندنیش، بۆیە گرنگە ئەوە بزانین، کە رێژەی شکستهێنان ناتوانرێت بە تەنها بە بەرپرسیارێتی خوێندکار هەژمار بکرێت، چەند هۆکارێک وەک: شێوازی پێشکەشکردنی پرسیارەکان، ناوەڕۆکی پرسیارەکان، بارودۆخی خوێندن و ژینگەی هۆڵی تاقیکردنەوەکان، ئەزموونی تاقیکردنەوەی خوێندکار لە قاڵب دەدەن. گرنگە دامەزراوە پەروەردەییەکان ئەم هۆکارانە لەبەرچاو بگرن و لەوە بکۆڵنەوە، ساڵانە هۆکاری شکستهێنانەکان چین و چارەسەر بکرێن یان هەر هیچ نەبێت کەمتر بکرێنەوە، بۆئەوەی ئەنجام و سەرکەوتنی باشتر بۆ سەرجەم خوێندکاران مسۆگەر بکەن.
* سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

پاڵپشتی مامۆستا یان دایک و باوک دەتوانێت یارمەتی خوێندکار بدات بۆ تێپەڕاندنی سەختییەکانیان

وتارەکانی نوسەر