پـــاســتیچ لــــە رۆمــــــاندا

10:42 - 2025-08-10
دیمەن عەبدوڵڵا
70 خوێندراوەتەوە

پاستیچ سوود وەرگرتنە لە ستایلەکانی رابردوو، لە بری ئەوەی سەرنجی لەسەر یەک دەنگی بێت، گرنگی بە دروستکردنی فۆرمێکی نوێ دەدات. نووسەر هەوڵدەدات سوود لە ستایلی نووسەرێکی دیکەی پێش خۆی وەربگرێت و داهێنانی تێدا بکات و رێکیبخات،  تا فۆرمێکی نوێ بە دەقەکە ببەخشێت


پاستیچ یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی ئەدەبی پۆستمۆدێرنە و گرێدانی چەندین ژانرە لە یەک ژانردا بە مەبەستی داهێنانی دەقێکی نوێ، یان لاسایی و خواستنی  ژانرە جیاوازەکانە، کە پێکهاتەیەکی تێکەڵ و جۆراوجۆرە لە چەندین ژانری ئەدەبی لەناو یەک ژانردا. بە واتایەکی دیکە، قەرزکردنی ژانرێکە یان چەند ژانرێکە و بەکارهێنانی لە ژانرێکی وەک رۆماندا. وشەکە لە وشەیەکی ئیتاڵی (pasticcio) وەرگیراوە، کە بە واتای پێکهاتە دێت. 
پاستیچ، وەک ئاماژەمان پێکرد کەرەستەیەکی گرنگی پێکهێنانی دەقی پۆستمۆدێرنەیە، بۆ دروستکردنی، دەتوانین سوود لە ژانرێکی وەک شیعر، چیرۆک، پەخشان، ئەفسانە... وەربگرین. پاستیچ، سوود وەرگرتنە لە ستایلەکانی رابردوو، لە بری ئەوەی سەرنجی لەسەر یەک دەنگی بێت، گرنگی بە دروستکردنی فۆرمێکی نوێ دەدات. نووسەر هەوڵدەدات سوود لە ستایلی نووسەرێکی دیکەی پێش خۆی وەربگرێت و داهێنانی تێدا بکات و رێکیبخات، کە فۆرمێکی نوێ بە دەقەکە ببەخشێت. هەر سەبارەت بە پاستیچ، فریدریک جەیمسۆن دەڵێت: ((پاستیچ تایبەتمەندییەکی کەلتوری پۆستمۆدێرنە)) بە پێی ئەم تێگەیشتنە، گرنگی دانە بە کەلتور، کە کەلتور بەشێکە لە رابردووی هەر میللەتێک، ئەو رابردووەی دەتواندرێت داهاتووی لەسەر بنیات بندرێت. فریدیک جەیمسۆن لە کتێبی پۆستمۆدێرنیزمدا دەڵێت: ((نووسەران و هونەرمەندانی سەردەمی ئێستا چیتر ناتوانن ستایل و جیهانی نوێ دابهێنن...تەنها ژمارەیەکی سنووردار نەبێت، مومکینە ناوازەترینیان پێشتر بیریان لێ کراوەتەوە)) بەپێی ئەم تێڕوانینە بێت، نووسەرانی پێشوو شتێکیان نەهێشتۆتەوە بۆ نووسەرانی ئەم سەردەمە بە رێژەیەکی سنووردار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نووسەرانی ئێستا بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی نووسەرانی کۆن، دەتوانن بە جوانترین و باشترین شێوە، داهێنان بکەن. کەواتە لە پاستیچدا دەکرێت سوود لە نووسەرانی رابردوو وەربگرین لە داڕشتنی دەقێکی ناوازە و داهێنەرانە.
پاستیچ تەنها لە ئەدەبدا بوونی نییە، بگرە لە بوارەکانی دیکەی وەک تەلەفزیۆن، دراما، موزیک... بوونی هەیە، بۆ نموونە لە میدیادا دەتواندرێت سوودی لی ببیندرێت بۆ داڕشتنی بەرنامە، بە سوود وەرگرتن لە بەرنامەی رابردوو، بەڵام بە ستایلێکی تازە و داهێنەرانە. 
رۆڵی پاستیچ لە رۆماندا گرنگە، چونکە دەیەوێت گۆڕانکاریی بکات و بابەتەکامان بۆ سەرنجڕاکێش بکات. لەهەمان کاتدا بەخشینی چێژە بە خوێنەر، چونکە لەسەر یەک شێواز بنیات نەنراوە، بەڵکو کۆکردنەوەی چەند ژانرێکە لە یەک ژانردا، ئەمەش وا دەکات خوێنەر هەست بە ماندووی و بێزاری نەکات لە خوێندنەوەدا، کە هەمیشە شتە دووبارەکان مرۆڤ بێزار دەکات. لە پاستیچدا شێوازی گێڕانەوە جۆراوجۆر دەکات، بۆ نموونە رۆماننووس هەوڵدەدات پەڕەگرافێک لە فۆرمی شیعردا بنووسێت یان لە فۆڕمی پەخشاندا یان هەر ژانرێکی دیکە بە مەبەستی چێژ. پاستیچ (رێزگرتنە لە بەرهەمەکانی پێشووتر، دووبارە دروستکردنەوەی قۆنا‌غە مێژووییەکان و تاقیکردنەوەی فۆرم و زمانە). کەواتە کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەیە لەسەر نوێگەری و تازەگەریی، بە سوود وەرگرتن لە بەرهەمەکانی پێشووتر و لەهەمان کاتدا گرنگیدانە بە زمان و فۆرمی تێکست، کەواتە وەک ئامرازێک کار دەکات بۆ دابینکردنی دەنگ و ستایلە جیاوازەکان.
پاستیچ لە ئەدەبیاتدا کار دەکات بۆ دووبارە دروستکردنەوەی قۆناغێکی مێژوویی دیاری یکراو، چونکە پشت بە رابردوو دەبەستێت هەمیشە گرنگییەکی ئەوتۆ بە بابەتە مێژووییەکان دەدات، بە مەبەستی زیندو هێشتنەوە و داهێنان لە دەقەکاندا. 

سەرچاوە:
1-Citation: MLA, pastiche/ literary theory and criticism class notes review: online https://www.library.fiveable.me 
2-Riyadh, Ansam, 2025, pastiche in modern and postmodern literary texts: A comparative analysis. https://www.researchgate.net 

وتارەکانی نوسەر